سەرۆكی چیك توركیا بەهاوپەیمانی داعش تۆمەتباردەكات

جیهان

23/03/2019‌ 1915 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میلۆش زیمانی سەرۆكی چیك، توركیای لە عێراق و سوریا بە هاوپەیمانی داعش تۆمەتبار كرد ، باسی ئەو پاڵپشتییە لۆجستیەشی كرد، كە ئەنقەرە بۆ ڕێكخراوی داعشی دەستەبەركردووە. 

میلۆش لەوتەیەكیدا لە بەردەم دانیشتوانی گوندی فینتیتشۆفی ناوچەی كارلۆفی فاری لەرۆژئاوای كۆماری چیك وتی: "بۆچی توركیا هێرش دەكاتە سەر كوردەكان؟ چونكە توركیا هاوپەیمانی ڕاستەقینەی ڕێكخراوی داعشە".

سەرۆكی چیك ئاماژەی بەوەشدا، زانیاری پشتڕاستكراوە هەن لەو كاتەی داعش بەشێكی بەرفراوانی خاكی سوریا و عێراقی بەدەستەوە بوو، توركیا لە هەندێك كردەی لۆجستیدا بۆ پشتیوانی داعش ڕۆڵی نێوانبەری دەگێڕا، دڵنیایی ئەوەشیدا كە باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە: "كۆمەك و مامەڵەی نەوتی و شتی لەم جۆرەی توركیایە بۆ داعش.

میلۆش زیمان وتیشی: ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ، گرەووی لەسەر بە ئیسلامبوونی توركیا كردووە لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئایدۆلۆژیا ئیسلامی، شتێكی لۆژیكیشە كە ئەو دەوڵەتە لە توندەڕەوە ئیسلامییەكان نزیك بێت و لە هەمان سەرچاوەی هزری ئەو تیرۆرستانەشەوە هەڵقوڵابێت، هەر‌ بۆیە توركیا دێت و هێرش دەكاتە سەر كوردەكان".

سەرچاوە: PONT POST
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر