پارتی: پێكهێنانی حكومەتی هەرێم تەنیا لەسەر كات ماوە

کوردستان

25/03/2019‌ 1133 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەحمود محەمەد وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئاستێكی زۆرباشیان بەخۆوە بینیوەو تەنیا مەسەلەی كاتە بۆ راگەیاندنی حكوومەتێكی بەهێز لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك و هەرێمی كوردستان.

قسەكانی وتەبێژی پارتی لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ شاندی كونسووڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد، كە پێكهاتبوون لەستیڤن فەیگن كونسووڵی گشتی و سیلڤیا ئیلیزیا بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری كونسوڵخانە.

بەپێی راگەیەنراوێك، لە دیدارەكەدا باس لە پێشوەچوونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم كرا، لای خۆیەوە كونسووڵی ئەمریكا جەختی كردەوە لەسەر گرینگی پێكهێنانی كابینەی نوێ، لەبەرامبەردا مەحمود محەمەد سوپاسی هاوخەمی كونسووڵخانەو حكومەتی ئەمریكای كرد و روونیكردەوە كە هەوڵەكان  ئاستێكی زۆرباشیان بەخۆوە دیوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكەو لو دیدارەك باسی چارەكردنی گرفتەكانی نێوان پارتە جیاوازەكانی هەرێم كرا و مەحموود محەمەد روونی كردەوە پێداگرتنی پارتی بۆ بونیادنانی حكوومەتیكی بەتوانا و هاوبەش ئەو راستییە دەردەخات كە پارتی باوەڕی تەواوی بەوە هەیە كە لایەنەكان دەبێت رۆڵی كارای خۆیان ببینن لە بەڕێوەبردنی هەرێمەكە كە ئەمەش لەسۆنگەی باوەڕبوونمان بە هاونیشتمانیەتی ھەموو ھێز و لایەنەكان دێت.

لە لایەكی ترەوە دۆخی نێوان بەغداو هەرێم تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو فەیگن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو نزیكبوونەوەی، كە پەیوەندییەكانی هەردوولا  بە خۆیانەوە بینیوە و ئومێدیشی خواست كە هەردوولا هەوڵی زیاتر بدەن بۆ باشتركردنی دۆخەكەو چاكتركردنی دۆخی هاوڵاتیان و سەقامگیری وڵات.

هـ ـ ح