شارپرێس:
ڕاویژکارى ڕاگەیاندنى سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌ڵێ، ئه‌و ریسکه‌ی سه‌رۆك كۆمار کردی له موسڵ، هیچ سه‌رۆکێکی تر بتوانێ بیکات، هاوكات ژماره‌یه‌ك نوسه‌ریش له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌وه پشتگیریی خۆیان بۆ سه‌رۆك كۆمار دوپاتكردوه‌ته‌وه.
توانا ئه‌حمه‌د، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندنى سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی شاری موسڵ و ئه‌و كاردانه‌وه جیاوازانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه دروستبوون به شارپرێس-ی ڕاگه‌یاند، "من یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی لە سلێمانیه‌وه تا موسڵ له‌و سه‌ردانه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار بوین، دوای گه‌یشتنی بۆ بنکه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی موسڵ و کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی ئه‌و شاره، سه‌ردانی شوێنی رووداوه‌که‌ی کرد له‌ناو شاری موسڵ که پێی ده‌گوترێت جه‌زیره.
وتیشی:"ره‌نگه به‌لای هه‌مووانه‌وه سه‌یر بێت که تیمی پاسه‌وانی سه‌رۆک کۆمار بۆ موسڵی پایته‌ختی تازه رزگارکراوی داعش ته‌نیا حەوت پاسه‌وان بون، پێنج لەوانە چه‌کی سوک و دوانیشیان ته‌نیا ده‌مانچه‌یان پێ بوو، وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم د. رێکه‌وت، حسن جیهاد و من و کوردۆ عەلی رۆژنامەنوس و شوفێرێک و دوو سکرتێری تایبه‌تی سه‌رۆک".
به‌وته‌ی ڕاوێژكاری سه‌رۆک کۆمار، به‌رهه‌م ساڵح بێ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خت که‌سێک یان پاسه‌وانێکی خۆی بنێرێت، سه‌ردانی شوێنی رووداوه‌که‌ی کرد، به گه‌یشتنی بۆ شوێنه‌که به‌شێک له که‌سوکاری قوربانیان ئاماده بوون، كه به ڕوونی وه‌ک له ڤیدیۆ و وێنه‌کان ده‌رئه‌که‌وێ به رێزه‌وه داوایان له سه‌رۆک کۆمار کرد بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و سزادانی تاوانبارانی روداوه‌که پشتیوانیان بکات.
توانا ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌شكرد، له هه‌موو روداوه‌کانی ئه‌و شوێنه من ئه‌توانم بڵێم که‌متر له نیو مه‌تر دوور بووم له کاک به‌رهه‌م، نه قسه‌ی خه‌ڵکه‌که، نه‌ره‌فتاریان جگه له رێز و داوای یارمه‌تی له سه‌رۆک کۆمار شتێکی تری تێدا نه‌بوو، به‌ڵام گله‌یی زۆریان له ئیداره‌ی شاره‌که کرد، ژنێک به گریانه‌وه گله‌یی له ئیداره‌ی شاره‌که کرد و داوای کرد سه‌رۆک کۆمار یارمه‌تیان بدات که قوربانیەکانیان به شه‌هید ئەژمار بکرێ، هه‌ر له‌وێ سه‌رۆک کۆمار دروشمێک که دژی گه‌نده‌ڵی بوو له یه‌کێک له ئاماده‌بوانی وه‌رگرت و به‌رزی کرده‌وه
ڕاوێژكاری ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك كۆمار هه‌ر له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆوه باسی له‌وه‌كرد، "دوای نزیکه‌ی نیو کاتژمێر مانه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که، ئێمه سه‌رکه‌وتین بۆ ئه‌وەی شوێنه‌که جێ بهێڵین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش د. به‌رهه‌م جارێکی تر له ئوتومبێله‌که‌ی دابه‌زی و رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که قسه‌ی کرد، به‌ڵام هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌وێ بوون هاتنه خواره‌وه بۆ ناو دیواری پڕۆژه گه‌شتیاریه‌که که هه‌ندێ به‌رپرسی ئیداری شاره‌که‌ی لێ بوو و په‌لاماری ئۆتۆمبێلی یه‌ک له‌وانه‌یان دا".
من و د. رێکه‌وت و حسن جهاد و عومه‌ری سکرتێر له ناو ئه‌و ئوتومبێله بووین که راسته‌وخۆ که‌وتبووه پێش ئوتومبێلی پارێزگار و په‌لاماریان ئه‌دا، به‌ڵام تاکه به‌ردێک به‌ر ئه‌و ئوتومبێله نه‌که‌وت که ئێمه‌ی تیا بوو و بێ هیچ گرفتێکی ئه‌وتۆ و زۆر به ئاسایی شوێنه‌که‌مان جێهێشت، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی توانا ئه‌حمه‌د.
توانا ئه‌حمه‌د پێشیوابوو، "بڕوا ناکه‌م ئه‌و ریسکه‌ی سه‌رۆك كۆمار کردی له موسڵ، هیچ سه‌رۆکێکی تر بتوانێ بیکات، ره‌نگه ئه‌م ریسکه به هه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌منی هه‌ژمار بکرێت، به‌ڵام کێ هه‌یه بتوانی به حەوت پاسه‌وانی چه‌کدار و چه‌ند یاریده‌دەرێک سه‌ردانی شارێک بکات که پایته‌ختی داعش و ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی بوو و ساڵێک پێش ئێستا سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌بوو بۆ هه‌موو جیهان".
هه‌ر له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی موسڵ سالار مه‌حمود، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ:"بەم رووداوە بچوک نابیتەوە دڵنیام بەهێزتر دەکات بۆ رووبەڕوبونەوەی مەترسیە گەورەکە دژایەتی گەندەڵی، نەریتی چونە ناو خەڵک نامۆیە لەعیراق و پێویستە ئەو نەریتە بگۆڕدرێ و ئەوەش بە کەسایەتیەکی مۆدێرن و مەدەنی دەکرێت".
هاوكات ڕێبوار كه‌ریم، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه وتی:"به‌رهه‌م ساڵح، لەکۆشکەکان خۆی نەشاردۆتەوە، پیاوی ئەرکە قورسەکان و بڕیارە دروستەکانە".
مستەفاى شیخ مەحمودی نوسەر ڕای وایه، "ئاساییە خەڵکی موسڵ تورەبن، به‌ڵام ئەوەی ئاسایی نیە کوردبی و ئەو سوکایەتیەت بەبەرهەم ساڵح پێ خۆشبیت".
ده‌شڵێ:"لەگەڵ بونی سەدان تێبینیم لەسەر بەرهەم ساڵح بەڵام هەرچونی بۆ ئەو شارەو بەشداری لەپرسەو خەمی کەس وکاری قوربانیەکانی موسڵ بەڵگەی بوێری وجیاوازیەتی لەوانەی پیش خۆی".
په‌یكار عوسمان-ی نوسه‌ر له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ نوسیویه‌تی:"ئافەرین بۆ خەڵکی موسڵ و پێشتریش بۆ خەڵکی بەسرە، کە ڕووبەڕوو بە دزەکان ئەڵێن دز، نەک ئەوەی لە فەیسبوک جنێویان پێبدەن و لە بازاڕ سێڵفییان لەگەڵ بگرن، دووجاریش ئافەرین بۆ بەرهەم، جارێک کە چوو بەدەم خەمی ئەو شارەوەو وەکو سەرۆکە خەوتووەکەی پێشوو، نەخزاوەتە کۆشکی سەلامەوە، جارێکیش کە ئارامیی خۆی پاراست و بە تەقەو توندوتیژی وەڵامی تووڕەبوونی خەڵکی نەدایەوە".
خانم ڕه‌حیم له‌لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بابه‌تێكی له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكرده‌وه‌و وتی:"برۆ ناو خەڵك پاشگەز نەبیتەوە، تۆ برۆ باخەڵك فێربن تورەیی خۆیان بەرامبەر بەرپرسەكان دەربرن، تۆ برۆ با بەرپرسەكانی تریش فێربن، گوێی لەتورەیی خەڵك بگرن، رەنگە جیاوازی تۆ لەگەڵ ئەوانی تر ئەوكاتە زیاتر دەركەوێت، تۆ لەناو خەڵكیت و ئەوان جورئەتی ئەوە ناكەن، تۆ ئەمرۆ لەهەمووكات زیاتر نیشانتدا، زۆر لەوە مەدەنیتر و قوڵتر لەناو خەڵكدایت كە ئەوان لەناو پاسەوانەكانی خۆشیان ئاوا بێخەم نین".
ڕ . ج