جۆن بۆڵتۆن شكست بەگفتوگۆكانی ڕوسیاو ئەمریكا دەهێنێت

جیهان

24/03/2019‌ 1073 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی سەرچاوەكان، گفتوگۆكانی ڕوسیاو ئەمریكا لەبارەی نوێكردنەوەی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە ناوچەكانی باشووری سوریا، بەهۆی هەڵوێستەكانی جۆن بۆڵتۆن لەبارەی دەرچوونی سەربازانی ئەمریكا لەو وڵاتە شكستیهێناوە.

ڕۆژنامەی "نیۆیۆرك تایمز" لەزاری یەكێك لە پلەباڵاكانی ئەمریكاوە ئاشكرایكردووە، گفتوگۆكانی ڕوسیاو ئەمریكا لەبارەی نوێكردنەوەی ڕێكەوتنی ئاگربەست لە باشووری سوریا شكستیهێناوە، دوای ئەوەی جۆن بۆڵتۆن جەختیكردووەتەوە، تا ئەو كاتەی هێزە سەربازییەكانی ئێران خاكی سوریا جێنەهێڵن، هێزەكانیان لەو وڵاتەدا ناكشێتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، تا كاتێك جۆن بۆڵتۆن پۆستی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكای وەرنەگرتبوو، گفتوگۆكانی مۆسكۆ و واشنتۆن باش بووە، بەڵام دوای ئەوە لەزۆربەی پرسەكان ناكۆكیان بۆ دروست بووە.

دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لەكۆتایی مانگی 12ی ساڵی رابردوو بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی سوریا دا، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا بەرپرسانی واشنتۆن لێدوان‌و هەڵوێستی جۆراوجۆر لەو بارەوە دەردەبڕن‌و ئەوەش روسیای نیگەران كردووە.

وەرگێڕان: یاسین نادر