خاڵی ناكۆكیان لەسەر چەند پۆستێكە
پارتی‌و یەكێتی ئامادەنین سازش بۆ یەكتری بكەن

کوردستان

25/03/2019‌ 2307 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی ئامادەنین سازش بۆ یەكتری بكەن، كە خاڵی ناكۆكیان دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمە.

شاندی پارتی‌و یەكێتی رۆژی یەك شەممە كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، لەو كۆبوونەوەیە بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون.

هەر بەپێی زانیارییەكان، نەگەیشتنە رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی پەیوەندی بەسووربوونی هەردوولاوە هەبووە بۆ داواكارییەكانیان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت‌و بەو هۆیەوە بەهیچ خاڵێكی هاوبەش نەگەیشتوون.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی سووربووە لەداواكارییەكانی، كە چەند پۆستێكی دیاریكردووە، لەوانە وەزارەتی ناوخۆ، ئەگەر ئەو وەزارەتە نەبوو، ئەوە پۆستی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، هەروەها پۆستی وەزارەتی سامانەسروشییەكان، ئەگەر ئەو پۆستەش نەبوو، لەبەرانبەردا پۆستی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە.

هاوكات یەكێتی جەختی لەوەرگرتنی پۆست لەهەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم بەدەسەڵاتەوە كردووە، بەڵام پارتی داواكارییەكانی رەتكردووەتەوەو بەهۆی ئەوەی سازشیان بۆ یەكتری نەكردووە، تەنیا بڕیاری ئەوەیان پێدراوە، كە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامی پێبدەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی 4ی مانگی رابردوو پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنێكی سیاسیان واژووكرد بۆ پێكهێننی حكومەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان رێكنەكەوتوون، ئێستا كێشەش بۆ ئەو رێككەوتنە دروست بووە.

هـ ـ ح