بەریتانییەکان دەیانەوێت لە یەکێتی ئەوروپادا بمێننەوە

جیهان

21/03/2019‌ 1522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەسەر  پێگەی ئەلیکترۆنی پەرلەمانی بەریتانیا داواكاریه‌كیان واژۆ کردووە و تێیدا داوا لە حکوومەت دەکەن کە پاشەکشە بکات لە پلانی چوونەدەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا .

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی " رۆیتەرز" چەند خولەکیک دوای بڵاوکردنەوەی داواكارییه‌كه‌ هەزاران کەس واژۆی خۆیان لەسەر کرد ، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک لە لێدوانی تێریزا مای سەرۆک وەزیری بەریتانیا کە تەلەفزیۆنی فەرمیش پەخشی کرد، تێیدا مای رەخنەی لە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی گرت کە شکستیان هێناوە لە ڕێکەوتن لەسەر ستراتیژییەتێك بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا .

ساڵی ٢٠١٦ لە راپرسییەکدا زیاتر لە ١٧ ملیۆن هاوڵاتی بەریتانیی دەنگیاندا لەبەرژەوەندی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ، لەبەرانبەردا ١٦ ملیۆن کەس داوایان دەکرد کە بەریتانیا لەناو یەکییەتی ئەوروپادا بمێنێتەوە ، ساڵی ٢٠١٧ ش تیریزا مای سەرۆک وەزیری بەریتانیا پەیامی ویستی بەریتانیای دا بە یەکییەتی ئەوروپا کە وڵاتەکەی دەیەوێت بەپێی ماددەی ٥٠ی پەیماننامەی لیشبۆنە لە یەکێتیەکە بچێتە دەرەوە .

تائێستا لەڕێگای تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە ملیۆنێک و  ١٢٨ کەس واژۆیان لەسەر خوازنامەکە کردووە کە تێیدا نووسراوە ( دەستبەرداربوون لە ماددەی ٥٠ی لیشبۆنە و مانەوە لەناو یەکییەتی ئەوروپا) ، ئەوە سەرەرای ئەوەی بەهۆی زۆری ئەو کەسانەی دەیانەوێت واژۆ لەسەر خوازنامەکە بکەن لۆدێکی زۆر لەسەر پێگەکە درووست بووە و چەند جارێک پەکی کەوتووە.

مەرجیشە ئەگەر زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس واژۆ لەسەر هەر خوازنامەیەک بکەن دەبێت پەرلەمانی بەریتانیا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بکات .


وەرگیران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی 

بەپەلە