لەشەڕی بازرگانی نێوان چین‌و ئەمەریكا كام وڵات زەرەرمەندی یەكەم دەبێت؟

جیهان

23/03/2019‌ 1513 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
راپۆرتێكی بازرگانی ئەمەریكی باسی لەوە كردووە ئەگەر بێت‌و شەڕی بازرگانی لەنێوان ئەمریكا و چین بۆ ماوەی ١٠ ساڵی تر بەردەوام بێت ئەوە لەو شەڕەدا واشنتۆن یەك تڕیلیۆن دۆلار زیان دەكات .

بەگوێرەی رۆژنامەی "ساوپ چاینا مۆڕنینگ پۆست "ی چینی بڵاویكردووەتەوە، كە ژووری بازرگانی ئەمەریكی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا هۆشداریداوە لەوەی، كە ئەگەر بێت و شەڕی بازرگانی لەنێوان واشنتۆن و پەككین تا ساڵی ٢٠٢٩ بەردەوامبێت ئەوە ئەمەریكا بە بەهای یەك تریلیۆن دۆلار زەرەر دەكات ، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە پاشەكشەی گەشەی ئابووری ئەمەریكا .

بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیەی گرووپی رۆدیۆم بۆ ژووری بازرگانی ئەمەریكی كردووە ، كە تێیدا شیكردنەوەی بۆ ئاكامە ئابوورییەكانی سێ خولی سەپاندنی باجی گومرگی لەنێوان واشنتۆن و پەككین كردووە، لەگەڵ مەزەندەكردنی ئەوەی ئەگەر بێت و واشنتۆن لەماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا باجی گومرگی بە بەهای ٢٠٠ ملیار دۆلار بخاتە سەر كاڵاو شمەكی چینی بەڕێژەی ٢٥%، كە ئیستا ئەو ڕێژەیە ١٠% یە .

لێكۆڵینەوەكە بۆی دەركەوتووە ، كە زیادكردنی باجی گومرگی بۆسەر كاڵا و شمەكی چینی دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تێكرای داهاتی نەتەوەیی و زیادبوونی بێكاریی و كەمبوونەوەی وەبەرهێنان ، ئەوە سەرباری ئەوەی ئەو شمەكانەی  هەناردە دەكرێن یان  هاوردە دەكرێن نرخیان بەرز دەبێتەوە  ، هەروەك بەرهەمە ئەمەریكییەكانیش كەمتر دەرفەتی ڕكابەرییان دەبێت و بۆ كڕیارانی ئەمەریكیش بەرهەمە بەكاربەرییەكان نرخیان بەرز دەبێتەوە.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكە لەماوەی ٥ ساڵی داهاتووی زیادكردنی باجە گونرگییەكان ، ناوەندی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی ئەمەریكی لەنێوان ٦٤ بۆ ٩١ ملیار دۆلار دادەبەزێت ، كە راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە قەبارەی ئابووری ئەمەریكا لەكۆتایی ساڵی رابردوو گەیشتۆتە ٢٠ تڕیلیۆن دۆلار .

لەنێوان مانگی تەمموز بۆ مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٨ واشنتۆن بەبەهای ٥٠ ملیار دۆلار و بەڕێژەی ٢٥% باجی گومرگی خستە سەر  كاڵای چینی ، لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ دیسان واشنتۆن تەعریفەی گومرگی بەڕێژەی ١٠%  و بەبەهای ٢٠٠ ملیار دۆلار خستە سەر كاڵا چینییەكان .

واش بڕیارە واشنتۆن دووبارە باجی گومرگی بخاتە سەر كاڵا چینییەكان ، بەڵام چاوەڕێی گفتوگۆی بازرگانی نێوان واشنتۆن و پەككین دەكات كە ئێستا لەنێوان هەردوولا بەڕێوەدەجێت .

لەبەرانبەردا چین بەڕێژەی ٢٥% باجی گومرگی خستە سەر هەندێ كاڵا و شمەكی ئەمەریكایی بە بەهای ٥٠ ملیار دۆلار ، هەروەك بۆ هەندێ شمەكی تری ئەمەریكا بەڕێژەی ٥% بۆ ١٠% باجی خستە سەر كالا ئەمەریكییەكان بە بەهای ٦٠ ملیار دۆلار .

بەهۆی ئەوەی راپۆرتەكە تەنیا تیشكی خستۆتە سەر زیانەكانی ئابووری ئەمەریكا ، بەڵام هەندێ راپۆرتی تر باس لەوە دەكەن ئەگەر بێت و ئەو شەڕی بازرگانییە لەنێوان واشنتۆن و پەككین درێژە بكیشێ ، ئەوە زیانەكانی چین زۆر لەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گەورەتر دەبن .

راپۆرتێكی سندووقی نیودەوڵەتی نەختینە دەڵێت: ئەگەر واشنتۆن باجی گومرگی بەڕێژەی ٢٥% بخاتە سەر كاڵا چینییەكان ، ئەوە كاریگەری خراپی لەسەر متمانەی بەكارهینەر و پیاوانی كار دەبێت بەرانبەر بە ئابووری چین ، ئەمەش وادەكات تێكرای ئابووری ناوخۆیی چین بەڕێژەی ١،٦% پاشەكشە دەكات ، بەراورد بە ئابووری ئەمەریكا كە بەڕێژەی ٠،٦% پاشەكشە دەكات .

داتا فەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە بەهۆی شەڕی باجە گومرگییەكانەوە لەمانگی شوباتدا قەبارەی هەناردەكردنی چین بەڕێژەی ٢٠،٧% پاشەكشەی كردووە ، كە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئەوە بەرزترین ڕێژەیە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی