نیشانە سەرەتاییەكانی تووشبوون بەشێرپەنجەی مێشك لەزاری تووشبووانەوە

تەندروستی

25/03/2019‌ 2252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "PLOS One" لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی كینگز گۆڵدجی بەریتانی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هەندی نیشانەی باس كردووە كە بەڵگەی تووشبوونە بە نەخۆشی شێرپەنجەی مێشك، لەكاتێكدا خەڵك پشتگوێیان خستووە و هیچ بەلایانەوە گرنگ نییە .

تیمی ئامادەكاری توێژینەوەكە باسیان لە هەندێ گرفت كردووە كە نەخۆشەكان پێش ئەوەی بۆیان دەربكەوێت تووشی شیرپەنجە بوون بەدەستییەوە ناڵاندوویانە.

یەكێك لەو ژنانە كە تووشی شێرپەنجەی مۆخ بووە وتوویەتی " لە رۆژدا بەشێوەیەكی نائاسایی حەزم لە خەو بوو ، تەنانەت جارێكیان زمانی تێكەڵ و پیكەڵ بووە و وایلێهاتووە قسەكردنی لەدەسەڵاتی خۆیدا نەماوە ، ئەوەش بۆ ماوەی یەك خولەك بەردەوام بووە .

ئافرەتێكی تر  وتوویەتی پێش ئەوەی بۆم دەربكەوێت كە تووشی شیرپەنجە بووم بەردەوام هەستم بە ماندوویەتی دەكرد ، بەڵام گومانم وانەبوو ئەوە بەهۆی نەخۆشییەوە بێت بەڵكو پێموابوو بەهۆی سرووشتی كارەكەمەوەیە.

هەروەها ئافرەتێكی تر باسی لەوە كردووە كە پێش دەركەوتنی تووشبوونی بە شێرپەنجە هەندێ شتی هاتۆتە پێش چاو  كە هەستی كردووە كە پیشتر ئەو شتانەی بینیوە ، كە لەرووی زانستیی پزیشكی و دەروونناسیدا پێیدەگوترێت "deja-vu" ، هەروەك گوتوویەتی كە هەستی بە هەندێ بۆنی ناخۆش كردووە ، هەرچەندە ئەو شتانەی بەلاوە سەیر بووە بەڵام بیری لە سەردانكردنی پزیشك نەكردۆتەوە.

لێكۆڵینەوەكە ئەوەی ئاشكرا كردووە كە زۆربەی ئەوانەی تووشی شێرپەنجە بوون سەردانی پزیشكیان نەكردووە تەنیا دوای ئەوەی هەستیان كردووە تووشی جەڵتەی دەماغ یان خەڵەفان بوون .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی