بەرهەم ساڵح: عێراق دەستی بەكرانەوە بەڕووی وڵاتانی عەرەبی كردووە

عیراق

03/04/2019‌ 766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەگمەنە وێنەیەكی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق ببینی و تێیدا پێنەكەنیبێت، كە هەموو ئەوانەی لەنزیكەوە دەیناسن، ئەوە بە "وزەی باش" وەسفی دەكەن، سەرباری ئەوەی لەوڵاتێكدا دەژی كاروانی نسكۆكانی تەواونابن. 

بۆ ماوەیەك هەندێك بڕیاری خۆیان لەسەر ئایندەی سیاسی ئەو دابوو، بەڵام دوای قۆناغێك لە دڵەڕاوكێی عێراقییەكان، بەرهەم ساڵح بووە پاڵێوراوی سازانكارییەكان بۆ دەربازبوون لەگرێكوێرەكانی دوای هەڵبژاردن.

هەندێك چاوەڕێی سەرۆكێكی كوردی بێدەنگیان دەكرد، كە لە چوارچێوە پڕۆتۆكۆڵییەكان نەبێت بەدەنگ نەیەت، بەڵام دیاریكردنی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق، داكەوتێكی (واقعێكی) جیاوازتری سەپاند. 

لەشوێنی حەوانەی خۆی لە میوانخانەی موفنبیك لە توسن، باوەشی بەئیبراهیم زوبەیدی هاوڕێدا كرد، دوای خولەكێك كەوتنە گێڕانەوەی یادەورەییەكانی بەغدا و كوردستان‌و  تاوتوێكردنی گەشتێكی هاوبەشیان بۆ یابان.
چاوی چاودێری .

عێراق پڕە لەگرفتی جۆراوجۆر و دەسەڵاتدارانیش لەبەر زۆر هۆكاری جیاواز بەرپرسیارن لەو گرفتانە، سەرۆكیش بەوەی دەستوور پێی بەخشیووە، چاو و و یژدانی گەلە، كە ناكرێت دەمەتەقێی لەبارەوە بكرێت‌و ڕێگەی دەستتێوەردانیشی لێ بگیرێت. 

ئەو ڕۆڵە بۆ كەسایەتی بەرهەم ساڵح زۆر گونجاوە، كە گەرەكیەتی چاوە چاودێر و گەڕۆك و ڕەخنەگرەكە بێت، بێ ئەوەی دەستوەرداتە كاروباری دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە.

بەرهەم ساڵح پێی وایە گەشبینی بە ئایندەی عێراق واتای فەرامۆشكردن‌و چاوپۆشین نییە لە بەربەست و ئاڵێنگارییەكانی ئایندەی، كەمی خزمەتگوزاری و بێكاری و گەندەڵی دارایی و سیاسی ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرن و نكۆڵیان لێناكرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا ویستێكی نیشتمانی ڕاستەقینە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و لابردنی بەربەستەكان و بیرجەمبوون (تركیز) لەسەر هەل و پایەكانی سەركەوتن كە عێراق خاوەنیانە.

بەرهەم ساڵح وتیشی: ڕۆڵی سەرۆك كۆمار سیمبولە بۆ یەكێتی وڵات و پارێزەری دەستور و  سەروەرییەكەی، یەكخستنی كۆششەكان، هەماهەنگییەكی باشیش لە نێوان سێ سەرۆكایەتییەكەدا هەیە لەو بارەوە، "هیوامانە بەردەوام بێت بۆ بەجێهێنانی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكمانداوە لە هێنانەكایەی گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینەی باشتر لە ئێستا كە شایستەی پێگەی ئێستا عیراق و گەلەكەی بێت. ئەركی دەستوریمە چاودێر و بەدواداچوونم هەبێت بۆ كاروبارەكان و بە هیچ شێوەیەكیش لەم ئەركەدا خەمسارد نابم".

لە سایەی داكەوت و دەستێوەردانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لە عێراق، كە بۆ ماوەیەكی زۆر گۆڕەپانی جەنگ و ململانێكان بوو، بەرهەم ساڵح چۆن ئەو ڕۆڵی پاسەوان و چاودێرییە دەگێڕێت؟ ئەو پێی وایە دەبێت عێراق خاڵی بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بێت، بەشێوەیەك بەرژەوەندی و سەروەری عێراق بپارێزێت، پێگە جوگرافی و مێژووییەكەی عێراق خاوەن قووڵاییەكی ئیسلامی و عەرەبی، فرەیی‌ ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی، ئەم ڕاستییە دەسەپێنێت بەوەی عێراق دەتوانێت ئەم ڕۆڵە تەوەربەندییە بگێڕێت لە ناوچەكە و خاڵی بەیەكگەیشتن و لێكتێگەیشتنی هاوبەش بێت و ڕۆڵێكی زیندووی سەركردایەتیشی هەبێت. 

هەروەها بەرهەم ساڵح پێی وایە زۆرینەی سیاسییە عێراقییەكان هۆشیارییەكی ڕاستەقینەیان‌ هەیە لەمەڕ سازانكاری نێوان لایەنەكان و دەوڵەتانی ناوچەكە ، چونكە وێرانكاری ململانێ‌و كێشمەكێشمی پێشوویان بینیوە، كە هەموو كایەكانی كۆمەڵگای تێكوپێكداون و ئاشتی هەمووانیشی خستووەتە مەترسییەوە. 

هەتا دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش گرنگی‌ سەقامگیری عێراق هەست پێدەكەن، بۆیە ڕێگە نادەین عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلایكردنەوەی كێشەكان و ویستێكی نیشتمانیش لەو بارەوە بوونی هەیە.

سەرۆكی عێراق ئەوەشی وت: پێشتر پەیوەندی وڵاتەكەمان بە دەوڵەتانی دەوروبەرەوە لەسەر بەشبەشێنەی تایەفی و نەژادی بەندبووە و بۆتە كۆسیستەمێكیش بۆ حوكمڕانیكردن و سیاسییە عێراقییەكانیش ئەوە دەزانن. فرەیش لە عێراقدا خاڵی بەهێزییە، بەشبەشێنەش وویستی ڕاستەقینەی گەلی عێراق بەرجەستە ناكات، باوی دروشمە تایەفی و نەژاردییەكانیش نەماوە و كەس گوێیان لێناگرێت، بگۆڕی (متغیرات) هاتونە ئاراوە و پەیپێبردن و تێگەیشتنێكی گەورەش لەو بارەوە هەستی پێ دەكرێت.

لە باری پەیوەندی و نزیكبوونەوەشی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و دابەشكردنی ڕۆڵی سیاسی نێوانیان، سەرۆكی عێراق دەڵێت: دابەشكردنی ڕۆڵە سیاسییەكان پێویستیان بە سازانكاری نێوان دەسەڵاتەكان هەیە، پەیوەندیشی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی برایانە و هاوڕێیانەیە پێش ئەوەش‌ هەردووكیان پۆست وەربگرن، تەواو سازاویشن لەنێوان خۆیاندا بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی دوای داعش، ئەوان لە ئێستادا خەریكی جێگیركردنی سیستەمی پەرلەمانی ئیتحادی و سەقامگیركردنی ئاسایش و ئارامی كۆمەڵایەتین.

بەرهەم ساڵح پێشی وایە گرنگتر لە پەیوەندی كەسی پەیپێبردنە بە بنیاتنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت، چونكە پێوەرە بۆ بەهێزی دەوڵەت و تەواوكاری و وەسفكردنە دەستورییەكان، هاریكارییەكی پتەویش لە نێوان هەر سێك سەرۆكایەتییەكەی عێراقدا هەیە، كە دەوڵەت بە دامەزراوەیی بكرێت و پاڵپشتی حكومەتیش بكرێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆگرامی چاكسازی و خزمەتگوزاری.

سەبارەت بە حەشدی شەعبیش سەرۆكی عێراق پێیوایە، حەشد پێكهاتەیەكی سەربازییە لە چوراچێوەی كۆسیستەمی ئەمنی دەوڵەتی عێراقدا، بە یاساش ڕێكخراوە كە ئەو هێزە سەر بە هێزە چەكدارەكانی عێراقە، دەبێت قوربانییەكانیان لەبەرچاو بگیرێن لە شەڕی داعشدا. بەڵام دەبێت سازانێكی نیشتمانی هەبێت بە پەیوەستبوون بە بنەمای قەتیسكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا لە جوغزی كۆسیستەمە ئەمنییەكەدا، هەر هێزێكی دەرەوەی ئەو كۆسیستەمەش بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

لە بارەی هەڵویست لە بەرامبەر حەشدی شەعبیش، كە گرێدراوی هەردوو هەڵوێستی ئەمریكا و ئێرانیشە، سەرۆك كۆمار گووتی هەردوو دەوڵەت پێگەیەكی بەهێزیان هەیە ، ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە، ئێرانیش بە گوێرەی لۆژیكی جوگرافی هاوسێیەتی، دەستوری عێراقیش ڕێگەی دەستتێوەردانی بە هیچ لایەنێكی دەرەكی نەداوە، لە بەرژەوەندیماندایە توندی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە ململانێكارەكان كەمكەینەوە لە ناوچەكەدا، كۆسیستەمێكیش پەیڕەو بكەین كە لە بەرژەوەندی ئابوری و ئەمنیماندا بێت.

سەبارەت بە كرانەوەی عێراقیش بە ڕووی دەرەوەدا و بەزاندنی تیرۆر بەرهەم ساڵح وتی: باوەڕێكی تەواوی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە، كە هەركات دەستبار بۆ یەكدیكە بگرین، دەكرێت تیرۆر ببەزێنین، هەموو هێزەكانی عێراقیش بەشداربوون لە بەزاندنی ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییە، بۆیە چوارچێوە عەرەبی و نێودەوڵەتییەكە هەستی بە گرنگی ئەو پرسە دەكەن و شانازیش  بە پاڵەوانییەتی و ئازایەتی عێراقییەكان دەكەن، پرسی دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە وێرانكراوەكانیش ڕێگری لە تیرۆر دەكات و یارمەتیدەری سەقامگیری و ئارامیشە، پشتیوانی عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتیش بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە پێویستە.

سەبارەت بە كرانەوەی عێراق بە ڕووی قوڵاییە ئیسلامی و عەرەبییەكەوە بەرهەم ساڵح وتی:  عێراق ئەم هەنگاوەی دەستپێكردووە و ئاكامیشی هەبووە، سەردانەكانی بەرپرسانی عەرەبی بۆ عێراق كۆمەلێك لیكتێگەیشتنی لە وبوارە جۆراوجۆرەكان بە گشتی لە بواری ئابووری هێناوەتە ئاراوە،‌ عێراقیش دەرگای بۆ هەموویان واڵایە كە بێن وەبەرهێنان بكەن كۆمپانیاكانیان بخەنەگەڕ.

سەبارەت بە گەڕانەوەی عێراق بۆ سەر شانۆی ڕۆشنبیری بەرهەم ساڵح وتی: ئەمە لە كارە لەپێشینەكانی سیاسی و حكومیمانە و دەمانەوێت عێراق ببێتەوە مەڵبەندێكی داهێنانی مرۆیی و هونەری و زانستی.

سەبارەت بە ڕاهاتنی لەگەڵ ژینگەی بەغدای پایتەخت دوای چەند مانگێك لە سەرۆكایەتی، بەرهەم ساڵح دبلوماسییانە گووتی بەغدا پایتەختی عێراقە و سیمبولی یەكگرتووی ووڵات‌ و فرەییە نیشتمانییەكەیەتی و خاوەن باق و بریق و مێژووی خۆیەتی، خەڵكەكەی مرۆڤدۆست و باشن. سلێمانیش ئازیز و جوانە، لەوێ لەدایك بووم و پەروەردە بووم و فێربووم، خاوەن پێگەیەكی تایبەتە لە دڵی مندا.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە