قەڵادزێ.. خۆپیشاندان دژی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا بەڕێوەچو

کوردستان

23/03/2019‌ 1070 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوڵاتیانی شارۆچکەی قەڵادزێ لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بێدەنگیی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیشیان شەرمەزار کرد.

ئەمڕۆ شەممە هاوڵاتیانی شارۆچکەی قەڵادزێ لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سنورەکەیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.


خۆپیشاندەران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند "لە دوایین هێرشدا فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ڕۆژی ٢١ی ئازار ساروخێکیان لە سنوری پشدەر لەنێوان شارۆچکەی قەڵادزێ و شارەدێی ژاراوە هاویشتە خوارەوە".

لەبەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشدراوە" شاراوە نیە کە چەندین ساڵە دەوڵەتی تورک و حکومەتەکەی ئەردۆغانی ئیخوانی ئیسلامی بە ناوی دین و کافری و زەندیقی ئێمە، هێرشمان دەکاتە سەر و عەفرین دەکاتە ئامانج و داگیری دەکات، چەندین جاریش بە پاساوی بوونی پەکەکە ناوچە سنووریەکانمان تۆپباران دەکات و خەڵکی سڤیل و بێتاوان لەماڵ و جێی خۆی هەڵدەکەنێ و ئاوارە و شەهیدی دەکات".

لە بەیاننامەکەدا ڕەخنە لە بێدەنگی حکومەتی هەرێم و بەغداش گیراوە و باس لەوەکراوە "تا کەی هەڵوێست وەرناگرن و خۆتان کەڕ و بێدەنگ دەکەن، تا کەی ئەم نیشتیمانە وەک بێخاوەن نیشانی ئێمەش و جیهانی دەرەوەش دەدەن".

لە کۆتایشدا  داوا لە هاوڵاتیانی ناوچەکە بەتایبەتی و کوردستان بە گشتی کرا، چیتر لەم کارە نامرۆڤانە بێ دەنگ نەبن و دەسەڵاتی هەرێم و بەغداد و وڵاتانی نێودەوڵەتی ناچاری هاتنە سەرخەت بکەن.