یان ناتۆ یان ئێس ٤٠٠
هۆشداری توند لەئەمریكاوە بۆ توركیا

جیهان

04/04/2019‌ 3072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای ئەوەی توركیا رایگەیاند، پابەندە بەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیس ٤٠٠ی روسی بكڕێت ، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا هۆشدارییەكی زۆر توندیدایە توركیا.

مایك پێنس لەمیانی لێدوانێك رایگەیاند، دەبێت توركیا لەنێوان ئەوەی وەك هاوبەشیك لەناو ناتۆدا بمێنێتەوە، یان یان لەڕێگای بڕیاری هەڵەوە، ئەو ئەندامێتییەی لەناو ناتۆ بخاتە مەترسییەوە .

جیگری سەرۆكی ئەمەریكا راشیگەیاند، ئەگەر بێت و توركیا مامەڵەی كڕینی سیستەمی مووشەكی ئێس ٤٠٠ی روسی تەواو بكات ، ئەوە مەترسی لەسەر هێز و توانای ناتۆ دروست دەكات ، بۆ ئەوەش دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكەن لە بەرنامەی فڕۆكەی ئیف ٣٥ دەربكرێن .

ماوەیەكە توركیا هەوڵی كڕینی سیستەمی موشەكی ئێس 400 دەدات، كە بەهێزترین سیستەمی موشەكی بەرگری جیهانەو تەنیا روسیا هەیەتی، ئەوەش ئەمریكای نیگەران كردووە.

پێشتریش بەرپرسێك لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا واشنتۆن بەڕوونی بەتوركیای راگەیاندبووە، هەنگاونانی بەرەو تەواوكردنی گرێبەستی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیس ٤٠٠ی روسی وادەكات توركیا لە بەرنامەی فرۆكەی ئێف ٣٥ی ئەمەریكی دووربخرێتەوە و لەداهاتووشدا هیچ مامەڵەیەكی فرۆشتنی چەكی ئەمەریكی لەگەڵ ناكرێت ، تەنانەت ئەگەری هەیە سزاسی بەسەردا بسەپێنرێت .

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز مەولود چاویش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پیشنیازێكی خستووەتە بەردەم واشنتۆن بەوەی لیژنەیەكی هونەری دروست بكرێت ، ئەو لیژنەیە ئەوە دیاری بكات، كە ئایا ئەو سیستەمە مووشەكییە تاچەند هەڕەشەیە لەسەر  جبەخانەی سەربازی وڵاتە یەكگرتووەكان و ناتۆ .

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس وەزیری دەرەوەی توركیا جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی سەرەرای گوشارەكانی واشنتۆن، وڵاتەكەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیس ٤٠٠ی روسی هەر دەكرێت .

چاویش ئۆغڵو لەوتەیەكیدا كۆڕبەندی توێژینەوەكان لە واشنتۆن كە بەبۆنەی یادی حەفتا ساڵەی دامەزراندنی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی "ناتۆ" سازكرابوو وتی: " مامەڵەی كرینی سیستەمی ئیس ٤٠٠ ی رووسی تەواو بووە و پاشەكشەی لێناكەین".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی