كۆنتڕۆڵكردنی دوا پێگەی داعش.. ئایا دەوڵەتی خەلافەت بەتەواوی تێكشكاوە؟

جیهان

30/03/2019‌ 2047 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند "خۆشحاڵم پێتان ڕادەگەیەنم كە ئێمە و هاوپەیمانەكانمان بۆ شەڕی داعش تەواوی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتمان بە ڕێژەی لە(سەدا سەد) ئازادكردەوە" و هەر لەو بەستێنەدا و هەمان ڕۆژ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی تیرۆریستانیان لە تەواوی ناوچەكانی عێراق و سوریا ڕاگەیاند، بەڵام كردە سەربازیەكان دژ بە(خانە خەوتوەكان)ی توندڕەوەكان بەردەوام دەبێت.


خاڵێكی گرنگ ، كە نكوڵی لێناكرێت ئەوەیە هەرچەندە دەسەڵاتی خەلافەت تێكشكاوە و وجودی نەماوە، بەڵام ئەو چەكدارانەی داعش كە دەستبەسەرنەكراون تێكەڵ بە خەڵكە ئاساییەكە بون و خۆیان وونكردوە یان بۆ دەرەوەی سنورەكان هەڵهاتون.

پسپۆری بواری تیرۆر (پێتەر نۆیمان)بۆ ڕۆژنامەی (Bild)وتی: "داعش هەروەك لەمەوبەر هەزاران لایەنگری لە تەواوی دونیادا هەیە، و ئێستاش لە ناوچەكانی پێشوی ژێردەسەڵاتیدا لە عێراق و سوریا وەك سەردەمی وجودی خەلافەت هەڕەشەی تیرۆر هەر بەردەوامە ".

داعش بە تەواوی تێكنەشكاوە!
ڕاپۆرتی چاودێرانیش لە بەدواداچونەكەنیاندا باس لەوە دەكەن كە ماوەی دووساڵ دەبێت ئەو ڕێكخراوە توندڕەوە لە ئامادەسازیدا بووە كە ناوچە داگیركراوەكانی قەڵەمڕەوەكەی لەدەستبدات و ناچاربێت بەجێیان بهێڵێت، بۆیە ئەو چەكدارە سەسەختانەی كە لە سوریا بوون زوربەیان گواستراونەتەوە بۆ عێراق و هێدی هێدی لە ناوچەكانی باكور و ناوەڕاستی ئەو وولاتە سەریان هەڵداوەتەوە و بە نهێنیش لە قۆناغی ژێرزەمینیدا هەوڵی خۆڕێكخستنەوە دەدەن، و لەو بارەیەوە پسپۆڕان بۆ ساڵی ٢٠١٩چاوەڕێی زیادبونی پەلامارەكان دەكەن.

پسپۆڕی بواری تیرۆریزم (كۆڵۆمب شتراك: پسپۆڕی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگایIHS Markt) یش لە وتەیەكیدا بۆ ڕۆژنامەكە وتی: دەوڵەتی ئیسلامی سەرلەنوێ خۆی ڕێكدەخاتەوە و تۆڕی پشتیوانیەكانی خۆی لە عێراق بونیاتدەنێتەوە بەو ئامانجەی ڕێگەی هەڵهاتن و خۆحەشاردانی چەكدارەكانی لە ناوچە سەختەكانی نزیك لە گوندە سونی نشینەكان دابین بكات، و سەرباری ئەوەش ئەو گروپانە هەوڵی تێكدانی سەرچاوەكانی ووزە دەدەن تا حكومەتی عێراقی نەتوانێ پێداویستیە سەرەكیەكانی وەك كارەبا بۆ خەڵكەكەی دابین بكات،و بەو كارەش پشتیوانی پاسیڤانە(نا چالاك)ی دانیشتوانی ناوچەكە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.

ڕاگەیاندنی سەركەوتن لە ناوچەكانی بندەسەلاتی داعش دوای سێ مانگ لەو تویتەی دۆناڵد ترامپ دێت كە لە(١٩ی دیسامبەر)دا ڕایگەیاندبوو'بەسەر داعشدا سەركەوتین...و تێكمانشكاند و بە قورسی تێكمانشكاند و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیمان دەستبەسەراگرتەوە و ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە كە هێزەكانمان لەو ناوچەیە بكشێنینەوە." 

هەنوكە وابەستە بە جیبەجێكردنی ئەو ڕاگەیاندنە لە واقیعی ئێستای سوریا دا پسپۆڕانی بوارەكە هۆشداری دەدەن لە كشانەوەی ئەو هێزانە،و لە هەمبەردا هەر ئەو كاتە(ئەلێكساندەر گراف لامبسدرۆف) شارەزای سیاسەتی دەرەوە و جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی(پارتی دیموكراتی ئازاد FDP) بۆ ڕۆژنامەكە دەڵێت، فرسەتی كێشانەوەی ئەو هێزانە لە ئێستادا پاش كۆتاییهاتنی دەوڵەتی خەلافەت" هەڵەیەكی تاكتیكی قورس و تێنەگەیشتنێكی ڕەهایە". 

بە هەمان شێوە(میشایل هۆرۆڤیتز،نوێنەری لیپرسراوی بەشی هەواڵگری لە كۆمپانیای Le Beck International)ی تایبەت بە بەرهەمهێنانی فیكر لەمەڕ خۆرهەلاتی ناوەڕاست بۆ ڕۆژنامەكە ووتی" پاشەكشەی ئەمێریكا سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ڕوسیا و ڕژێمی سوریا و توركیا، واشنگتۆن فرسەتێكی گەورەی بەشداربون لە ئایندەی بونیاتنانەوەی سوریادا لە كیس خۆی دەدات و جورئەتیش دەداتە نەیارەكانی كە پەلاماری ئەو هێزانە بدەن كە هاوپەیمانی بون لە شەڕی دژە داعشدا.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی Bild
وەرگێڕان: بەرزان حەمەخورشید