ئەمریكا بۆ دەستبەرداربوون لەكڕینی موشەكی روسیا ئۆفەری گەورە دەخاتە بەردەم توركیا

جیهان

29/03/2019‌ 3830 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمەریكا بۆ ئەوەی توركیا لە كڕینی سیستەمی موشەكیی ئێس ٤٠٠ی روسی پەشیمان بكاتەوە هەندیك جار پەنا دەباتە بەر شێوازی هەڕەشەكردن و هەندێك جاریش ئۆفەری سەرنجراكیش دەخاتە بەردەم ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی رۆژنامەیەكی ناوخۆی توركیا ، واشنتۆن ئۆفەریكی تازەی خستووەتە بەردەم ئەنقەرە سەبارەت بە پێدانی سیستەمی مووشەكی پاتریۆتی ئەمەریكی بە توركیا ، كە ئۆفەرەكە بەجۆرێكە تا ئێستا هیچ كام لە ئەندامانی تری هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی "ناتۆ" ئەو جۆرە ئۆفەرەیان بۆ نەخراوەتە بەردەم .

ئەو ئۆفەرەی بەتایبەت خراوەتە بەر دەست توركیا نرخەكەی جار و نیوێك لە نرخی سیستەمی موشەكیی ئێس ٤٠٠ ی روسی گرانترە و دەبێت توركیا پێشەكی ملیارێك دۆلار بدات ، سەبارەت بە رادەستكردنی خێرای سیستەمەكەش بەتوركیا ، چارەسەرەكە ئەوەیە ئەو سیستەمەی بۆ وڵاتانی تر درووست كراون لە مانگی تشرینی یەكەم رادەستی توركیا بكرێت .

ئەو ئۆفەرەی واشنتۆن خستوویەتیە بەردەست توركیا لە ١٨ی شوبات كۆتایی هاتووە ، بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی "هاندە فورات" بەرپرسانی ئەمەریكی وتوویانە، كە واشنتۆن دەستكاری ئەو ئۆفەرەی پێشووتری كردووە ، بەڵام هیشتا لایەنی توركی لەو هەموارە ئاگادار نەكراوەتەوە .

ئەو بەرپرسە ئەمەریكیانە وتووشیانە تەنانەت لەحاڵەتی چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیشیان رادەستكردنی ئەو سیستەمە مووشەكییە ئەمەریكییە بۆ مانگی تشرینی دووەم شتیكی كردەیی نییە ، بەڵكو رادەستكردنەكە هەر دەكەوێتە ساڵی ٢٠٢٤.

ئەنقەرەش رایگەیاندووە، ئەو ئامادەیە سیستەمی موشەكیی پاتریۆتی ئەمەریكیش بكڕێت ، ئەوەش دەبێت دانوستاندنی لەبارەوە بكرێت ، بەڵام ئەنقەرە وتوویەتی: توركیا بەهیچ جۆرێك ئەو مەرجە پێشوەختەی قبووڵ نییە كە واشنتۆن دەڵێت دەبێت توركیا دەستبەرداری كڕینی سیستەمی ئیس ٤٠٠ی رووسی ببێت .

گرنگترین خاڵ بەلای توركەكانەوە، كە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی بریتییە لەو مەرجە پێشوەختەی، كە ئەمەریكییەكان دایانناوە بۆ لایەنی توركی بەوەی دەبێت دەستبەرداری كڕینی سیستەمی موشەكیی ئیس ٤٠٠ی رووسی ببێت ، بەڵام توركەكان دەڵێن ئەگەر بێت و واشنتۆن هەر سوور بێت لەسەر ئەو مەرجەی ئەوە واتای ئەوەیە هیچ بەرەوپێشچوونێك لە گفتوگۆكاندا روونادات.

توركیا دەڵێت: ئێمە ئەو زمانی هەرەشە و بیزاركردنە قبووڵ ناكەین كە واشنتۆن بەرانبەرمان بەكاری دەهێنیت بەوەی ئەگەر بیت و توركیا سیستەمی مووشەكیی ئیس ٤٠٠ی رووسی لەسەر خاكەكەی بڵاوپێبكات ئەوە  توركیا بێبەش دەكرێت لەوەی دەستی بە فرۆكەی پێشكەوتووی ئیف ٣٥ی ئەمەریكی بگات .

تەنانەت باس لەئەگەری ئەوە هەیە واشنتۆن لەسەر بنەمای یاسای رووبەرووبوونەوەی نەیارانی ئەمەریكا كە ناسراوە بە "كاتسا" سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت .

واشنتۆن پێیوایە، كە مووشەكی ئیس ٤٠٠ی رووسی گرفتیكی ئەمنیی بۆ  خۆی و بۆ ناتۆش درووست دەكات ، بۆیە مەرجێكی پیسوەختەی بۆ توركیا داناوە ئەویش ئەوەیە كە دەبیت پاشەكسە باكت لە كڕینی ئەو مووشەكە رووسییە .

وابڕیارە مەولوود چاویش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا لە ٤ی نیسان بەرەو واشنتۆن بەڕێبكەوێت و چاوی بە مایك پۆمپیۆی هاوتا ئەمەریكییەكەی بكەوێت ، هەروەك لە ٨ی نیسان رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا بچێتە رووسیا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتینی هاوتا رووسییەكەی ، كە بەدڵنیایی سەودای كڕینی مووشەكیی ئێس ٤٠٠ی رووسی دەبێتە یەكێك لە گرنگترین تەوەرەكانی دیدارەكەیان .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی