هۆشداریدەدرێت لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوەندەکانی خوێندن

عیراق

21/03/2019‌ 1009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەباس زاملی ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی ناوەندەکانی خویندن لە عێراق لەژێر هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندان، بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەشی گەڕاندەوە بۆ بێکاریی و نزمی ئاستی هۆشیاریی.

زاملی بە پێگەی " ئەلئەخبارییە"ی عێراقی گوتووە " بەهۆی نزمی ئاستی هۆشیاریی و بڵاوبوونەوەی دیاردە دواکەوتوو و ناشارستانییەکان و هەژاریی بەرزی رێژەی بێکاریی ، وایکردووە دیاردەی خواردن و ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لەناو ناوەندەکانی خوێندن پەرە بستێنێت ، بەتایبەتی لەناو خوێندکارانی قۆناغەکانی ناوەندیی و ئامادەیی .

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوینەران دەشڵیت کە بڵاوبوونەوەی بەرچاوی کافتریا و  دیاردە ناشارستانیی و نەرێنییەکان پاڵی بە خویندکارانەوە ناوە روو لە خواردنی ماددە هۆشبەرەکان بکەن ، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەوان ئاگاداری ئەوەن  و زانیارییان پیدەگات کە بەچی راددەیەک   ئەو دیاردە ترسناکە لەناو ناوەندەکانی خوێندندا بڵاوبۆتەوە، کە لە ئایندەدا ئاکامی کۆمەڵایەتیی و تەندرووستیی زۆر خراپی لێچاوەڕێ دەکرێت .

سەبارەت بە بەرپرسیارێتی لایەنەکان بۆ ڕێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی زیاتری دیاردەی خواردن و ئاڵوودەبوونی خوێندکاران بە ماددە هۆشبەرەکان زاملی دەڵێت " پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان پلانێکی روون و تۆکمەیان هەبێت بۆ جموجۆڵ و رەفتاری خوێندکاران لەناوەوە و دەرەوەی ناوەندەکانی خوێندن تا بتوانرێت کۆتایی بەو دیاردە ترسناکە بهێنریت " .


وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی