"باڵیۆزخانەكانی ئەردۆغان" بنكەی سیخوڕی بەپاساوی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"

جیهان

25/03/2019‌ 1599 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی "نۆردیك مۆنیتۆر"ی سویدی چەند بەڵگەنامەیەكی ئاشكرا كردووە، كە تێیدا باس لەوە دەكات،  باڵیۆزخانەكانی توركیا لەچەندین وڵاتی جیهان چەندین هەڵمەتی سیخوری بەڕێوە دەبەن بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو كەسانەی توركیا بە تیرۆریستیان ناوزەند دەكات .

بەپێی راپۆرتەكە، باڵیۆزخانەی توركیا لە نیوزلەندا لیستێكی داناوە بۆ ئەو كەس و لایەنانەی، كە دەبێت چاودێرییان بكرێت لەناویدا ڕێكخراوی "بێرل ئۆف زە ئایلاندز" و ناوەندی "لیتڵ بیرلز"، كە تایبەتە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی چاودێریی و فێركردن بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان ٣ مانگ بۆ ٥ ساڵیدایە.

باڵیۆزخانەكە ئەو زانیارییانە لەسەر داخوازی ئیدارەی رووبەرووبوونەوەی بەقاچاخبردن و تاوانی ڕێكخراو سەر بە پۆلیسی نیشتیمانی توركی كۆدەكاتەوە ، ئەوە لەكاتێكدا ئەو  دامەزراوەیە لەڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە لێكۆڵینەوە لەو بابەتانەدا بكات كە دەكەونە دەرەوەی سنووری توركیا .

پێگەكە دەڵێت: باڵیۆزخانەی توركیا لە ئۆتاوای كەنەدا سیخوری بەسەر ئەو كەسانەدا كردووە كە رەخنەیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا گرتووە.
هەروەك دیپلۆماتكارە توركەكان زانیارییان لەسەر بەرهەڵستكارەكانی سەرۆكی توركیا كۆكردۆتەوە ، بەو پاساوەی چالاكیی ئەو دامەزراوانەی ئەوان سەرۆكایەتی دەكەن چالاكیی "تاوانكارین" .

دوای ئەوەی ئەو راپۆرتانە نێردراونەوە بۆ توركیا ، ئەو كەسە بەرهەڵستكارانە دۆسیەی تاوانكارییان بۆ كراوەتەوە ، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا نیو ملیۆن كەس لە بنكەكانی پۆلیس بەند بكرێن .

پەیرەوكردنی ئەو سیاسەتی كۆكردنەوەی زانیاریی لەلایەن باڵیۆزخانە و نێردە دیبلۆماتییەكانی توركیا ، تووڕەیی و نیگەرانی هەندێ لە وڵاتانی لێكەوتۆتەوە ، بەجۆرێك لێكۆڵەرە سویسرییەكان دۆسیەیەكی لێكۆڵینەوە و فەرمانێكی دەستگیركردنیان بۆ دوو دیپلۆماتكاری باڵیۆزخانەی توركیا دەركردووە كە هەوڵیانداوە خاوەنكارێكی سویسریی بەرەگەز تورك بڕفێنن لەبەر ئەوەی رەخنەی لە رژێمی سەركوتكارانەی ئەردۆغان گرتووە .

لەو دامەزراوانەی دیپلۆماتكارە توركەكان سیخووڕییان بەسەرەوە كردووە كۆمەڵەی هاوییەتی توركی كەنەدیی ، ئەكادیمیای نیل ، ناوی دوو رۆژنامەوانی رەخنەگەر لە ئەردۆغانیش هاتووە كە ئەوانیش ناویان فارووق ئەرسەلان و حیسان یڵمزە .

هەموو ئەو كەس و لایەنانە كە توركیا تۆمەتباریان دەكات دۆسیەیەكی تاوانكارییان بۆ دەكاتەوە ، وەك ئەوەی بە فەتحوڵلا گولەن دەڵێت كە لەپشت هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی ٢٠١٦ وە بووە .

پێگە سویسییەكە دەڵێت ئەو كەسانەی ناویان لە لیستەكانی ناو باڵیۆزخانەی توركیا لە ئۆتاوای كەنەدادا هەبووە رووبەرووی تەنگپێهەڵچنین و بێبەشكردن بوونەتەوە لە خزمەتگوزارییەكانی كونسوڵخانەكان ، ئەوە سەرباری ئەوەی لەكاتی گەرانەوەیان بۆ توركیا رووبەرووی مەترسیی بەندكردن دەبنەوە .

راپۆرتەكە تیشكی خستۆتە سەر كەیسی پاریزەر محەمەد راسم كۆسیری كە ٣٠٠ دۆلار هاوكاری كۆمەڵەی دۆستایەتی توركی كەنەدیی كردووە ، ئەم كارە وایكردووە دەسەڵاتدارانی ئەمە بكەنە بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگر لەسەر تێوەگلان بە تۆمەتی تیرۆر .

حكومەتی ئەردۆغان تۆمەتی تیرۆری كردۆتە پاساوی بەدواكەوتنی هەموو نەیارەكانی ، بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی نۆردیك مۆنیتۆر بڵاوی كردۆتەوە ئیستا لە توركیا ٢٣٥ رۆژنامەنووس بەتۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر دەستگیر كراون .

لەوەتی كودەتا شكستخواردووەكەش لە توركیا روویداوە  لەسەدا ٣٠ دیپلۆماتكارە توركەكان ، لەسەدا ٦٠ی گەورە فەرماندەكانی سوپا و پۆلیس ، نیوەی جەنەڕاڵەكانی سوپا ، لەسەدا ٣٠ دادوەر و داواكارانی گشتیی  وڵات وەك "تیرۆریست"پۆلێن كراون .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی