شارپرێس:
تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت G5 دەتوانێت، كاریگەری لەسەر گەلێك لەكەرتە جۆراوجۆرەكان دابنێت، كە یەكێك لەوانە كەرتی كشتوكاڵە ، بەهۆی ئەوەی نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت ١٠٠ جار لەنەوەی جوارەمی ئینتەرنێت بەهێز ترە ئەوەش وادەكات، كە درووستكردنی پەیوەندی لەنێوان ئامێر و ئامرازە تەكنەلۆژییەكان زۆر خێراتر و ئاسانتر بیت .
تەكنەلۆژیای G5 بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان لە ئامێرەكانی هەستپێكردن لە دوورەوە و فرۆكە بێفرۆكەوانە كشتووكاڵییەكانەوە گەلێك سەركەوتووو نموونەییە ، ئەوەش ئەو ئامێر و ئامرازانەن كە جوتیارەكان لەكاری رۆژانەیاندا زۆر بەكاری دەهێنن .
فرۆكە بێفرۆكەوانە كشتووكاڵییەكان كە تەكنەلۆژیای G5 بەكاردەهێنن یارمەتیدەرە لە بەرهەمهینانی پەتاتە لە هۆڵەندا ، بەڵام لە یابان ئامێری هەستپیكردن لە دوورەوە تەكنەلۆژیای G5 بەكاردەهێنیت بۆ چاودێریكردنی پلەی گەرمی ئاو و زانینی بڕی خوێ لە كێڵگەكانی بەخیوكردنی جوێچكە ماسی .
ئەپڵیكەیشنیك بۆ چاودێرییكردنی ماڵات
لە مانگی ئازارد بەریتانیا ئەپڵیكەیشنێكی بۆناو مۆبایلە زیرەكەكان خستە بەردەست جوتیاران كە لەڕێگایەوە دەتوانن چاودێری مانگاكانیان بكەن و رۆژانەش زانیارییەكانی لەسەر تەندرووستی و هەڵسوكەوتی مانگاكان نوێ دەكاتەوە .
ئەو سیستەمە لە ناوەندی "Agri-Epi" لە سومرست لە بەریتانیا لەسەر مانگاكان تاقیكراوەتەوە ، بەشێكی لەلایەن حكوومەتی بەریتانییەوە پارەدار كراوە و " كۆمپانیای تەكنەلۆژی سیسكۆ " پاڵپشتیی پرۆژەكەی كردووە ، بەجۆرێك گەردانەیەكی ئامادەكراو بە تەكنەلۆژیای "5G" لە گەردنی مانگاكان دەكرێت و ئەویش هەموو زانیارییەكان هەر لە خواردنیان و شێوازی نووستنیان دەگوازێتەوە بۆ ئەو ئەپڵیكەیشنەی ناو مۆبایلە زیرەكەكە ، ئەوەش وادەكات جوتیارەكان سات بەسات ئاگاداری مانگاكانیان ببن و ئەوانیش ئەو زانیارییانە بدەنە پزیشكی ماڵاتیی یان پسپۆڕی بواری خۆراكی.
دۆنكان فۆربس بەڕێوەبەری پرۆژەكە گوتوویەتی " ئەوە وامانلێدەكات دڵنیابین لەوەی كە ئایا مانگاكان دڵخۆش و ساغن و بەشێوەیەكی ئاسایی هەڵسوكەوت دەكەن ، ئەوە سەرباری ئەوەی ئەگەر هات و نەخۆش بوون یان پێویستییان بە پشكنین بوو ئەوە پێشوەختە هۆشداریی دەداتە خاوەنەكەی ، یارمەتیدەریشە بۆ رێكخستنی سیستەمی ئاودێریی وبەخێوكردنی مەڕ و ماڵات".
تەكنیكەكانی زیادكردنی بەرهەم
ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان "فاو" پێشبینی دەكات بەهۆی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان زۆر بەخێرایی زیاد دەكات ، ئەوە وادەكات لەساڵی ٢٠٥٠ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٩ هەسارەی زەوی پێویستی بەوە بێت ٧٠% خۆراكی زیاتر بەرهەم بهێنێت.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی لەلایەن ڕێكخراوی فاوەوە دەرچووە بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییە نوێكانی بەرهەمهێنان ، جوتیاران پێویستییان بە تەكنیكی نوێ هەیە تا وا لەو زەوییە كشتووكاڵییە كەمبەرهەمانە بكەن بە ژمارەیەكی كەمتری دەستی كار بەرهەمێكی زۆرتر بدات بەدەستەوە .
ساڵی ٢٠١٧ پرۆژەی GRural First یەكەم پرۆژە بووە لە جیهاندا كە بتوانێت بەپشتبەستن بە ئامێر بچێنیت و بەرهەمیش كۆبكاتەوە بێئەوەی پیویستی بە ڕەگەزی مرۆیی هەبێت ، بەجۆرێك تراكتۆرە كشتووكاڵییە نوێكان كە بێشۆفێر كار دەكەن دەتوانن زەوییەكە بكێڵن و تۆوەكەی پێوە بچێنن ، دواتریش لەلایەن فرۆكە بێفرۆكەوانە كشتووكاڵییەكانیشەوە لەڕێگای ئامێری هەستپێكردنەوە چاودێریی دەكرێن ، هەر لەلایەن ئامێرە تەكنەلۆژییەكانیشەوە هەڵسەنگاندن بۆ بڕی پەین و دەرمانە دژە مێرووەكان دەكرێت .
پرۆژەكە كە ناوی " فاندی فری" لێنراوە توانی یەكەم بەرهەمی بەسەركەوتووی لەساڵی ٢٠١٨ كۆبكاتەوە ، بەڵام ئیستا واخەریكە لەڕێگای تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت "5G" زۆر دوورتر لەوە بروات، بەجۆرێك كار بكات لەسەر زیادبوونی وردیی و لێهاتووی لە ڕشاندنی بەرهەمەكان.
جۆناسان جیل توێژەر لە زانكۆی هاربەر ئادمز دەڵێت " ئەو تەكنیكە نوێیە نەوەك پارێزگاریی لە بەرهەمە كشتووكاییەكان دەكات ، بەڵكو ئاسانكارییشە بۆ ئەوانەی خەریكی كشتوكاڵن " .
وەرگیران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی