شكستی دادو گەشەپێدان.. گرەوی ئەردۆغان لەسەر ململانێی شارستانییەكان

sharpress.net

6126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

24/03/2019‌

شارپرێس:
دوای چەند سەعاتێك لەڕووداوەكەی دوو مزگەوتەكەی نیوزلەندا لەهەفتەی ڕابردوو، كە چەكدارێك هەڵسا بە كوشتنی 50 نوێژخوێن، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا چەند گرتەیەكی ئەو هێرشە چەكدارییەی لە گردبوونەوەیەكی هەڵبژاردندا نمایشكرد، كە ئەو ڕەفتارە ئاماژە بۆ زۆر شت دەكات سەبارەت بە تێگەیشتنی توركیا بۆ سیاسەتی جیهانی.

لە رۆژگاری ڕابردوودا، توركیا بەوریاییەوە هەڵوێستی بەرانبەر هێرشە ‌تیرۆرستییە دەرەكییەكان دەردەبڕی، تا كۆتایی ئەم دەیەی ئێستاش، كۆڵەكەی سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی توركیا لەسەر ئەو بنەمایە بەند بوو، كە ململانێی شارستانییەتەكان لە نێوان موسوڵمان و ناموسوڵماندا بوونی نییە، كارێكی هەڵە و چەوتیشە دیدگامان بۆ سیاسەتی جیهانی لە هاوێنەی (عەدەسە) گروپە ڕۆشنبیرییە كێبڕكێكارەكانەوە‌ سەرچاوە بگرێت.

بگرە توركیا خۆی بە بانگخوازێكی دیاری گفتوگۆی نێوان ڕۆشنبیری و ئاینەكان دەدایە قەڵەم، بەشداریش بوو لە سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەی هاوپەیمانی شارستانییەتەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی ساڵی 2005 ، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ كوژاندنەوەی ئاگری پشێوییەكان و هاندان بەرەو بەرەنگاربوونەوەی توندڕەووی.

بەڵام بە تێڕامان لە كاردانەوەی ئەردۆغان و سەكردە توركەكانی دیكە سەبارەت بە هێرشەكەی نیوزیلەندا، بە ڕوون و ئاشكرایی دەردەكەوێت كە توركیا لە ئێستادا ئەقڵیەتێكی دبلۆماسی تەواو جیاواز لە جاران پەیڕەو دەكات.

لە ئێستادا توركیا پێیوایە ململانێی نێوان شارستانییەتەكان یان ڕۆشنبیرییەكان كاكڵ و ناوەرۆكی سیاسەتی جیهانییە. ئاینیش هۆكارێكی سەرەكییە لەو جەنگە تازەدا. جا هەروەك حكومەتی توركیا لە سەردەمی شەڕی ساردا داوی دەكرد بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ مەترسی شیوعیەتدا بكرێت، حكومەتەكەی ئێستاش چەندجارە و بە دەنگێكی بەرز هاوڵاتییەكانی لەو ململانێیەی ئێستا ئاگادار كردۆتەوە و هۆشیاری پێداون. سەركردە سیاسییە توركەكان كاتێكی زۆریان تەرخان كردووە بۆ وەبەرهێنان لە كۆششەكانی باوەرپێهینان بە توركەكان بەوەی هەرەشی جەنگی نێوان ڕۆشنبیرییەكان لە سیاسەتی جیهانیدا نزیك بووەتەوە.

حكومەت بە خەڵكیش دەڵێت: توركیا لەو جەنگەدا بە ئامانجگیراوە. ئەردۆغان بە ئاشكرایی ووتی كە هێرشەكانی نیوزیلەندا ڕاستەوخۆ دژ خۆی و توركیا بوون (بۆ ئەوەی دادگەربین دەبێت ئەوە بڵێین كە هێرشبەرەكەی نیوزیلەندا لە بەیاننامەكەیدا باسی كوشتنی ئەردۆگان و توركەكانی نەكردووە). بەڵام ئەو ڕووداوە پێویستی بەوە هەبوو توركیا ڕۆڵێكی تازەی تێدا بگێڕێت، بەڵام هەڵوێستی توركیا تەواو پێچەوانەی ئەوە دەرچوو كە بانگەشەی بۆ دەكرد بەوەی ئەنقەرە پردی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە. ئێستا توركیا بە هاووڵاتییەكانی دەڵێت ووڵاتەكەیان هێڵی بەرەنگاربوونەوەی نێوان ئەو ڕۆشنبیرییانەیە.

دوو هێزی بزوێنەری سەەركی لە پشت ئەو لێكدانەوەی توركیان بۆ سیاسەتی جیهانی. هێزی یەكەمیان ئیسلامی سیاسییە كە سیاسەتی جیهانی لە هاوێنەی خوازە ئاینییەكانەوە دەبینێت، وەك جەنگەكانی خاچپەرستی یان خاچ لە بەرامبەر مانگدا. ئیسلامی سیاسی وای دەبینێت كە كوتلە ڕۆشنبیری و ئاینی و شارستانییەكان كێبڕكێیان لە نێواندایە. لەو دیدگایەشەوە هۆكارە مادییەكان وەك بازرگانی بە تەواوی وەلا ناندرێن، بەڵكو وەك پرسێكی لاوەكی سەریریان دەكرێت.

هێزی دوومیان شكستی پارتی داد و گەشەپێدانە كە جلەوگیری ئابووری توركیا كردووە. لە سایەی ئەو هەڵاوسانەی ڕێژەكەی گەیشتۆتە 19.7%، ڕێژەی بێكاریش بۆ 13.5%، نزمبوونەوەی بەهای لیرەی توركیش بە ڕێژەی 28% لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لە ساڵی ڕابردوو، ووڵات كەوتە دۆخی متبوونەوە، پارتی دادوگەشەپێدانیش تەواو باوەڕی بەوە هەیە كە هەرەسهێنانی ئابووری توركیا بەری پێناگیرێت و هەر ڕوو دەدات. بەم شێوەیە شەعبەویەتی ئیسلامگەرایی نەتەوەیی ستراتیژیەتی مانەوەی خۆی درێژە پێدەدات. ئەردۆغان گەرەكیەتی خەڵكی بیرجەمی (تركیز) خۆیان لەسەر گرفتە بوونییادگەراییەكان (وجودی) چڕبكەنەوە لە بری ئەوەی بایەخ بە نرخی پیاز یان پەتاتە بدەن. بەڵام ئەو جەنگە لە كوێیە؟ كێ دوژمنە؟ توركیا دەیەوێت بەرگری لە چی بكات یان چی وێران بكات؟

زۆرێك لە ڕەخنەگران دەڵێن ئێستا ناكۆكی توركیا لەگەڵ ڕۆژئاوا بەری پێ ناگیرێت، ئەمەش بە هۆی ئەو ورەچەرخانە ئایدیۆلۆجییەی كە لە سیاسەتی توركیادا هاتۆتە ئاراوە. ئەوان ئاماژە بە دوو هاوبەشی تازەی توركیا دەكەن كە چین و ڕوسیان. 

بەڵام من پێم وایە بە لێكدانەوەی كاردانەوەی ئەردۆغان بۆ هێرشەكەی نیوزیلەندا، دەبێت شتێكی دیكەی لێ هەڵێنجین. ئەردۆغان گەرەكیەتی ناكۆكی هەبێت لەگەڵ ڕۆژئاوادا، بەڵام ناشیەوێت بچێتە ناو كوتلەیەكی دیكەی جێگرەوەی ڕۆژئاواوە. بۆیە لە بری ئەوه،‌ ئەوەی ئەنقەرە و هاوپەیمانەكانی خەونی پێوە دەبینن، ئەوەیە توركیا ڕوو بكاتە ناوخۆی خۆی، هەر بە مەبەست خۆی دورەپەرێز بگرێت لە سیاسەتی جیهانی و دووریش بێت لە جیهانی دەرەكی.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر





ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved