دایـكـانـی جـگـەڕەكـێـش مـنـداڵـی قـەڵـەو دەخـەنـەوە

تەندروستی

03/04/2019‌ 621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەكان پیشاندەری ئەوەن، جگەرەكێشانی دایكان لەقۆناغی دووگیانیدا، مەترسی قەڵەوبوونی منداڵانی بەدوادا دێت.

بەپێی هەواڵێكی پێگەی  NDTV،  لێكۆڵەران لە پشكنینەكانی خۆیاندا بەو ئەنجامە گەیشتن، ئەو منداڵانەی دایكیان لە قۆناغی دووگیاندا جگەرەیان كێشاوە، زیاتر لە مەترسی تووشبووون بەقەڵەویدان.

لێكۆڵەران لەلێكۆڵینەوەكەیاندا ئەوەشیان بۆ دەركەوتووە، پڕۆتینی كێمرین (chemerin)، كە بەهۆی خانە چەورییەكانەوە دروست دەبێت‌و بەخەرنگەی وزە ناودەبرێت، لە پێستی ئەو منداڵە ساوانەی، كە دایكانیان لەكاتی دووگیانیدا جگەرەیان كێشاوە، بەربڵاوترە.

ئەم حاڵەتەش بەهۆی گۆڕانكاری لە جۆرە جینێكدا دروستدەبێت، كە لەگەشەی خانە چەوری و قەڵەوكەرەكاندا كاریگەری دەكات.

لێكۆڵینەوەكانی پێشووتریش لەبارەی كەسانی قەڵەوە ئەوەی دەرخستووە، بوونی پڕۆتینی كیمرین لە كەسانی قەڵەو بەڕێژەیەكی زیاتر لەكەسانیتر بەدیدەكرێت.

هەر بەپێی هەواڵی ئەو ئاژانسە، لە ڕابردووشدا لێكۆڵەرانی ئەمریكا ڕایانگەیاندبوو، كە ئەو دایكانەی لەكاتی دووگیانیدا جگەرە دەكێشن، منداڵانی خۆیان دەخەنە بەر مەترسی نەخۆشییەكی وەك قەڵەوییەوە، بەڵام لەو لێكۆڵینەوەدا هۆكاری سەرەكی ئەم مەترسیە كە پڕۆتینی كیمرین بوو، بۆ زانایان ڕوون نەبوویەوە.

وەرگێڕان...یاسین نادر