ئێران‌و ئیسرائیل.. لەپەیوەندییەكی مێژووییەوە بۆ دوو نەیاری سەرسەخت

جیهان

28/03/2019‌ 1490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێش ئەوەی درووستبوونی كۆماری ئیسلامیی ئێران ، ئیسرائیل و ئێران دوو تاكە دەوڵەت بوون لەناوچەكە، كە بۆ چەندین دەیە مێژوویان لەدۆستایەتی‌و پەیوەندی بەتین هەبوو ، بەڵام دوای هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامی ئێران بەرابەرایەتی خومەینی و رووخانی رژێمی شاهەنشاهی لەتاران لە ساڵی ١٩٧٩ لەپڕ ئە پەیوەندییانە پچران و شێوەی پەیوەندییەكەیان لە دۆستایەتییەوە گۆرا بۆ نەیارییەتییەكی سەرسەخت .

 سەرەرای ئەوەی ئیران و ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەكی دیپلۆماسیی راستەوخۆیان نەبووە ، بەڵام چەندین بەڵگە دەیسەلمێنن، كە لە شەڕی هەشت ساڵی نێوان عێراق و ئێران ، ئیسرائیل بەنهێنی هاوكاریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووە .

سەرەرای ئەو پەیوەندییە مێژوویییەی پیشتر لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەبووە ، ئێران لەدوای ئیسرائیل بە گەورەترین نیشتیمانی جولەكە دادەنرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، كە بەپێی مەزەندەكان هێشتا نزیكەی ٢٠ هەزار جولەكە لە ئێراندا دەژین ، ئەوە سەرەرای ئەوەی لەدوای هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامیی ئێران ژمارەیەكی زۆر لە جولەكەكان بەرەو ئیسرائیل كۆچیان كرد .

لەبەرانبەردا ، لە ئیسرائیل تائیستاش جولەكە ئێرانییەكان پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ نیشتیمانی دایكیان لە ئیران پاراستووە ، ئەویش لەڕێی پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ خزم و هاوڕێكانیان ، ئەوەش وایكردووە سەرەرای نەیارێتی سەختی نێوان هەردوولا بەڵام هێشتا لەڕێگای زمانی فارسیی و هەندێ جۆر خواردنی ئێرانیی پەیوەندیی لەنێوان هەردوو وڵات هەر بمێنێت ، تەنانەت هەندێ بەرپرسی ئیسرائیلی بە رەچەڵەك ئیرانین .

 یەك راستی نەگۆڕیش هەیە ئەویش ئەوەیە كە بەگوێرەی تەورات ، " كۆرشی گەورە" ئیمپراتۆری فارس ، یەكەم پاشا بووە جولەكە دیلەكانی لەلای بابلییەكان ئازاد كرد كە بەلای جولەكەكانەوە بە " رزگاركەری جولەكە" دادەنرێت .ئەوە جگە لەوەی ڕیگەی داون جوولەكەكان بگەڕینەوە بۆ نیشتیمانی خۆیان لە ئیسرائیل.

بەشی زۆری ئەو ئێرانیانەی كە زۆر هاوسۆزن لەگەڵ ئیسرائیل ، پێیان وایە لێدوانی ئەم دواییەی مایك پۆمپیۆ  وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كە گوتبووی خوا ترامپی ناردووە تا ئیسرائیل لە دەست ئێران بپارێزێت وەك سوكایەتیكردن لێكدەدەنەوە  بۆ ملیۆنان ئێرانی ، بێلەبەر چاوگرتنی هەڵسوكەوتەكانی رژێمی ئیسلامیی ئێران و سیاسەتەكانی بەرانبەر بە ئیسرائیل .

ئەوان پێیان وایە ئیران تەنیا لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا كورت ناكرێتەوە ، ئەگەر وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا مەبەستی تەنیا رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بووبێت ئەوە پێویستی بەوە هەیە تێڕوانینی خۆی لەو بارەیەوە روون بكاتەوە لەجیاتی ئەوەی بڵیت " رەنگە خوا ترامپی بۆ پاراستنی ئیسرائیل لەدەستی ئێران ناردبێت '.

بەشێكی زۆری ئێرانییەكان لە شرۆڤەكردنە هەڵەیەی مێژووەكەیان نیگەرانن ، زۆریش لەوە سەریان سووڕماوە نازانن كە ئاخۆ ترامپ لەو قسەیەی مەبەستی تەنیا كۆماری ئیسلامی ئێرانە یان مەبەستی هەموو گەلی ئێرانە و هەموویان وەك رژیمی مەلایی ئیران بە دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل دەبینێت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی