پەیوەندی نێوان چەند تۆرێكی تەلەفۆنی عێراق‌و هەرێم رادەگیرێت

عیراق

24/03/2019‌ 919 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی گەیاندن‌و راگەیاندنی عێراق پەیوەندی كۆمپانیای كۆڕەك لەگەڵ تۆڕەكانی كۆمپانیاكانی ئاسیا سێڵ‌و زەین راگرتووە، كە دوو كۆمپانیای تری پەیوەندیكردنی تەلەفۆنین.

 دەستەكە بەبیانووی پێشێلكردنی یاسای پەیوەندییەكان، پەیوەندی نێوان كۆڕەك‌و كۆمپانیاكانی ئاسیا سێڵ‌و زەینی راگرتووە، ئەوەش وەك سزایەك بۆ ناپابەندی كۆمپانیاكە بەیاسای پەیوەندییەكان.

بەپێی راگەیەنراوێكی دەستەی پەیوەندییەكان، كۆمپانیای كۆڕەك مادەی‌ 19، تایبەت بە خزمەتگوزارییەكانی پێشێلكردووەو پابەندین نەبووە بە رێنماییەكانی‌ كۆمسیۆن بۆ واژووكردنی گرێبەستی‌ تایبەت بەپرۆژەی‌ خزمەتگوزاری‌ پارێزگاری‌ ژمارە لەگەڵ‌ كۆمپانیای‌ هۆڵەندی PortingXs  جێبەجێكاری‌ پرۆژەكە.

هاوكات لەدوای چوونە بواری جێبەجێكردنی بڕیارەكە، ئومێد محەمەد ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان لەروونكردنەوەیەك رایگەیاندووە، بڕیارێك لەدەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی دەرچووە، بۆ ھەر تۆڕی پەیوەندی كۆڕەك تیلیكۆم دەرچووە، كە هەردوو كۆمپانیای ئاسیاسێڵ و زەین، لەئەمڕۆوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ ناتوانن پەیوەندی پێوە بكەن.

ئومێد محەمەد راشیگەیاندووە، بڕیارەكە پەیوەندی بەدەستەكەوە هەیەو ھۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە كۆمپانیای كۆڕەك پابەند نەبووە بە مادەی ١٩ی گرێبەستی نێوانیان‌و باسی لەوەش كردووە، بڕیارەكە بۆ خەڵك قورسە، بەتایبەت ئەگەر كەسێك بیەوێت پەیوەندی بەئاسیا سێڵ یان كۆڕەك تیلیكۆم، یان زێنەوە بكات لەو چەند رۆژە ناتوانێت.

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم هەروەها رایگەیاندووە، بەغدا بە نووسراوی فەرمی لەو بارەیەوە ئاگاداری كردوونەتەوەو  ئاشكراشیكردووە، كە بڕیارەكەش سەرتاسەری عێراق دەگرێتەوە.

هـ ـ ح