كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ناوی تۆماری دەنگدەران نوێدەكاتەوە

عیراق

24/03/2019‌ 839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد رەحیم بەشارە سەرۆكی ئیدارەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند كە ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەسەرانسەری عێراق دەكرینەوە .

بەشارە لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاندووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پاریزگاكان، كۆمسیۆن پلانە كردەیی و كارگیریی و میدیاییەكانی بۆ كردنەوەی ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی لەسەرانسەری عیراق و هەرێمی كوردستانیش دەستپیكردووە ".

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە بەیانی رۆژی ٢٥ی ئازار یەكەم رۆژی كردنەوەی ناوەندەكانە تا بەرواری ٢٠/٤.٢٠١٩ بەردەوام دەبێت ، هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ژمارەی ئەو ناوەندانەی لەپاریزگاكانی عێراق بێ هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە ژمارەیان (٩٠٦) ناوەندە .

سەبارەت بە ئامادەكارییە لۆجستییەكانیش بەشارە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە سەرجەم كاروبارە لۆجستییەكانی ناوەندەكان ئامادە كراوە و فەرمانبەرانی ناوەندەكانی تۆماریش لەسەر ئەو بابەتە راهێنانیان پێكراوە.

بەشارە داوای لە هاوبەشانی پرۆسەی هەڵبژاردن و حزبە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندنكارەكان كردووە كە هاوكاری كۆمسیۆن بكەن و هانی هاوڵاتییان و دەنگدەران بدەن كە سەردانی ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەن بەئامانجی نوێكردنەوەی زانیارییەكانیان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی