میسر، عێراق و ئوردن له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن

عیراق

24/03/2019‌ 1228 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
له‌ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی ئه‌مڕۆدا سه‌رۆكانی میسر، عێراق و ئوردن جگه‌ له‌ باسكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان له‌باره‌ی چه‌ند خاڵێكه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی مسیر و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و شار عەبدوڵا، پادشای ئوردون له‌ قاهیره‌ی پایته‌خت كۆبونه‌وه‌ و له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رسێ وڵاته‌وه‌ گفتوگۆیان كرد. 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌، هه‌رسێ سه‌رۆك پەیوەندیە جوگرافی و مێژوییەكانی نێوان هەرسێ وڵاتیان بەرزنرخاند، كە بەهۆیەوە كاریگەری كلتوری و رۆشنبیری  لەسەر هەرسێ گەلەكە دروستكردوە.

هه‌روه‌ها جەختیان لەسەر پێكەوەكاركردن بۆ بەرژەوەندیە ستراتیجی و ئابوریەكانی هەرسێ وڵات كردەوە تا گەشەبدەن بە هەماهەنگیەكانی نێوانیان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌ی سیسی و عه‌بدولمه‌هدی شا عه‌بدوڵادا هاتووه‌، "گەلی فەلەستین خاوەنی هەمو مافێكی شەرعی خۆیانن لە بنیادنان و دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەسەر خاكی خۆیان و دیاریكردنی قودس وەك پیاتەختی وڵاتەكەیان".
 
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌رسێ سه‌رۆك له‌باره‌ی دۆخی سوریاو لیبیا و یه‌مه‌نه‌وه‌ رایانگه‌یاندووه‌، "هیواده‌خوازین تا كۆبونەوەی لوتكەی داهاتو كە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی هاوخەمی و بەرزنرخاندنی هاوكاری و هەماهەنگی لەچوارچێوەی كۆمەڵەی نەتەوەكاندا لە وڵاتی تونس ئەنجامدەدرێت، دۆخەكە بەرەوپێشتربچێت".

لەبارەی گرنگیدان و كاركردنی چڕ بۆ پشتیوانیكردن لە دامەزراوە  نیشتیمانیەكانی وڵاتە عەرەبیەكان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "ئەو دامەزراوانە گرنتیەكی گرنگە دژ بە مەترسیەكانی تیرۆر و ناكۆكیە تایفی و مەزهەبیەكان، تا گیانی هاونیشتیمانیبون و دیموكراتی و پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتەكان و رێگریكردن لە دەستخستنە ناو كاروباری ناوخۆیی بپارێزن".