هاككەرە ئەمەریكییەكان بۆ بەئامانجگرتنی قەتەر هاوكاری ئیماراتیان كردووە

sharpress.net

549 جار خوێندراوه‌ته‌وه

02/04/2019‌

شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز باسی لەوە كردووە ، كە كۆمەڵێك هاككەرزی ئەمەریكی، كە پێشتر لە ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكی كاریان كردووە یارمەتی ئیماراتیانداوە لە دزەكردنە ناو مۆبایلی چەند كەسایەتیی سیاسی و میدیایی قەتەریی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسەكە لانیكەم ٩ فەرمانبەری پێشووی ئاژانسی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكی و پنتاگۆن بەشداریان كردووە لە پرۆژەی ئیماراتی Ravan  " قەلەرەش" كە ئامانج لێی سیخوڕییكردنە بەسەر نەیارەكانی ئیماراتەوە .

ئاژانسەكە بڵاویكردەوە، بەلایەنی كەمەوە ١٠ راگەیاندنكار و كەسایەتی سیاسیی كە پەیوەندییان بە قەتەرەوە هەیە سیخوڕییان بەسەرەوە كراوە ، ئەوەش دوای ئەوەی پەیوەندییەكانی قەتەر و ئیمارات لەساڵی ٢٠١٧ گرژیی تێكەوت.

بەپێی زانیارییەكانی ناو راپۆرتەكە لە ساڵی ٢٠١٧ و دوای ئەوەی هەریەك لە سعوودییە و ئیمارات و میسر و بەحرەین پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەر پچراند،  ئەو هاككەرانە هەر یەك لە جیزیل خوری پێشكەشكاری بەرنامەی "ئەلمەشهەد" لە تەلەفزیۆنی " بی بی سی ئەلعەرەبییە" و شێخ حەمەد بن تامر ئال سانی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئیدارەی تۆڕی جەزیرە و فەیسەڵ قاسم پیشەكەشكاری بەرنامەی " ئەلئیتتیجاه ئەلموعاكیس" لە كەناڵی ئەلجەزیرە ، حەزمی بەشارە دامەزرێنەری پێگەی " ئەلعەرەبی ئەلجەدید" ، عەبدوڵلا ئەلعەزبە سەرنووسەری رۆژنامەی "ئەلحەرەب" ی قەتەری ، ئەوە جگە لەوەی هەردوو كەناڵی " تەلەفزیون ئەلعەرەبی " و " ئەلحیوار"ی بەئامانجگیراون و سیخوڕییان بەسەرەوە كراوە .

پرۆژەی Ravan  ساڵی ٢٠٠٩ بە یارمەتی فەرمانبەرانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی و بەرپرسانی پێشووی ئیدارەی جۆرج بووشی كوڕ دامەزرێنرا ، كە ئامانج لێی دژایەتیكردنی تیرۆر  بوو لە ناوچەكە ، بەڵام بەپێی راپۆرتەكەی رۆیتەرز پرۆژەكە بۆ چاودیریكردنی نەیارەكانی ئیماراتیش بەكارهێنراوە .

ئیمارات و ئەو وڵاتانەی تر كە لە ٢٠١٧ وە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەر پچراندووە ، ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەكەن بەوەی پشتیوانی تیرۆر دەكات و لەڕێگای میدیاكەیەوە بانگەشەی بێبنەما بڵاو دەكاتەوە .

جاسم بن مەنسور ئال سانی لە پاشكۆی باڵیۆزخانەی قەتەر لە واشنتۆن بە رۆیتەرزی گوتووە كە ئەوان هیچ ئەجێندایەك بەسەر كەناڵی ئەلجەزیرەدا ناسەپێنن و ئەوانیش پارەداری ناكەن ، هەروەك هیچ پەیوەندییەكیشیان بە هەردوو كەناڵی " ئەلعەرەبی " و " ئەلحیوار " و رۆژنامەی " ئەلعەرەب" وە نییە .

رۆیتەرز ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات و باڵیۆزخانەكیان لە واشنتۆن هیچ لێدوانێكیان لەسەر ئەو زانیارییانەی ناو راپۆرتەكەی رۆیتەرز نەداوە و هەردوو ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكی و پنتاگۆنیش رەتیان كردۆتەوە لێدوان لەوبارەیە بدەن .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی





ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved