گومان دەكرێت بەڕێوەبەری ناوچە گەشتیارییەكەی موسڵ لەدهۆك یان لەتوركیا خۆی حەشاردابێت

عیراق

23/03/2019‌ 4262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەوفەل عاكوب پاریزگاری نەینەوا رایگەیاند، بەڕێوەبەری ناوچەی گەشتیاری موسڵ ئێستا لەشاری دهۆكە، باس لەوەش دەكرێت بەرەو وڵاتی توركیا رۆیشتووە.

عاكوب لەگفتوگۆیەكیدا لەگەڵ ناوەندی هەواڵی نیشتیمانی راشیگەیاند، بەڕێوەبەری دوورگەی گەشتیاری موسڵ پابەندی ئەو راسپاردانە نەبووە، كە سەبارەت بەبەرزی ئاستی ئاوەكە دەركراون‌و فەرمانەكانیشی جێبەجی نەكردووە.

پارێزگاری موسڵ هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە پێشتر ئەو كەسە لەسەر ئەوەی نرخێكی زۆر وەردەگرێت بانگهێشتی دیوانی پارێزگا كراوە.

سەبارەت بە لایەنی كەمتەرخەم لە درووست بوونی ئەو رووداوە ، پاریزگاری موسڵ رایگەیاندووە ئەو یەختەی كارەساتەكەی لێكەوتووتەوە سێ قاتی خۆی گەشتیاری لێبار كراوە، كە وابڕیار بووە ٤٥ بۆ ٥٠ كەسی بار بكات ، ئەوەشی راگەیاندووە، ئەگەر لەو رووداوە من كەمتەرخەم بووم، یان دەستلەكاركێشانەوەی من هیچ لە رەوشی موسڵ دەگۆڕێت ئەوە ئامادەم دەستلەكار بكێشمەوە .

رۆژی پێنج شەممە لەناوچەیەكی گەشتیاری موسڵ، بەلەمێكی گواستنەوە لەروباری دیجلە وەرگەڕاو بەو هۆیەوە چەندین كەس ژێرئاوكەوتن‌و نزیكەی 100 كەس خنكان‌و چارەنووسی دەیان كەسی تریش نادیارە.

هاوكات محەمەد كەربولی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاندووە، لەسەر كارلابردنی پاریزگاری نەینەوا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە ، داوشی كرد ئەو كەسەی لەشوێنی ئەو دادەنرێت كەسێك بێت لە گەندەڵی تێوەنەگلابێت و گوێرایەڵ و لەژێردەستی گرووپە چەكدارەكانیش نەبێت .

رۆژی هەینی عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیری عێراق فەرمانێكی دیوانی دەركرد بۆ پێكهێنانی شانەی قەیرانەكان لەپارێزگای نەینەوا، كە خۆی سەرپەرشتی دەكات ، خانەكەش كاری بریتی دەبێت لەراییكردنی ئەركە جێەبجێكارییەكانی پارێزگاكە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی