چیرۆكی كوردانی رۆژئاوا.. لەپەراوێزخستنەوە بۆ سەرهەڵدان‌و خۆبەڕێوەبەری

کوردستان

27/03/2019‌ 2120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەرای ئەوەی كوردەكانی سوریا هیچ كاتێك داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان لە سوریا نەكردووە ، بەڵكو داوایان كردووە لە چوارچێوەی سوریادا و لەناو دەستووری ئەو وڵاتەدا دان بە بوونی كورددا بنرێت وەك دووەم نەتەوەی ناو سوریا و مافە سیاسیی و رۆشنبیرییەكانیشیان دەستەبەر بكرێت ، بەڵام لەبەرانبەردا دەوڵەتی سوریا بەردەوام تۆمەتی جوداخوازیی داونەتەپاڵ .

بەرنامەی حیزبە كوردییەكان بەدرێژایی كاركردنیان ئەوە بووە كەهەوڵ بدەن ئەو پرۆژانە بسڕنەوە كە مۆركیكی رەگەزپەرستانەیان  دەرحەق بە كورد پێوە بووە، وەك درووستكردنی  پشتێنەی عەرەبی كە لەساڵی ١٩٦٢ حكومەتی سوریا بڕیاری لێدا بۆ لێكدابڕینی ناوچە كوردییەكانی سوریا لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا و نیشتەجێكردنی خێزانە عەرەبییەكان لەشوێنیان ، تاهیچ پەیوەندییەكی جوگرافی لەنێوان ناوچە كوردییەكانی سوریادا نەمێنیت .

زمانی كوردی و  ئاهەنگی نەورۆز
حزبە كوردییەكان بەردەوام یەكێك لە داواكراییەكانیان ئەوە بووە لەجیاتی قەدەغەكردنی رێگە بە بەكارهێنانی زمانی كوردیی و خوێندنی بدرێت لە خوێندنگاكان ، وە ئەو سەدان هەزار كوردەی لەچوارچێوەی پرۆژەی پشتێنەی عەرەبیی لە مافی هاوڵاتییبوون بێبەش كرابوون رەگەزنامەیان پێبدرێت ، بەڵام رژێمی سوریا لەسەدەمی ئەسەدی باوك و كور هیچكامیان وەڵامی ئەو داخوازییەی كوردیان نەداوەتەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەزاران كوردی بەتۆمەتی جوداخوازیی راپێچی زیندانەكان كردووە.

رژیمی سوریا ڕێگەی نەدەدا وەكو جەژنێكی نەتەوەیی كوردەكان یادی نەورۆز بكەنەوە ، بەڵام ئەسەدی باوك لەساڵی ١٩٨٨ بەگوێرەی فەرمانی ژمارە ١٠٤ رۆژی ٢١ی ئازاری هەموو ساڵێكی وەك جەژنی دایك دیاریكرد ، بەهۆی ئەوەی كوردەكان لەو رۆژەدا لە دامو دەزگاكانی وەك زانكۆ و فەرمانگە و قوتابخانەكان نەدەمان ، ئەمە وایدەكرد كە دەوامی فەرمانگە فەرمییەكان پەكی بكەوێت ، بۆیە دوای دوو ساڵ لە یادكردنەوەی نەورۆز بەئاشكرایی دووبارە  قەدەغەكرایەوە .

راپەرینی كوردەكان
رەوشی كورد لەسەردەمی ئەسەدی كوڕ جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبوو وەك لەسەردەمی پێش خۆی ، بەجۆرێك لە راپەرینەكەی ساڵی ٢٠٠٤ دەیان گەنجی كورد شەهید كران و سەدانیشیان خرانە زیندانەكانەوە ، كەهێندێكیان بۆماوەی چەند ساڵێك لەگرتووخانەكانی رژێمی سوریادا مانەوە ، ئەوە سەرباری دەركردنی دیان خوێندكاری كورد لە زانكۆكانی سوریا.

لە هەموو یادكردنەوەكانی نەورۆزدا رژێمی سوریا بە فیشەك رووبەرووی خەڵكی ئاهەنگگێری كورد دەبۆوە ، لە نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٨ سێ گەنجی كورد لە قامیشلی شەهید كران ، لە ٢٠٠٩ لە ئاهەنگی نەورۆزی شاری رەققە دەیان گەنجی كورد بە فیشەكی هێزە ئەمنییەكانی سوریا شەهیدكران و دەیانیش لەژێر ئازار و ئەشكەنجەی دەزگا ئەمنییەكان گیانیان لەدەستدا ، لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٠ لە شاری حەلەب هەزاران گەنجی كورد دەستگیر كران ، دوای ئەوەی گرژیی لەنێوان ئاهەنگگیرانی كورد و هێزە ئەمنییەكان درووست بوو .
 
دوای سەرهەڵدانی نارەزایەتییانی ناوخۆی سوریا
لەگەڵ سەرهەڵدانی نارەزایەتییەكان لەناوخۆی سوریا لەساڵی ٢٠١١ رۆڵ و كاریگەریی كوردەكان بەدەركەوت ، ئەویش دوای ئەوەی رژێمی سوریا بەشێوەیەكی پلە بەپلە دەزگا دەوڵەتییەكانی لەناوچە كوردییەكان كشاندەوە .

دوای ئەو هەنگاوە رژێمی سوریا رەزامەندی پیشاندا لەسەر ئەوەی رەگەزنامە بەبەشێك لەو كوردانە بدات كەپێشتر لێیان زەوت كرابوو .

هەروەك سەرەرای بانگهێشتكردنیان سەرۆكی حزبە كوردییەكانی سوریا رەتیان كردەوە چاویان بە بەشار ئەسەدی سەرۆكی رژێمی سوریا بكەوێت .

دوای ئەوەی كوردەكان دەستیان بەسەر رووبەریكی فراوانی خاكی سوریادا گرت و ئیدارەیەكی خۆبەرێوەبەریان لێدرووست كرد ، زۆربەی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سوریا بەهەمان ئاوازی رژیمی سوریا كوردییەكانیان بە جوداخواز تۆمەتبار دەكرد ، بەتایبەت ئەو كەسە دیارانەی لە رژێمی ئەسەد جیا ببوونەوە، ئەوە لەكاتێكدا ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باكووری سوریا و رۆژئاوای كوردستان ، بەردەوام جەختیان لەوە كردۆتەوە پرۆژەكەی ئەوان بۆ یەكپارچەیی خاكی سوریا و ڕێگرییە لە دابەشبوونی ئەو وڵاتە.

بەدرێژایی فرووستبوونی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كوردەكان لە سوریا چەند جارێك لەگەڵ رژێمی ئەسەد كەوتوونەتە گفتوگۆ  بەئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمەلایەنە بۆ تەواوی سوریا و كێشەی كورد لەو وڵاتە .

ئەوەی جێگای سەرنجە هێزە بەرهەڵستكارە سوریاییەكان بێ بوونی هیچ بەڵگەیەكی دیار هەمیشە تۆمەتی جوداخوازییان بۆ ئاراستەی كورد لە سوریا دەكەن .

دوای ئەوەی كوردەكان و هاوپەیامنەكانیان بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش توانیان دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی لە دنیادا تێكبشكێنن ، دووبارە كوردەكان داوایان لە رژێمی ئەسەد كرد كە بەشێوەیەكی فەرمی دان بنێت بە ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییەكەیان ، ئەوەش لەچوارچێوەی یەكییەتی خاكی سوریادا ، جەختیشیان كردۆتەوە لەسەر ئەوەی پرۆژەكەی ئەوان هەرگیز بەئامانجی پارچەپارچەكردنی خاكی سوریا نییە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی