گۆڕان هۆشداری كشانەوەی داوە بەپارتی
یەكێتی زیادكردنی جێگیرێك بۆ سەرۆكی هەرێم رەتكردووەتەوە

کوردستان

25/03/2019‌ 5086 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات پێشنیازی زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەداتە یەكێتی نیشتمانی‌و ئەو حیزبەش پێشنیازەكەی رەتكردووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، لەكۆبوونەوەی رۆژی یەك شەممە، شاندی پارتی پێشنیازی ئەوەی بۆ یەكێتی كردووە، كە پۆستێك زیاد دەكەن، بەشێوەیەك سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت‌و یەكێك لەجێگرەكانی بەیەكێتی دەدرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندی یەكێتی لەكۆبوونەوەكە ئەوەیان رەتكردووەتەوەو سووربوونی خۆیان لەسەر داواكارییەكانی پێشوو دووپاتكردووەتەوە، كە خۆی لەداواكردنی چەند پۆستێك دەبینێتەوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكێتی سووربووە لەداواكارییەكانی، چەند پۆستێكی دیاریكردووە، لەوانە وەزارەتی ناوخۆ، ئەگەر ئەو وەزارەتە نەبوو، ئەوە پۆستی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، هەروەها پۆستی وەزارەتی سامانەسروشییەكان، ئەگەر ئەو پۆستەش نەبوو، لەبەرانبەردا پۆستی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە.

هاوكات یەكێتی جەختی لەوەرگرتنی پۆست لەهەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم بەدەسەڵاتەوە كردووە، بەڵام پارتی داواكارییەكانی رەتكردووەتەوەو بەهۆی ئەوەی سازشیان بۆ یەكتری نەكردووە، تەنیا بڕیاری ئەوەیان پێدراوە، كە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامی پێبدەن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، وادەی هەردوولا بۆ كۆبوونەوە رۆژی 27ی ئەم مانگە لەسلێمانی دیاریكراوەو بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەش بڕیاری سەركردایەتی پارتی‌و یەكێتی بهێنرێتەوە بۆ گەیشتنە رێككەوتن.

ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی 4ی مانگی رابردوو پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنێكی سیاسیان واژووكرد بۆ پێكهێننی حكومەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان رێكنەكەوتوون، ئێستا كێشەش بۆ ئەو رێككەوتنە دروست بووە.

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، كە بزووتنەوەكە هۆشداریداوە پارتی دیموكرات بەوەی لەرێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت دەكشێتەوە، ئەگەر بێت‌و جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت.

گۆڕان‌و پارتی پێشتر لە 18ی دوو لەسەر پێكهێنانی حكومەت رێككەوتن‌و واژوویان لەسەر رێككەوتنێكی سیاسی كرد، كە بەپێی رێككەوتنەكە، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەو بزووتنەوەیە دەدرێت.

هـ ـ ح