بۆ رێگریكردن له‌ هەرەسهێنانی بەنداوی موسڵ، رێوشوێنی نوێ دەگیرێتەبەر

عیراق

23/03/2019‌ 1379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵا ئاڵی 
فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی پاریزگای موسڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاستی ئاوی رووباری دیجلە هۆشدارییەکی نوێی بڵاوکردەوە، بەجۆرێک ئەو ئاوەی لە بەنداوەکە بەردەدرێتەوە دووبەرانبەری پێشووترە، سەبارەت بە بارودۆخی بەنداوەکەش، ئیدارەی بەنداوەکە ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەبارەیەوە بدات.

فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی پاریزگای موسڵ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە لە ڕێگای کردنەوەی دەرگاکانی بەنداوەکە لە 750  بۆ هه‌زار بەردانەوە دەبێت.

باسی لەوەش کردووە، ئاستی ئاوی رووباری دیجلە لەماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا 15 بۆ 20 سانتیمەتر بووە.

فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی پاریزگای موسڵ رونیكردوه‌ته‌وه‌، "دەرگاکانی بەنداوەکە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر  داخراون، ئەوەش بەئامانجی ئەوەی تەرمی ئەو قوربانیانە بدۆزرینەوە کە لە رووداوی بەلەمەکەی مووسڵ نقووم بوون، بەڵام دواتر دەبێت بەشێوەیەکی سرووشتی بکرینەوە بۆ ئەوەی مەترسیی لەسەر بەنداوەکە درووست نەبێت، بەتایبەت هێزی ئاوەکە پێش رووداوەکە 250 بەردانەوە بووە، بەڵام ئیستا 750 بەردانەوەیە، واتا سێقاتی جارانە بۆیە دەبێت خەڵک زۆر ئاگاداری خۆیان بن".

دوای ئەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ زۆر بەرزبۆوە، دووبارە مەترسییەکانی زیانگەیاندن یان هەرەسهێنانی بەنداوەکە سەریان هەڵدایەوە، ئەوە لەکاتیکدا ریز نعێمی بەڕێوەبەری بەنداوەکە ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر بارودۆخی بەنداوەکە بدات، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لەئیستادا وەرزی لاوفاوە و واپێوست دەکات ئاوی بەنداوەکە بەر بدرێتەوە.

پێشتر فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی موسڵ هۆشداری دابووە هاوڵاتییان کە بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەنداوی موسڵ ئاستی ئاوی رووباری دیجلە بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەم هۆشدارییە لەلایەن خەڵکەوە زۆر بە گرنگییەوە وەرنەگیرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی رۆژی هەینی 21ی ئازار، دەیان هاوڵاتی بەهۆی وەرگەرانی بەلەمێکی گەشتیارییەوە لەناو رووباری دیجلە گیان لەدەست بدەن کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

بەنداوی موسڵ دووەم گەورەترین بەنداوی رۆژهەلاتی ناوەراست و یەکەم بەنداوی گەورەی عێراقە، بەهۆی ئەو هەموو شەپۆلی ببەفر و بارانەی وڵاتی گرتەوە ئاستی ئاوەکەی زۆر بەرزبۆتەوە، ئەمەش وایکردووە مەترسی وشکەساڵی بەتەواوی برەوێنێتەوە و ژیانی ناوچە زۆنگاوەکانی باشوور  و ناوچە کشتووکاڵییەکانی ناوەراست و  باشووری عێراقیش ببوژینێتەوە.