ئەمریكا "گرێبەستی سەدە" بەپارە‌و خاكی سعودییە یەكلادەكاتەوە

جیهان

23/03/2019‌ 3158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەوانێكی بەریتانی ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە "گرێبەستی سەدە" پێشنیارێك لەخۆ دەگرێت‌و بە گوێرەی پێشنیارەكە شانشینی سعودییە باجی یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە دەدات بەوەی لە پارە و خاكی خۆی دەبەخشێت. 

ڕۆژنامەنووسە بەریتانییەكە ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە پلانەكەی جارید كۆشنەر راوێژكاری باڵای دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ یەكلاییكردنەوەی مامەڵەی سەدە پێشنیاری ئاڵوگۆڕكردنی "خاك" لەخۆ دەگرێت.

هەر بەگوێرەی ئەو پێشنیارە،‌ فەڵەستینییەكان لە بەرانبەر خاكەكەی خۆیاندا، لە شانشینی ئوردو‌ن دەبنە خاوەنی خاك، لە بەرانبەریشدا ئوردون بە بە وەرگرتنی خاكی شانشینی سعودیە قەرەبوو دەكرێتەوە.

ڤیكی واردی ڕۆژنامەنووسی‌ بەریتانی لە سەرەباسێكی ورژێنەری پەرتووكەكەیدا كە دوێنی ئێوارە (سێشەممە)  كەوتۆتە بازاڕەوه، بە تێروتەسەلی باسی گەشتەكەی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكای كردووە بۆ دەرەوەی ووڵات، لەو گەشتەیدا تڕەمپ سەردانی شانشینی سعودیە و ئیسڕائیل و ڤاتیكانی كردووە، نووسەر‌ی پەرتووكەكە نووسیویەتی كە شیمانەی (احتمال) ئەوە هەبوو شانشینی سعودیە ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لەو كۆششانەی كۆشنەر‌ لە پێناو بەرقەراركردنی ئاشتی نێوان فەڵەستینی و ئیسڕائیلییەكان ئەنجامیان دەدات، بەوەی فەڵەستینییەكان واز لە هەندێك خاكی خۆیان بێنن و لەولاشەوە یارمەتی بوژانەوەی شاری غەزە بدرێت.

لەپەرتووكەكەدا هاتووە، شانشینی سعودیە... كلیلی پلانەكەی كۆشنەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی كۆشنەر گەرەكی بوو – بە پێی قسەی زۆرێك لەوانەی ئاشنای ڕەشنووسی پلانەكەی كۆشنەرن – ئەوەیە كە شانشینی سعودیە و  میرنشینی یەكگرتووی ئیماڕات یارمەتی و كۆمەكی ئابووری بۆ فەڵەستینییەكان دەستەبەر بكەن".

هەروەها وتیشی: "پلانەكە ئاڵوگۆری خاكیش لەخۆ دەگرێت، لەبەر‌امبەر ئەو زەوییانەی ئیسڕائیلییەكان تیایدا نیشتەجێن لە لێورای رۆژئاوا و غەوری ئوردون، شانشینی ئوردون زەوی دەداتە فەڵەستینییەكان ، لە بەرامبەریشدا ئوردون بە خاكی شانشینی سعودیە قەرەبوو دەكرێتەوە، لەولاشەوە شانشینی سعودیە دوو دوورگە لە دەریای سور وەردەگرێتەوە كە لە ساڵی 1950 وە لە بن دەستی ووڵاتی میسردان".

نووسەر ئاماژەی بەوە نەداوە، كە ئاخۆ هێشتا پلانی ئاڵوگۆری خاك لە نێو پێشنیارەكانی مامەڵەی سەدەدا ماوە یاخود نا، وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش دەڵێت تاوەكو وادەی هەڵبژاردنەكانی ئیسڕائیل لە 9 ی ئیپڕیلی داهاتوو ئەو پلانە ئاشكرای ناكات، بەڵام جیسۆن غرینبڵاتی نێردەی تایبەتی ئەمریكی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لە تویتێكدا ووتی: "هیچ كەسێك لەوانەی ئاشنای پلانەكەن زانیاری هەڵەی لەم جۆرە بڵاوناكەنەوە. ئەوەی ئەو دەنگۆیانەی بڵاوكردوونەوە زانیارییەكانی هەڵە و چەوتن".

دوای ئەوە تڕەمپ بووە سەرۆكی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كۆشنەری زاوا‌ی – مێردی ئیڤانكای كچی –  و غرینبڵاتی ڕاسپاردن كە سەركردایەتی كۆششە دبلۆماسییەكان بكەن بۆ گەیشتن بە مۆركردنی ڕێككەوتننامەیەكی ئاشتی لە نێوان فەڵەستینی و ئیسڕائیلییەكان.

ئەم زانیارییانە لە پەرتووكی "دامەزراوەی كۆشنەر: چڵێسی. بەرزەفڕی. گەندەڵی. چیرۆكە بەدەرەكەی كۆشنەر و ئیڤانكا تڕەمپ" دا بڵاوكراونەوە، كە ڕۆژی سێشەممەی دوێنی كەوتۆتە بازاڕەوە، پەرتووكەكە ئاڵێنگاری  (پێكۆڵی) ئەو بۆچوونە دەكات كە دەڵێت ئیڤانكای كچەكەی سەرۆك تڕەمپ و كۆشنەری بە ڕەچەڵەك جولەكەی زاوای، كار لەسەر ئەوە دەكەن كاریگەرییەكانی سەر تڕمپ كەم بكەنەوە.

هەروەك وارد – یش دەڵێت: ئەم دوو هاوژینە كەوتونە نانەوەی پشێوی كە لە ئێستادا پشێوی و بێسەرەو بەرەیی بۆتە سیمایەكی زەقی كۆشكی سپی.

سەرچاوە: RT
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر