دوای شكستی لەعێراق‌و سوریا
بەڵگەنامەیەك پیلانی داهاتووی داعش ئاشكرادەكات

عیراق

24/03/2019‌ 2482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڵگەنامەیەك، كە بەردەست پەیامنێری رۆژنامەی "سەندەی تایمز" ی بەریتانی لە رۆژهەڵاتی سوریا كەوتووە ، تێیدا پیلانی داهاتووی ئەو ڕێكخراوەی بۆ ئەنجامدانی چالاكی لەناو ئەوروپا ئاشكرا كردووە .

هەرچەندە رۆژی شەممە هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە كوردەكان پێكهێنەری سەرەكی ئەو هێزانەن،  دوای گرتنی دوا پێگەی ئەو گرووپە لەگوندی باغۆز لە رۆژهەڵاتی سوریا سەركەوتنیان بەسەر داعش راگەیاند ، بەڵام ئەو تێكشكاندنە سەربازییە بەسەر داعش مانای كۆتایی یەكجارەكی ئەو رێكخراوە ناگەیەنێت .

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لەرۆژهەڵاتی سوریا و لە دوا پێگەی ئەو ڕێكخراوە بەردەست كەوتوون ، دەركەوتووە داعش خەریكی چەكداركردن و پارەداركردنی تووندڕەو و شانە نوستووەكانییەتی لە ئەوروپا .

رۆژنامەكە ئەو بەڵگەنامانە بە ترسناك ناودەبات بەجۆرێك ناوی سەدان چەكداری داعشی تێدایە لەگەڵ تایبەتمەندی هەر یەكەیان‌و چۆنییەتی نامەبەریی و ئاڵوگۆڕیی نامەیان، كە سیستەمی بیرۆكراتی ناو داعش پیشان دەدات.

یەكێك لەو نامانە لەكانوونی دووەمی ساڵی رابردوو نووسراوە و ئاڕاستەی ڕێبەرێكی ناوچەیی داعش كراوە لەسوریا، كە ناوی " ئەبو تاهیر ئەلتاجیكی"یە ، بەپێی نامەكە ئەو كەسە پلانێكی پێیە بۆ یارمەتیدانی ئەندامانی داعش لەئەوروپا تا هێرشەكانیان ئەنجام بدەن و ئەندامی تازە بۆناو رێكخراوەكە لەدەرەوەی سوریاوە بۆ ناو سوریا رابكێشن.

بەگوێرەی نامەكە ئەبو تاهیر تاجیكی كۆمەڵێك كەسی هەیە دەیانەوێت لەدەرەوەی عێراق و سوریا كار بۆ ڕێكخراوەكە بكەن‌و لەكاتی وەرگرتنی مۆڵە لەو ڕێبەرەی داعش چالاكییەكانیان لەناو ئەوروپا ئەنجام دەدەن .

نامەكە، كە لە شێوەی " CD –ROM" دۆزراوەتەوە دەیان نامەی تێدایە ، كە تێیدا داوای وەرگرتنی مۆڵەت دەكەن  بۆ ئەوەی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ڕێكخراوەكە درووست بكەن بەئامانجی ئیدارەدانی چالاكییەكانی داعش لە ئەوروپا و ناوچەكانی تری جیهانیش .

بەشێكی تری نامەكە دەڵێت: ئەگەر هات و ویستتان چالاكییەك بەڕێوەبەرن ئەوە پێشتر ئاگادارمان بكەنەوە ، ئەگەر هات و دڵنیابوون نامەكە بە سەلامەتی بەدەستمان دەگات ، ئەگەرنا چالاكییەكەتان بكەن ، ئێمەش لای خۆمان لەدەستەبەركردنی ئەو شتانەی پێویستتان پێیەتی درێغی ناكەین .

بەڵگەنامەكە ئەوەی ئاشكرا كردووەكە تاجیكی ویستوویەتی پلانەكەی بۆ ئەو لیژنەیە بخاتە ڕوو كە ئەبوبەكر بەغدادی ڕێبەری داعش ناردبووی تا بریاری لەسەر بدرێت ، بەڵام بەهۆی كوژرانی یەكێك لە ئەندامانی لیژنەكە كۆبوونەوەكە دواخراوە.

وا گومان دەبرێت ئەبوبەكر بەغدادی لە حەشارگەیەكی نهێنی لەناوچە بیابانییەكان لەگەڵ گەورە یاریدەدەرەكانیدا خۆی حەشاردابێت ، جار ناجاریش  لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگوازێتەوە ئەوەش بەئامانجی ئەوەی خۆی لە ئاشكراكردنی لەلایەن فرۆكە ئەمەریكییەكان بشارێتەوە ، كە بەشێوەیەكی بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسووڕێنەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی