ئەو چەكانەی ناتۆ دەتوانێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی روسیا پشتی پێببەستێت

جیهان

31/03/2019‌ 1698 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەستدەكرێت جیهان دووبارە كەوتووەتەوە ناو جەنگێكی سارد لەنێوان وڵاتانی رۆژئاواو لەلایەك و ووسیا لەلایەكی تر ، بەجۆریك سوپای هەردوولا هەوڵ دەدەن بەنوێترین و پێشكەوتووترین تەكنۆلۆژیای سەربازی خۆیان پڕچەك بكەن ، ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری روودانی هەر كارێكی لەناكاو لەلایەن بەرانبەرەكەیانەوە .

گۆڤاری "Business Insider" ئەمەریكی باسی بەهێزترین ئەو چەكانەی كردوە كە لای هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی هەیە و لەڕێگایەوە دەتوانێت لە هەر شەڕێكی ئایندەییدا رووبەڕووی رووسیای پێ ببێتەوە .

بەپێی گۆڤارەكە گەلێك چەكی پێشكەوتوو لای هاوپەیمانی ناتۆ هەیە كە دەتوانرێت شەڕی رووسیایان پێ بكرێت، كە لەدیارترینیان " فڕۆكەی شەڕكەری ئەمەریكی ئێف ٣٥ و فڕۆكەی Eurofighter Typhoon ی ئەوروپی كە دەكرێت بە فرۆكەی سو ٣٥ی رووسی بەروارد بكرێت" .

هەروەك لە لیستی ئەو چەكە پێشكەوتووە رۆژئاواییانە فرۆكەی مووشەكهاوێژی ستراتیژی ئەمەریكی "بی٥٢ و بی١-١" كە ناتۆ دەتوانێت وەك قەڵغانێك بۆ هێزەكانی بەكاری بهێنێت ، هەروەك فرۆكەی ئەمەریكی دژە ژێردەریایی " بۆسیدۆن بی ٨ یش یەكێكی ترە لەو چەكە ستراتیژییانە .

گۆڤارەكە باسی لەوە كردووە كە هەندێ وڵاتی ئەوروپایی وەك ئیتالیا ، ئیسپانیا ، فەرەنسا ، نەرویج ، دانمارك كەشتی جەنگی پێشكەوتووی ئەوتۆیان هەیە كە لە هەر شەڕێكی ئایندەیی لەگەڵ رووسیا رۆڵی كاریگەریان دەبێت.

هەرچی پەیوەندی هەیە بە رۆڵی فرۆكەی هێلیكۆپتەرەوە ، ئەوە هێلیكۆپتەری جۆری " ئاپاچی"  ئەو چەكەیە كە ناتۆ دەتوانێت پشتی پێببەستێت، وە لەناو  تانك و زرێپۆشەكانیشدا تانكی ئەڵمانی جۆری "لیۆپارد" و تانكی ئەمەریكی " ئەبرامز" و تانكی بەریتانی جۆری " برچ چالنج" لە چەكە كاریگەرەكان دەبن .

سەرباری هەموو ئەو چەكانەی لەسەرەوە ئاماژەیان بۆ كرا ، كەشتییە فرۆكەهەڵگری ئەمەریكی نیمیتز  و سیسیتەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت و ژێردەریایی ڤێرجینیا لەناو لیستی ئەو چەكانەدان كە گۆڤارەكە پێیوایە بۆ هەر شەڕێكی ئایندەیی لەگەڵ رووسیا ناتۆ دەتوانێت پشتیان پێ ببەستێت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی