ئاشكرابوونی مەتەڵە مێژووییەكە.. هۆكاری شكانی لووتی شوێنەرارە میسرییەكان

جیهان

23/03/2019‌ 3359 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەدرێژایی مێژوو شوێنەوارە مێژووییەكانی میسر  ، بەهۆی جوانی هەڵكۆڵین و ئەو پەیام و مەتەڵانەی لەگەڵ خۆیان هەڵیان گرتووە جێگای سەرنج و تێرامانی زانا و توێژەر و  شوێنەوارناسەكان بوون، كە تائیستاش لەڕێگای چەندین توێژینەوە هەوڵ دەدەن وەڵامی بڕواپیێكەر  بۆ ئەو پرسیارانە بدەنەوە، كە تائیستا بێوەڵام بوون .

یەكێك لەو نهێنییانە تائیستا بیوەڵام بووە بریتییە لەوەی بۆچی بەشێكی زۆری پەیكەرو هەڵكۆڕاوە میسرییە كۆنەكان لوتیان پیوە نییە و لێبۆتەوە ، رەنگە بڵێین بەهۆی تەمەنی زۆر و كەوتنە بەر كەشوهەوای نالەبار  بۆماوەیەكی دورودرێژ ، شتێكی ئاساییە ئەو شوێنەوارانە بگەنە رەوشێكی لەو جۆرە ، بەڵام ئیدوارد بیلیبێرگ ، ئەمینداری مۆزەخانەی برۆكلین بڕوای بەوە نییە و بۆجوونیكی تری هەیە ،  ئەو پێیوایە كاری تێكدەرانە لەپشت لیبوونەوەی لوتی سەرجەم ئەو شوێنەوارە میسرییە فیرعەونییەكانە.

ئاژانسی " CNN" ی ئەمەریكی لەسەر زاری بلیبێرگ دەڵێت " جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئەو شكانەی كە بەهۆكاری سرووشتی روودەدات لەگەڵ ئەو شكانەی بەهۆی كاری تێكدەرانە درووست دەبێت ، بەهۆی ئەوەی لووت ئەڵقەی لاوازی پەیكەرەكانە و زۆر زەق و دیارە ، بۆیە لەلایەن تێكدەرەكانەوە ئامانجێكی ئاسان بووە " .

شارەزایەكی شوێنەوارناسی میسری دەڵێت: باوەڕی باو لای شارستانییەتی میسری كۆن ئەوە  بووە، كە فیرعەون لەسەر شێوەی خوداوەند خۆی بەرجەستە دەكات ، بۆیە هەر زیانگەیاندنیك بە وێنەكەی وەك زیان گەیاندن بە خودی فیرعەون وابووە لایان .

لەبەر ئەوەی فیرعەون ئەو كەسە بووە كە چاودێریی و سەرپەرشتی كاروباری میسر دەكات ، بۆیە پێیان وابووە شكاندن و شێواندنی ئەو وێنە یان ئەو پەیكەرەی فیرعەون بەرجەستە دەكات وادەكات ئەو بازنە داخراوەی توانا لەبن نەهاتووەكانی فیرعەون و ئەو جیهانەی حوكمی دەكات بەیەكەوە دەبەستێتەوە تێكبشكێنێت ، ئەوە ئەوكاتە فیرعەونیش لەجێبەجیكردنی ئەركەكانیدا بێتوانا دەبێت .

هەروەك بەهۆی ئەوی لووت ئۆكسجین دەگوازێتەوە بۆ جەستە ، بۆیە شكاندنی لووت واتای كوشتنی روحی خاوەن پەیكەرەكە  دەگەیەنێت ، یان هەندێكی تریان هەستاون بە گوێی پەیكەرەكەیان شكاندووە تا وا لە فیرعەون یان خاوەنی پەیكەرەكە بكەن هیچ نەبیستێت و گوێی لە دوعا و نوێژەكان نەبێت ، بڕینی دەستەكان واتای ڕێگرتن لەوەی قوربانی بكات .

دوای ئەوەی لە سەردەمە نوێكاندا دیاردەی دزینی گۆڕە فیرعەونییەكان پەرەی سەند ، هەندێك لە دزەكان لەوە دەترسان مردووەكان لە جیهانەكەی تر تۆڵەیان لێبكەنەوە بۆیە لەڕێگای شكاندنی هەندێ ئەندامی جەستەی پەیكەرەكەوە پێیان وابوو بەشێك لە هێز و توانای ئەو كەسایەتییە لاواز دەكەن كە بێڕیزییان بە گۆرەكەی كردووە ، باشترین شوێنیش لووت بووە لەلایان .

بلیبیرگ دەشڵێت: رەنگە شكاندنی لووتەكان بەهۆی ململانێی بووبێت لەسەر دەسەڵات ، بەجۆریك شكاندن و شێواندنی پەیكەرەكە بەڵگەی میژووی گرنگمان دەداتێ لەسەر ئەو كاتەی وایلێكراوە ، شێواندنەكەش بەو ئامانجە كراوە تاوەكو مێژوو بەو جۆرە بنووسنەوە كە لەگەڵ بەرژەوەندی ئەو كەسە بگونجێت كە دەیشێوێنێت  .

لە سەردەمی تازە و دوای ئەوەی خەڵك بڕوایان بە ئەو بیروباوەرانە نەما كەپێشتر  بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ باو بوون وەك بوونی نەفرەتی فیرعەونەكان ، ئیتر خەڵك دەستیان كرد بە بەكارهێنانی ئەو شوێنە شوێنەوارییانە بۆ كاری بیناسازی و خانوو درووستكردن ، بەجۆریك وەك "كانەی بەرد" سەیری ئەو پارچە شوێنەواورییە گەورە و زەبەلاحانەیان دەكرد .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی