سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن.. ئەردۆغان لەگۆڕەپانەكەی خۆی شكست دەهێنێت

جیهان

01/04/2019‌ 2503 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای جیاكردنەوەی ٣١ هەزار و ١٠٢ سندووقی دەنگدانی شاری ئیستەنبوڵ ، سەعدی گۆڤەن سەرۆكی لیژنەی بالای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئەنجامە بەراییەكانی ئەو شارەی راگەیاند .

گۆڤەن لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوەانیدا لە شاری ئەنقەرە وتی: ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو پاڵیوراوی پارتی گەلی كۆماری بۆ شارەوانی ئیستەنبوڵ ٤ ملیۆن و ١٥٩ هەزار و ٦٥٠ دەنگی بەدەستهیناوە ، لەبەرانبەردا بن عەلی یلدریم پاڵێوراوی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ شارەوانی هەمان شار ٤ ملیۆن و ١٣١ هەزار و ٧٦١ دەبگی بەدەستهێناوە.

گۆڤەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ماوەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەستیپێكردووە ، دەتوانرێت لە كاتژمێر ٣ی دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممەی داهاتوو  لای لیژنەی هەڵبژاردنەكان تانەكان بدرێن .

سەرۆكی لیژنەی هەڵبژاردنەكانی توركیا وتیشی: تائیستا  ٣١ هەزار و ١٠٢ سندووق لە شاری ئیستەنبوڵ جیاكراونەتەوە و تائیستاش ٨٤ سندووق بەهۆی بوونی تانەكانەوە ماون جیاكردنەوەی دەنگەكانیان بۆ بكرێت .

بەپێی ئاژانسی " فرانس پرێس " راگەیاندنی ئەو ئەنجامانە بەشكستێكی گەورەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت، كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا زۆر بە متمانەوە قسەی دەكرد و پێیوابوو ئەو هەڵبژاردنە وەك راپرسیی وایە لەسەر خودی كەسایەتی خۆی ، ئەوەش لەژیر سایەی ئەو قەیرانە ئابوورییە گەرەیەی بەرۆكی توركیای گرتووە .

ئەگەر بێت و ئەنجامی شكستی حیزبی دەسەڵاتدار لە ئیستەنبووڵ بەشێوەیەكی فەرمی رابگەیەنرێت ، ئەوە دەبێتە گەورەترین نیشانە لەسەر پاشەكشەی جەماوەرێتی ئەو حزبە بەتایبەت لەماوەی ٢٥ ساڵی رابردوو وەك پێگەیەكی سرووشتی پارتی دادوگەشەپێدان سەیر دەكرا.

ئەستەنبوڵ یەكەم ویستگەی سەرەكی بوو بۆ سەركەوتنی ئەردۆغان و دوای ئەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەساڵی ١٩٩٤  بردییەوە دەرگای بەروویدا كردەوە كە زۆر بەخێرایی هەڵكشێت .

هاوكات ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو پاڵیوراوی پارتی گەلی كۆماری بۆ شارەوانی ئیستەنبووڵ پێش راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكان كەوت‌و لەڕێگای هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی تویتەر سەركەوتنی خۆی راگەیاند و  راستەوخۆ دوای ئەوەی بڕگەی خۆناساندنی لەناو هەژماری خۆی لە تویتەر گۆڕی و نووسی "شارەداری ئەستەنبوڵ".

هـ ـ ح