پەیامی لەیلا گوڤەن بۆ نەورۆز: ئێمە هەر سەردەکەوین

کوردستان

21/03/2019‌ 1136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەیلا گوڤەن کە لە دژی گۆشەگیری لە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ماوەی ١٣٤ ڕۆژە لە مانگرتن لە خواردندایە، بە بۆنەی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی ئامەد، پەیامێکی نارد و تێیدا ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە ئێمە سەردەکەوین.

لەیلا گوڤەن، کە بە ئامانجی شکاندنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ماوەی ١٣٤ ڕۆژە لە مانگرتندایە، پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ گەلی ئامەد نارد.

دەقی پەیامەکەی لەیلا گوڤەن بەمشێوەیەیە:

سڵاو ئامەد!

سڵاو پایتەختی بەرخۆدان!

سڵاو لە دایکانی گیانفیدا و گەنجانی قارەمان، من هەمووتان بە ڕۆحی بەرخۆدانی زیندان لە ئامێز دەگرم، گەلی ئێمەی خۆشەویست! نەورۆز دەستپێکردنی بەهارە، ژیانەوەی ئازادییە، نەورۆز لە زیندان هاواری مەزڵوومە، لە بورجی ئامەد گۆڤەندی زەکییەیە، لە دەرەوەی وڵات مەشخەڵی ڕوناهی و ڕەهشانە، ئێستا نەورۆزی مەزڵوومی سەردەم زولکوفی قارەمانە.

ئێستا ناوی نەورۆزی ٢٠١٩ زولکوف گەزەنە، هەڤاڵان، هەڤاڵ زولکوف شەهیدی مەیدانی بەرخۆدانە و بە رۆحی بەرخۆدان ڕێگامانی ڕووناک کردووەتەوە، منیش سەری ڕێز لە بەردەمی دادەنەوێنم.

گەلی ئێمەی قارەمان، سەرکەوتن زۆر نزیکە و وا بەهار هات، ئێمە لە ساڵی ٢٠١٩ گۆشەگیری تێکدەشکێنین و گەلەکەمان ئازاد دەکەین، با تەواوی جیهان بزانن، کە ئێمە ژیانێک لە ناو گۆشەگیری پەسەند ناکەین و نەورۆزی ٢٠١٩ دەکەینە بەرخۆدان بۆ کورد و کوردستان، هەر بەو ڕۆح و باوەڕییە سڵاوی خۆم دەنێرم و بە دڵ و گیان نەورۆز پیرۆز دەکەم، نەورۆز پیرۆز بێت و ئێمە هەر سەردەکەوین.

هـ ـ ب