وەزیری وەرزشی فەڕەنسا: ناتوانین چارەسەری کێشەی نێوان رابیۆ و پاریس سانجێرمان بکەین

وەرزش

24/03/2019‌ 933 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆکسانا ماراسینۆ وەزیری وەرزشی فەڕەنسا دوپاتی کردەوە کە ناتوانن چارەسەری کێشەی نێوان رابیۆ و یانەی پاریس سانجێرمان بکەن.

دوای دروست بونی کێشە لە نێوان ئادریان رابیۆ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لەسەر درێژ نەکردنەوەی بۆندەکەی لەگەڵ یانەکەیدا و یاری پێنەکردن و پشتگوێخستنی لەلایەن یانەکەوە، دایکی ئادریان داوای لە وەزیری وەرزشی فەڕەنسا کردوە کە چارەسەری کێشەی نێوان کوڕەکەی و یانەی پاریس سانجێرمان بکات.

ماراسینۆی وەزیری وەرزشی فەرەنسا رایگەیاند: ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان نیە لەم بابەتەدا و ناتوانین وەک لایەنێک بچینە نێوانی ئەو یاریزانە و یانە فەڕەنسیەکە، ئەوە کێشەیەکی ناو یانەکەیە و پێویستە خۆیان چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن.

ماراسینۆ وتیشی:هەرچەندە من وەزیرم بەڵام ئەو مافە بە خۆم نادەم کە بکەومە ناو کێشەیەکی لەو شێوە لە یانەیەکی پیشەگەری گەورەدا.

رابیۆ لە هاوینی داهاتوو بۆندەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت و دەتوانێت بە خۆڕایی پەیوەندی بکات بە هەر یانەیەکەوە کە خۆی بیەوێت.

سەرچاوە: ئێن ئار تی سپۆرت
هـ ـ ب