سەعدی ئەحمەد پیرە: هەرێم خاوەنی مۆدێلێكی سەركەوتووە

کوردستان

23/03/2019‌ 1227 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعدی پیرە، لەكۆنگرەی نائاسایی سۆشیال دیموكراتی سوید وتاری یەكێتی نیشتمانی پێشكەشكردو ئاماژەی بەسەركەوتوویی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند كرد.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وتاری یەكێتی لەكۆنگرەی نائاسایی سۆشیال دیموكراتی سوید پێشكەشكردو رایگەیاند: ئێمە لێرەین بۆ لەیادنەكردنی قوربانییەكانی كوردستانی عێراق، كە شانبەشانی دۆست و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی رووبەڕووی توندڕەوی ئایینی و تیرۆری جیهانی بووەوەو لەئێستاشدا، هەرێمی كوردستان بۆتە مۆدێلێك لە دیموكراسی كە پارێزگاری لە ئازادی و مافەكانی مرۆڤ دەكات. رونیشیكردەوە، هەرێمی كوردستان توانیویەتی پەرە بەخۆی بدات و ژیانێكی هاوچەرخانە دروست بكات، كارێكی لەو شێوەیەش ئاسان نییە. 

لەوتارەكەی یەكێتیدا ئاماژە بە بەرەو پێشچوونەكانی هەرێمی كوردستان كراو جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی، كە هەرێمی كوردستان خاوەنی مۆدێلێكی سەركەوتووە لەلێبوردەیی و پێكەوەژیان.

روونیشیكردەوە، هەرێمی كوردستان لەماوەی شەڕی دژ بەداعشدا دەرگاكانی خۆی واڵاكرد بۆ ئاوارەكانی سوریاو ناوچەكانی دەشتی نەینەوا بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە. بەو هۆیەشەوە لە ڕووی داراییە دوچاری بارگرانیەكی زۆر بوین، وتیشی: لە كاتێكدا ئێوە كۆنفرانس دەبەستن گەلی كورد یادی بۆردومانكردنی شاری هەڵەبجە دەكاتەوە بە چەكی كیمیاوی. لە ئێستادا هەرێمی كوردستان سەرقاڵی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ و دووبارە داڕشتنەوە پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ حكومەتی بەغدا.

هــ ـ ح