دوو ئیدارەیی دەبێتە ئەمری واقیع؟
ئەو كارتە فشارەی یەكێتی لەدژی پارتی بەكاریدەهێنێت

کوردستان

29/03/2019‌ 8573 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەمیانی بەرێوەچوونی گفتوگۆكانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، زۆرترین جار باسی گەڕانەوەیان بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی كراوە.

گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی.. 
لەماوەكانی ڕابردوو، كە ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی زیاتر تەشەنەی كرد، چەندین جار گوێمان لێبووە، كە بەشێك لە بەرپرسانی ئەو حیزبانە بە دوو ئیدارەیی هەڕەشەیان لە یەكتر كردووە. 

لەماوەی دوو دەیەی رابردوو، یەكێك لەو هەڕەشە جیدییانەی بەردەوام سێبەری بەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە، هەڕەشەی دوو ئیدارەییە، كە زۆر جار وەك كارتی گوشار لەلایەن یەكێتی‌و پارتی دژ بەیەكتر بەكاردێت.

ئەوەی ئەمجارە ئەو كارتە فشارەی بەرزكردووەتەوە، یەكێتی نیشتمانییە، كە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ پارتی دیموكرات كێشەی هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆو نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بە بەردەوامی لەدژی ئەو حیزبە بەكاریهێناوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لەدواین كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی، كە رۆژی 27ی ئەم مانگە بەرێوەچوو، شاندی یەكێتی‌و پارتی نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێك، ئەوەش بەهۆی ناكۆكیان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكە شاندی یەكێتی، بەشاندی پارتی-یان وتووە، كە ئەگەر بەبێ‌ یەكێتی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكەنەوەو حكومەت پێكبهێنن، ئەوە ئەوان نابن بەئۆپۆزسیۆن، بەڵام مامەڵەیەكی تر دەكەن، لەگەڵ ئەو ئیدارانەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە.

دوو ئیدارەیی، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەكانی رابردوو، كە ئەوكات پارتی‌و یەكێتی كەوتنە شەڕێكی سەخت‌و بەو هۆیەوە، دوو ئیدارەی جیاوازیان لەسلێمانی‌و هەولێر دامەزراند، كە كاریگەری ئەو دوو ئیدارەییە تائێستا ماوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە شاندی پارتی لەكۆبوونەوەی رابردوو نێوانیان وتوویانە، دانیشتنی تر ئەنجامدەدەن، بەڵام شاندی یەكێتی بەهۆی ئەوەی نەگەیشوون بەئەنجام قبووڵیان نەبووەو وتویانە بەم پاكێجانە كۆبوونەوە ناكەنەوە.

هەروەها شاندی پارتی لەڕێگا جارێكی تر گەڕاونەتەوە، بەڵام یەكێتی ئامادەی دانیشتن نەبووەو بۆ شاندەكە جەختیانكردووەتەوە، ئەگەر ئەوان لەحكومەت نەبن نابینە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە بەڕێوەدەبەن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە شاندەكەی پارتی بەوە زۆر نیگەران‌و شڵەژاون‌و هیچ وەڵامێكیان بۆ یەكێتی نەبووەو وایان لێكداوەتەوە، كە ئەوە زەنگی یەكێتییە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی.

یەكێتی بەهۆی ئەوە لەگەڵ پارتی ناگاتە رێككەوتن، كە پێیوایە ئەو حیزبە دەستی بەسەر تەواوی جومگە ئیدارو ئەمنییەكان گرتووەو ئەوەش وا دەكات، ئەوان لەهەرێمی كوردستان پەراوێز  بخرێن، بۆیە داوای ئەوە دەكەن، كە دەسەڵاتەكان لەنێوانیان دابەشبكرێت.

چەند رۆژی داهاتوو، رۆژانی یەكلاكەرەوە دەبن بۆ چارەنووسی پاراستنی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی، كە پارتی دەستی بۆ كارتی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بردو رەنگە ئەوە كاردانەوەی توندی یەكێتی بەدواوە بێت، وەك ئەوەی خۆیان باسیان كردووە.

فراكسیۆنی پارتی رۆژی پێنج شەممە پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، ئەوەش بەهاوبەشی لەگەڵ فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، كە بۆ ئەوە نەگەڕاونەتەوە بۆ یەكێتی‌و ئەوەش ئەگەری كاردانەوەی ئەو حیزبەی لێدەكرێت.

هـ ـ ح