بۆچی كازاخستان ناوی پایتەختەكەی كرد بەناوی سەرۆكەكەیەوە؟

جیهان

26/03/2019‌ 1429 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كازاخستان بڕیاریدا ناوی پایتەختەكەی لە (ئەستانا) وە بگۆڕێت بۆ ( نوور سوڵتان ) ئەوەش وەك ڕێزێك بۆ  سەرۆكی پێشووی  وڵاتەكەیان، كە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ و لەدوای جیابوونەوەی لەیەكێتی سۆڤێتی پێشوو فەرمانرەوایی كازاخستانی كرد و لەم ماوەیەی پێشووتر لەسەر خواستی خۆی‌و بەشێوەیەكی كتوپڕ دەستی لەكاركێشایەوە .

رۆژی شەممە ٢٣ی ئازار یەكەم رۆژ بوو بۆ بەكارهێنانی فەرمیانەی ناوی (نوور سوڵتان) وەك پایتەختی كازاخستان، سەرەرای ئەوەی هەندێك نارەزایەتی، لە شەقام لەسەر ئەو بابەتە درووست بوو ، بەڵام دەسەڵاتداران بە دەستگیر كردن و توندوتیژی كۆتایی بە نارەزایەتییەكان هینران .

نزارباێڤ كێیە ؟
نوور سوڵتان نزارباییڤ كە ٣٠ ساڵ سەرۆكایەتی كازاخستانی كرد ، یەكەمجار وەك ڕێبەرێكی شیوعی لەنێوان ساڵەكانی ١٩٨٩-١٩٩١ ، دواتر وەك سەرۆك كۆماری كازاغستانی سەربەخۆ ، لەو ماوەیەشدا چوارجار لەهەڵبژاردنەكاندا بە زۆرینەی رەها بەسەرۆك هەڵبژیردرایەوە .

نزارباێڤ تەمەن (٧٨ساڵ) لەهەنگاویكی كتوپڕدا دەستی لەكاركێشایەوە ، لەپێناو پاراستنی  باڵادەستی و زاڵێتی خۆشی بەسەر وڵاتدا پێشتر پلانیكی تۆكمەی بۆ ئەو هەنگاوە داناوە . بەجۆرێك كچەكەی داریغای تەمەن (٥٥ساڵ) وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی پیران دانا لە شوێنی قاسم جومارت تۆكاییڤ (٦٥ساڵ)  ، كە لە ڕێورەسمێك لە پەرلەمان وەك سەرۆكی وڵاتی كازاخستان بەوەكالەت دانرا.

نوور سوڵتان وەك سەرۆكی حزبی دەسەڵاتدار لە پۆستەكەی خۆیدا مایەوە ، ئەوە جگە لەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتیشە كە دامەزراوەیەكی دەستوورییە و بەگوێرەی یاسا لە ساڵی ٢٠١٨ دەنگی لەسەر دراوە ، هەروەك نازناوی ( باوكی نەتەوە)ی دراوەتێ بەجۆرێك پاریزبەندی دادوەریی پیدەبەخشێت.

راهاتن لەسەر گۆڕینی ناوی پایتەخت
نوور سوڵتان نزارباییڤ خۆی ساڵی ١٩٩٧ بڕیاریدا پایتەخت لە ئەلماتاوە بگوازێتەوە بۆ ئەستانا ، دوای ٢٢ ساڵ پاش ئەوەی  سەرۆكی پێشوو دەستی لەكاركیشایەوە سەرۆكی كاتی وڵات قاسم جۆمارت تۆكاییڤ بڕیاریدا ناوی پایتەختەكە بگۆڕێت ، ، بەم جۆرە ئەوە بۆ پێنجەم جارە لەماوەی شەست ساڵدا ناوی پایتەخت دەگۆڕدرێت ئەویش ئەستانا ، ئەكمۆلنسك ، تسیلونگراد ، ئەكمولا ، دواجار نوور سوڵتان.

ناڕەزایەتییەكان
بریاری گۆرینی ناوی پایتەختی كازاخستان كە( ژمارەی دانیشتوانەكەی ملیۆنێك كەسە) لە ئەستاناوە بۆ  نوور سوڵتان ، نارەزایەتیی چین و توێژە جیاجیاكانی شارەكە و بەرهەڵستكارانی ئەو وڵاتەی لیكەوتەوە. 

یەكێك لە كەسە نارازییەكان لەو گۆرانكارییە دەڵێت " گۆڕینی ناوی پایتەخت كارێكی زۆر نەگونجاوە ، ئەستانا ماركەیەكی بازرگانییە ، پێموایە ناوی نوور سوڵتان بۆ پایتەخت زۆر نەشیاوە ، ئێمە لێرە شەقامی نوور سوڵتانمان هەیە ، زانكۆی نوور سوڵتانمان هەیە ، ئیستاش وا شاری نوور سوڵتانیشی هاتە سەر ".

یەكێكی تر دەڵێت: من دژی گۆڕینی ناوی ئەستانام بۆ نوور سوڵتان ، ئەستانا ئێستا ماركەیەكی بازرگانیی جیهانییە ، هەموو كەس لەڕێگای پێشانگای ئیكسپۆ ٢٠١٧ و لوتكەی ئاسایش و بەرگری و هاوكاری ئەوروپا ئەستانا  دەناسێ ".

دوای دەستلەكاركیشانەوەی سەرۆكی وڵات و  گۆڕینی ناوی پایتەخت . دوو گەورەشاری ئەو وڵاتە كە ئەستانا و ئەلماتی بوون خۆپیشاندان و نارەزایەتیی سەریانهەڵدا ، بەڵام هێزەكانی پۆلیس دەستیان بە هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەو كەسانە كرد كە بەشداریان لەو نارەایەتییانەدا كردبوو.

كازاخستان
وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە نەوت و غاز ، رووبەرەكەی ٢،٩ ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت ، ژمارەی دانیشتوانەكەی ١٨ ملیۆن كەسە . گەورەترین سەرچاوەی یۆرانیۆمە لە جیهاندا و گەورەترین ئابووریشی هەیە لە ئاسیای ناوەراست .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی