هەڕەشە بۆ سەر سەرۆكایەتییەكەی.. ترامپ رووبەرووی تۆمەتی تاوانكاری قورس دەبێتەوە

sharpress.net

990 جار خوێندراوه‌ته‌وه

26/03/2019‌

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەی لێكۆڵەری تایبەت (رۆبرت مۆلر) سەبارەت بە رۆڵی روسیا لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016ی ئەمەریكا كۆتایی هات، بەڵام مەترسیە یاساییەكان لەسەر سەرۆك دۆناڵد ترامپ و نزیكەكانی كۆتایی نەهاتوە.

لە ئێستادا وەزیری دادی ئەمەریكا (ولیام بار) سەرقاڵی پێداچوونەوەی راپۆرتەكەی مۆلەرە، بەڵام بەرپرسێك لەو وەزارەتە بە دووری دەزانێ كورتەی ئەو لێكۆلینەوەیە بۆ جەماوەرو كۆنگرێس بخرێتە روو، ئەمەش بە گوێرەی رۆیتەرز.

رۆژی هەینی لێكۆڵەری تایبەت راپۆرتە نهێنیەكەی دەربارەی لێكۆڵینەوەكە پێشكەشی وەزیری داد ولیام بار كرد، و ئەو بڕیار دەدا چەندێ زانیاری لە بارەی لێكۆلینەوەكەوە بڵاو دەكاتەوە.

ترامپ و روسیا
شارەزای یاسا و مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی میسری (ئەیمەن سەلامە) وای دەبینێ یەكەمجار هیچ تۆمەت و حوكمێكی كۆتایی رووبەرووی سەرۆك ناكرێتەوە دەربارەی پلانگێڕی لەگەل روسیا و روسەكان بۆ سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، و دووپاتیكردەوە هیچ مادەیەكی یاسایی نیە لە یاساكانی ئەمەریكادا ئەم كارە سزا بدات.

سەلامە دەڵێ: پلانگێڕان یان تێوەگلان لەگەڵ روسیا تۆمەتە قورسە سەرەكیەكان نیە لە لێكۆڵینەوەكەی مۆلەردا، بەڵام تۆمەتە گرنگەكان پەیوەندی بە لایەنی كەسێتی ئەوەوە هەیە ئەوانیش بریتین لە : بەربەست دروست كردن بۆ دادپەروەری، پێشێل كردنی دەستورو یاسادانانی ئەمەریكی بە وەرگرتنی دیاری لە وڵاتان و دامەزراوە بیانیەكان.

شارەزای ناوبراو دەلێ: تومەتە قورسە ئاراستەكراوەكان دژی یاریدەدەران و راوێژكارانی ترامپ مەترسیدارەو رەنگە لێكۆڵینەوەكە لە كۆتاییدا تۆمەتباركردن و حوكمدانی سەرۆكی ئەمەریكای لێ بكەوێتەوە. و پێدەچێ لە پاش پشكنینی ورد كورتەی لێكۆڵینەوە سەرەكیەكەی مۆلەر بڵاو بكرێتەوە و بڕوام وایە تیایدا راستیە یاساییە گرنگەكان و راستیە‌ مادیەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا ئاشكرا ناكرێت، لەگەڵ ئەوەی لێكۆڵینەوەكە درێژەی كێشاوەو نزیكەی دوو ساڵی پێچووە.

ئیستا لێكۆڵینەوەكان و رێكارە یاساییەكانی تر دەربارەی كۆمپانیاكانی ترامپ و مامەڵەكانی و هەڵس و كەوتی خودیی و دامەزراوە خێرخوازیەكەی و لیژنەی دانانەكەیەتی . ئەم لێكۆڵینەوانە لەلایەن نوینەرانی داواكاری گشتیەوەیە لەسەر ئاستی ئیتحادی و ئاستی ویلایەتەكان بەڕێوە دەچێت، ئەم تۆمەتانەش؛ ئەوانەی لە لێكۆڵینەوەكەی مۆلەردا هاتوە تێدەپەڕێنێ.

دۆزە قورسەكانی ترامپ
بە گوێرەی رۆیتەرز، مۆلەر 34 كەسایەتی و سێ كۆمپانیای تۆمەتبار كردوە، و هەندێ لەوان بڕیاری تاوانی بۆ دەرچوەو دۆزێكیان ئاراستەی دادگا كراوەو تیایدا (بول مانافۆرت) سەرۆكی هەلمەتی پێشووی ترامپ لە ئابی 2018دا تۆمەتباركرا بە هەشت تۆمەتی قورس، لە نێویاندا فروفێڵی بانكی و باج.

سەرەرای ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ رۆجەر ستون راوێژكاری ترامپ بۆ ماوەیەكی دورودرێژو تا ئێستاش دادگایی كردنەكەی بەردەوامە، دۆزێكی تریش پەیوەندی بە تۆمەتبارە روسەكانەوە هەیە و تا ئێستا رووبەرووی دادگا نەكراونەتەوە. شارەزا یاساییەكان دەڵێن ئەگەری هەیە نوێنەرانی تری داواكاری گشتی لە وەزارەتی داد دۆسیەی تاوانی قورس بگرنە دەست؛ ئەو دۆزانەی مۆلەر دەستی پێكردوە.

مامەڵەی دارایی 
شارەزا یاساییەكان دەڵێن: ترامپ رووبەرووی مەترسیەكی توند دەبێتەوە لەلایەن نوێنەرانی داواكاری گشتی ئیتحادی لە مانهاتن. لەم بارەیەوە پارێزەری پێشووی تایبەتی ترامپ مایكل كۆهین لە گەواهیدانێكدا لەبەرانبەر  كۆنگرێس لە 27ی شوباتدا  وتی : نوسینگەی داواكاری گشتی لە ناوچەی باشور لە نیویۆرك دەست دەكات بە پشكنینی مومارەسەكانی بازرگانی و مامەڵە دارایەكانی ترامپ. كۆهین وتی : ترامپ لە پێشێلكردنی یاسایی پارەداركردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێوەگلاوەو لەم بارەیەوە پاریزەری ناوبراو دانی بە تاوانباری خۆیدا ناوە لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانی ناوچەی باشور.

كۆهین دانی بەوەداناوە یاساكانی پارەداركردنی هەڵمەتە هەڵبژاردنەكانی كردوە، لەسەر داواكاری ترامپ بە پێدانی بەرتیل پێش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ساڵی 2016 بە ئەكتەری فیلمە رووتەكان (ستورمی دانیالز) و نمایشكاری گۆڤاری بلای بۆی پێشوو (كارین مكدوجال) بۆ ئەوەی زیان بە خۆكاندیدكردنی ترامپ نەگەیەنن. هەردوو ژنەكە باسی پەیوەندییە سێكسیەكانیان لەگەڵ ترامپ كردوە و ئەویش رەتی كردۆتەوە.

داوا لەسەر ناوزڕاندن
داوا لەسەر ناوزڕاندن لەلایەن (سمر زیرفوس) دژی ترامپ بەردەوامە؛ پێشبڕكێكەری پێشوو لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەكەی لە دادگای نیویۆرك، پاش ئەوەی دادوەر رێگەی بەبەردەوام بوونی دۆزەكەدا. زێرفۆس داوای دژی ترامپ بەرزكردبۆوە بەهۆی ئەوەی وەسفی كردبو بە خراپی هەلس و كەوتی سیكسی درۆ، لەهەمان كاتدا ترامپ دووبارە لە تویتێكدا قسەكانی زیرفۆسی لە فیڵ وەسف كردبوو. هەروەها بەڵگەنامە دادوەریەكان ئاشكرایان كردوە ترامپ رازی بوە بە پێشكەش كردنی وەڵامی نوسراو لەسەر پرسیارەكانی زیرفوس.

زیرفۆس ترامپی تۆمەتبار كردوە بەوەی بەزۆر لە نوسینگەكەی لە نیویۆرك ساڵی 2007 ماچی كردوە لە كاتی كۆبونەوەیەكدا لە ئوتیلێكی كالیفورنیا خۆی پێوە نوساندوە. سەرەرای ئەوە 12 ژنی تر ترامپیان تۆمەتبار كردوە بەوەی داوای سیكیسی لێ كردوون، ئەمەش چەند ساڵێك پێش ئەوەی بچێتە ژیانی سیاسیەوە.

بە كورتی داواكاریە یاساییەكان دژی ترامپ چەند دۆزێكی تریش دەگرێتەوە لەوانە: دامەزراوەی ترامپ، قبول كردنی دیاری لە حكومەتە بیانیەكان، لیژنەی دانانی (تنصیب) ی ترامپ، و پێدەچێ سەرۆكایەتیەكی نەبێتە رێگر بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەلدا بكرێت.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا





ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved