خامنەیی: دامەزراوەی ئەتۆمیی سعودیە دەکەوێتە دەستی موجاهیدان

جیهان

21/03/2019‌ 1531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە وتارێکدا بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی ئێرانەوە، عەلی خامنەیی ڕابەری ئێران هێرشێکی توندی کردە سەر سەرکردە و وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوایی کرد و بە " وەحشی و دڕندە " ناوی بردن.


ئەمڕۆ پێنج‌شەممە خامنەیی لە بەردەم هەزاران هاووڵاتی ئێراندا لە مەشهەد وتی: ئێوە باوەڕ بەوە مەکەن کە سەرکردەکانی ئەوروپا چاکەت و پانتۆڵیان لە پێدایە و بۆینباخیان بەستووە. ئەوانە بە درێژایی مێژوو دوژمنی ئێران بوون و نا عەقڵانیانە هەڵسوکەوتیان کردووە. ئەوان دڕندەن.

خامنەیی جارێکی تر  بە توندی هێرشی کردە سەر سعودیە و وتی: لەم ناوچەیەی ئێمەدا، هیچ وڵاتێک نییە بە ئەندازەی سعودیە و سەرانی ئەو وڵاتە گەندەڵ و فاسد و بەکرێگیراوبێ. کەچی بۆ ڕۆژئاواییەکان ئەم کەموکوڕییانە کێشەیان نییە چونکە کرێگرتەی خۆیانن.


ئەوەتا دامەزراوەیی ئەتۆمییان بۆ دادەمەزرێنن تا ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. من شەخسی خۆم بەمە نیگەران نیم، چونکە ئیشەڵڵا لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو چەک و دامەزراوە ئەتۆمییانە دەکەوێتە دەستی موجاهیدان.


چاودێرانی سیاسی ڕوونی دەکەنەوە مەبەستی خامنەیی لە موجاهیدان، حوسییەکانی یەمەنە کە سعودییەکان راستەوخۆ دژایەتییان دەکەن و سەرکردایەتی هاوپەیمانێتیەک دەکەن بۆ لێدان لە حوسییەکان.

هـ ـ ب