بۆمبە چێنراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا هەر دەقیقەیەك ئەگەری تەقینەوەی لێدەكرێت

کوردستان

28/03/2019‌ 4226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵێك كێشە لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە، هەر دەقیقەیەك بێت ئەگەری تەقینەوەی لێدەكرێت، ئەوەش تەنیا زیانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەبێت.

ساڵانێكە لەنێوان هەولێرو بەغدا كێشە لەسەر چەند پرسێك هەیە، گرنگترینیان پرسی بودجەو هەناردەی نەوتی هەرێم‌و ناوچە كێشەلەسەرەكان‌و جێبەجێنەكردنی ماددە دەستوورییەكان، كە ئەو كێشانە هەمیشە جێگەی مشتومڕی نێوان بەرپرسانی هەردوولا بووە.

لەگەڵ ئەوەی بەرپرسان چەندین هەوڵیانداوە، بۆ چارەسەری ئەو كێشانە بەگفتوگۆ، بەڵام ئەنجامی زۆربەی گفتوگۆكان بەزیادكردنی كێشەكان بووە، نەك چارەسەركردن‌و بنبڕكردنیان.

كێشەی بودجەو هەناردەی نەوت
ساڵانێكە بوجەی هەرێمی كوردستان‌و هەناردەی نەوتەكەی بووەتە سەرچاوەی سەرەكی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، كە ئەو كێشەیە لەساڵی 2014 گەیشت بەلوتكە، كاتێك نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێمیدا.

لەكاردانەوەی ئەو بڕیارە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیاری هەناردەی نەوتی هەرێمی بەشێوەی سەربەخۆدا، ئەوەش هەولێری تووشی قەیرانێكی دارایی قورس كرد، بەو هۆیەوە نەتوانرا درێژە بەپێدانی موچەو بەردەوامی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بدرێت.

ئەو كێشەیە بەدرێژایی سەرۆكایەتی نوری مالیكی‌و تەنانەت چوار ساڵی حەیدەر عەبادی لەنێوان هەولێرو بەغدا مایەوەو نەتوانرا چارەسەر بكرێت، تا ئەوەی عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت‌و هیوایەك دروست بوو بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە.

عادل عەبدولمەهدی بە بڕیاری ناردنی بەشە بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هیوای بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێرو بەغدا دروست كرد، كە چەند مانگێكە جێبەجێدەكرێت، بەڵام رەنگە ئەوە درێژە نەكێشێت، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستەكانی حكومەتی هەرێم، كە ئامادەنییە داهاتی نەوت رادەست بكات.

لەگەڵ دروستبوونی هیوا بۆ چارەسەری كێشەی بودجەو هەناردەی نەوت لەنێوان هەولێرو بەغدا، بەڵام بەهۆی فشارە سیاسییەكان، رەنگە جارێكی تر ئەو هیوایە نەمێنێت، بەوەی فشارێكی زۆر لەبەغداوە هەیە، ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست نەكات، ئەوە عێراق نابێت بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، كە ئەوەش سەرچاوەی جارێكی تری تەقینەوەی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەبێت.

بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 دەبێت حكومەتی هەرێم رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عێراق بكات، لەبەرانبەر ئەوەدا بەغدا بەرێژەی 12.67% لەبودجەی گشتی، پشكی هەولێر بەشێوەی مانگانە دەدات.

ناوچە كێشەلەسەرەكان
پرسی یەكلاكردنەوەی ناوچە كێشەلەسەرەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەساڵی 2003 كێشەی سەرەكی نێوان هەولێرو بەغدا بووەو بەم دوایانەش بەتایبەتی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەو كێشەیە سەریهەڵداوەتەوەو بەردەوام ماددەی گرژییەكانی نێوان عێراق‌و هەرێمی كوردستان بووە.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، بەم دوایانە جارێكی تر دەرگای بەڕووی ئەو كێشەیە كردەوە، دوای ئەوەی لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی قسەی لەسەر كێشەكانی ئەو ناوچانەو رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەركرد.

حەیدەر عەبادی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی رایگەیاندووە، رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كاردانەوەی ئەو "ریفراندۆمە هەڵەبوو، لەو ساڵە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا"، كە لەبارەی ئەوەی، كە هەندێك كەس پێیانوایە، بەهۆی رووداوەكان ، عەبادی هاوپەیمانی كوردی بۆ هەمیشە لەدەستداوە، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاندووە، باوەڕناكەم ئەوە راست بێت، هەندێك كەس پێیانوابوو، ئێمە لەگەڵ كورد شەڕ دەكەین، من دەڵێم وا نییە.

عەبادی راشیگەیاند، تۆ تەماشای هەندێك "حیزبی كوردی توندڕەو مەكە، چونكە پێشمەرگە شەڕی ئێمەی نەكرد، چونكە ئەوان ئەوەندە هەستی نیشتمانیان هەبوو، بەرانبەر سوپای عێراق شەڕیان نەكرد"، هاوكات پرسیاری ئەوە لەعەبادی كرا، كە ئایا پێشمەرگە بەرێككەوتنی یەكێتی نیشتمانی‌و جەنراڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی نەكشاونەتەوە؟ سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بەوە وەڵامی دایەوە، كە "نەخێر نەخێر شتی وا نەبووە، لەمنی وەرگرە، لەناو پارتی‌و یەكێتی هەندێك لایەنی توندەڕەو هەبوو، بەڵام ئەوەی راستییەكەبوو، پێشمەرگە شەڕی سوپای عێراقی نەكرد.

16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە مانگی نۆی ئەو ساڵە بۆ سەربەخۆیی هەرێم، سوپای عێراق ‌و حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی كەركوك، كە پێشتر بەدەست هێزی پێشمەرگەوە بوو، ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كرد.

ئەو هەڵوێستەی عەبادی كاردانەوەی خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستانی بەداوە هات‌و لەروونكردنەوەكە وەڵامی حەیدەر عەبادی دایەوە، رایگەیاند "بەداخەوە هەندێك قەزاوەت و قسەی نابەجێی لەبارەی كەركوك و پێشمەرگە و گەلی كوردستان خستووتەڕوو، كە مەبەست لێی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەیە، لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و بۆ مەرامی تاكەكەسی ئەو قسانەی كردووە".

بارزانی لەروونكردنەوەكەی رەخنەی توندی لەعەبادی گرتووە، بەوەی "كەسێكی بێ وەفا بوو بەرانبەر پێشمەرگە و گەلی كوردستان، ئەگەر پێشمەرگە نەبا كەسێكی وەك ئەو هەرگیز چاوی بەموسڵ نەدەكەوت بۆ ئەوەی بتوانێ سەركەوتن بەسەر داعش لە موسڵ بۆ خۆی بدزێت و خۆی پێ هەڵكێشێ"، هەروەها جەختیكردووەتەوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش چۆن خەونی ناحەزان و رژێمەكانی پێشووی لەگۆڕنا ئەوەهایش بە قارەمانێتیی خۆی پیلانە نەگریسەی عەبادی لەگۆڕ نا و خودی عەبادی باشتر لە هەركەس دەزانێ پێشمەرگە چیی بەسەر خۆی و پیلانەكەیدا هێنا".

ئەو لێدوان‌و وەڵامدانەوانە، ئاماژەی روونن بۆ بەردەوامی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداو تەقینەوەی لەهەر دەقیقەیەكدا، كە ئەوەش پەیوەندی بەشاراوەیی هێشتنەوەی چەند رێككەوتنی ژێربەژێرو ناروونی نێوان بەرپرسانی هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە.

هەروەها پێكنەهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەو تۆمەتباركردنی یەكتری بەروودانی كێشەكان لەلایەن بەرپرسەكانەوە هۆكارێكی ترە بۆ بەردەوامی كێشەكان‌و مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، كە ئەو تۆمەتباركردنانە زیاتر لەناوخۆی هەرێمی كوردستانەو ئەوەش مەترسی زیادكردنی كێشەی نێوان حیزبە كوردییەكانی زیادكردووە.

پارتی دیموكرات، كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات‌و لایەنی دەسەڵاتدار هەرێمە، زۆرجار بەرپرسانی حیزبی‌و تەنانەت یەكێتی نیشتمانی، كە هێزی دووەمە تۆەتباردەكات بەهۆكاری بەردەوامی كێشەكان، بەتایبەتی پرسی یەكلانەبووەنەوەی كێشەكانی كەركوك‌و دەورەبەری، هەروەها پارتی بەرپرسانی یەكێتی بەرووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تۆمەتباردەكات، لەبەرانبەردا ئەوەدا بەرپرسانی یەكێتی لەوانە لاهور شێخ جەنگی، داوای پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵنەوە لەو رووداوانە كراوە، بەڵام ئەوانە تائێستا تەنیا داواكارییەو نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وەك چۆن بەرپرسانی پارتی بەرپرسانی یەكێتی تۆمەتباردەكەن بەهۆكاری رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، ئاوەهاش بەرپرسانی ئەو حیزبە پارتی تۆمەتباردەكەن بەوەی بەبوونی رێككەوتنی نهێنیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران.

بەرپرسانی یەكێتی باسیان لەوەش كردووە، كە بەهۆی ئەو رێككەتنە، كە ناوەڕۆكەكەی بەنهێنی ماونەتەوە، هێزەكانی پیشمەرگە و هێزەكانی تری هەرێم لەناوچە ئازادكراوەكانی پرۆسەكانی نەینەوا پاشەكشەیان كردووە، كە لەبەرانبەر ئەو هەوڵانەدا ئەمەریكا بڕی ٤٥٠ ملیۆن دۆلار دەدات بەهەرێمی كوردستان.

ئەو زانیارییانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق لەراگەیەنراوێك لە ٢٢ ی تەمموز ٢٠١٦ پشتراستكراوەتەوە، بۆیە بەرپرسانی یەكێتی ئەوەیان كردووەتە بیانوو بۆ روودانی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو رۆژانی دواتر.

ئاراس شێخ جەنگی برازای جەلال تالەبانی، كە یەكێكە لەو كەسایەتیانەی تۆمەتباردەكرێت بەوەی دەستی لە رێككەوتنی 16 ی ئۆكتۆبەر هەیە لەو بارەوە دەڵێت: بەتەحەداوە ئەگەر كەسێك وەرەقەیەك نامەیەك شتێكی هەیە، كە ئێمە رێككەوتنمان كردبوو، ئەوا ئامادەم بۆ هەمو لێپرسینەوەیەك" هەروەها دەشڵێت: پێشتریش داوامكردبوو لەرێگەی پەرلەمانەوە لێكۆلینەوە لەو مەسەلەیە بكرێت‌و تا خەڵك راستییەكانی بۆ دەركەوێت و ئەوەندە باس بەلاریدا نەبرێت. 
 
بەرای ئەو بەرپرسەی یەكێتی، لێكۆڵینەوە دەبێت سەرەتا لەشنگال‌و ناوچەكانی موسڵەوە بكرێت بۆچی ئەو ناوچانە تەسلیمكران؟ كێ لەسەریان درایە دادگا، پاشان دەبێت ئەوە روونبكریتەوە ئەو 400 ملیۆنەی لەرێككەوتنەكەی ساڵی 2016 كراوە پارەكەی چی لێهاتوەو كێ بردویەتی؟

هەروەها بەڕای ئەو گەڵێك پرسی شاراوە هەیە كاتییەتی تیشك بخرێنە سەریان لەوانەش، دیارنەمانی ئەو چەك و تەقەمەنیانەی لەهێزەكانی هاوپەیمانی دۆستەكانی كوردەوە هاتوون چیان لێهاتووەو چۆن دابەشكراون، كە رایگەیاندووە، لیستی چەكەكان لەعێراق هەیە، چونكە لەرێگەی عێراقەوە هاتووەنەتە كوردستان.

ئاراس شێخ جەنگی سەبارەت بەدۆخی كەركویش دەڵێت: هیچ پێكهاتەیەكی كەركوك بەجیا ناتوانێت ئیدارەی شارەكە بەباشی بدات، "ئێمە وەك كورد نەمانتوانی ئەوانی تریش ناتوانن، باشترین ریگەش بۆ پرسە گەرانەوە بۆ بەغداد و چارەسەرەكە لەوێیە.

سەبارەت بەدواین راگەیانی پارتی بەناوی راگەیاندنی بارەگاری بارزانییەوە، دەڵێت: "من وەلامم بۆ ناردون هیوادارم ئەو بارەگای بارزانییە راست نەبێت، چونكە جارێكی تر تۆمەتیان بەخشیوەتەوە ئەگەر هی ئەوان بێت ئێمەش ناچارین وەڵاممان هەبیت بۆ قسەكانیان"، كە ئەوەشی وت: ئەو بارەگایە شتیكی تازەیە خۆ ئەگەر وابێت هەركەس لەجێگەی خۆیەوە دەتوانیت بارەگایەك بكاتەوە و ئیتر بوونی حكومەت‌و پەرلەمان دەبنە شتیكی زیادە، ئەمە جگەلەوەی گەرانەوەیە بەرەو دواوە، لەهەمانكاتیشدا، بێ بایەخكردنی دەزگا هەڵبژیردراو شەرعییەكانی حكومەتە".