عادل عەبدولمەهدی بڕیارێك بۆ كاروانی ئۆتۆمبیلی بەرپرسان دەردەكات

عیراق

24/03/2019‌ 6751 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق ئاشكرایكرد، بەپێی ڕێنماییەكی نوێ ، كە لەلایەن عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیری عێراقەوە دەرچووە، دەبێت لە بابەتی سەرپێچیی و پابەندبوون بە ئاماژەكانی هاتووچۆو  راگرتن لەترافیك لایەنەكان بەهەمان شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتییان مامەڵە لەگەڵ كاروانی ئۆتۆمبیلی بەرپرسانیش بكرێت .

رائید فامی عیماد لەراگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ رایگەیاندووە، "فەرمان بە هەموو تیمەكانمان كراوە لە هەردوو لای كەرخ و رەسافەی شاری بەغدا، كە كار بەو ڕێنماییە تازەیەی سەرۆك وەزیران بكەن ، كە داوا دەكات بەشێوەیەكی ئاسایی و وەك هاووڵاتییەك مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیی و راگرتنی ئۆتۆمبیل و پابەند بوون بە ئاماژەكانی هاتوچۆو لەگەڵ ئۆتۆمبیلی بەرپرسان بكرێت".

عیماد بۆ پێگەی "سۆمەریە نیوز"ی راشیگەیاندووە، كە پێویستە لەسەر بەرپرسان و كاروانی تایبەتی بەرپرسان پابەند بن بەڕێنماییەكانی پۆلیسی هاتووچۆ، كە لەسەر دووڕیان و یەكتربرەكان دەوەستن.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیران هانی پۆلیسی هاتووچۆ دەدات، كە بەشێوەیەكی سرووشتی ئەركەكانی خۆیان رابپەڕێنن و نابێت بەهیچ جۆرێك ڕێگە بدرێت بەرپرسان ببن بە بار بەسەر شانی هاووڵاتیانەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی