یەكێتی دواین پەیامی گەیاندووەتە پارتی
شارپرێس وردەكاری ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت ئاشكرادەكات

کوردستان

27/03/2019‌ 11569 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتووە، ئەوەش بەهۆی ناكۆكیان لەسەر چەند پرسێك.

كۆبوونەوەی پارتی ‌و یەكێتی رۆژی چوار شەممە لەسلێمانی كۆبوونەوە، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو كۆبوونەوەكە بەشارپرێس دراوە، شاندی هەردوو حیزب بەراشكاوی قسەیان كردووە، ئەوەش بۆ گەیاندنی دوا پەیام بەیەكتری.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندی یەكێتی جارێكی تر جەختیانكردووەتەوە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرن، لەبەرانبەردا دەبێت پۆستی زۆرتریان پێبدرێت، بەڵام شاندی پارتی رایانگەیاندووە، ویستی خۆیانە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرن، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەدا هیچ پۆستێكی تر، بەتایبەتی پۆستی باڵا وەرناگرن.

هاوكات پارتی پێشنیازی پێنج وەزارەتی بۆ یەكێتی كردووە، بەمەرجێك خۆیان پۆستە وەزارییەكان دیاری بكەن، بەڵام یەكێتی ئەوەی رەتكردووەتەوەو داوای شەش وەزارەتی كردووە، كە سێ‌ وەزارەت خۆیان دیاریبكەن‌و پارتی-یش سێ‌ وەزارەت دیاریبكات، بەڵام ئەو پێشنیازە رەتكراوەتەوە.

هاوكات هەر لەكۆبوونەوەكە یەكێتی چەند پێشنیازێكی تری كردووە، بەوەی وەك عێراق بەپێی خاڵبەندی پۆستەكان دابەشبكرێت‌و هەر لایەنێك چەند پۆستی وەرگرت، پشكی خۆی بێت‌و دەبێت رازی بێت، بەڵام پارتی ئەوەشی رەتكردووەتەوە.

هەروەها یەكێتی پێشنیازی ئەوەشی كردووە، كە وەك كابینەی هەشت پۆستەكان دابەشبكرێت، بەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرن، لەبەرانبەر ئەوەدا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ چ لایەنێك دەبێت، ئەوان گرفتیان نییە، پارتی ئەو پێشنیازەشی رەتكردووەتەوە.

لەلایەكی ترو هەر لەكۆبوونەوەكە شاندی پارتی پێشنیازی دانانی دوو جێگریان بۆ سەرۆكی هەرێم كردووەو یەكێك لەجێگرەكان بۆ یەكێتی بێت، بەڵام یەكێتی ئەوەی رەتكردووەتەوەو بەو هۆیەشەوە نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێك.

ئەمە لەكاتێكدایە لە 4ی ئازار پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنێكی سیاسیان واژووكرد، كە هەر لەكۆبوونەوەكە، شاندی یەكێتی هۆشداری ئەوەیان داوە، ئەگەر بێت‌و بەبێ‌ ئەوان كابینەی نۆ پێكبهێنرێت، ئەوە ئەوان نابنە ئۆپۆزسیۆن‌و مامەڵەی تر لەگەڵ دەسەڵات دەكەن.

هەر لەكۆبوونەوەكە باس لەوەش كراوە، كە لەسەر گفتوگۆو كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن، بەڵام كاتی كۆبوونەوەی تر دیارینەكراوەو رەنگە بەم نزیكانەش كۆبوونەوەی نوێ‌ ئەنجامنەدەن.

هـ ـ ح