بەرپرسانی توركیا دان بەخراپی پەیوەندی وڵاتەكەیان لەگەڵ ئەمریكا دەنێن

جیهان

06/04/2019‌ 1502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسە توركەكان دان بەهەبوونی كێشەیەكی راستەقینەدا دەنێن لەگەڵ ئەمەریكادا بەهۆی هەڵوێستەكانی ئەنقەرە لەمامەڵەی رۆكێتەكانی روسیا، سەرەرای ناكۆكی جەوهەری پەیوەندیدار بەهەڵوێستەكان سەبارەت بە كوردەكانی سوریا و هەڕەشەكانی ئەنقەرە بۆ سەر ناوچەكانی رۆژهەلاتی فورات.

بەرپرسە ئەمەریكییە دیارەكانیش لە نێویاندا وەزیری دەرەوە مایك پۆمپیۆ ئەوە دووپاتدەكەنەوە، كە كڕینی سیستەمی ئێس 400 ی روسی لەلایەن ئەنقەرەوە مانای وایە فڕۆكەی جەنگی ئەمەریكی ئێف-35 نادرێت بە توركیا، كەچی بەرپرسە توركەكان لێدوانەكانیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەو جۆرە فرۆكانەیان دەست كەوتووە، لەلایەكی ترەوە بابەتە تەنیا راهێنانی فرۆكەوانە توركەكانی تێپەڕاندوە و هێشتا فرۆكەكان لە بنكەكانی ئەمەریكادان.

لەئێستادا فرۆكەوانە توركەكان راهێنان لەسەر فرۆكەی جەنگی ئێف -35 دەكەن لە بنكەی لۆكی ئاسمانی لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمەریكی، سەرەرای هەبونی فەرمانبەرانی تر كە لە بواری چاككردنەوەدا راهێنان دەكەن.

وەزیری بەرگری توركیا، خەلوسی ئاكار دەلێ: تاكو ئێستا وڵاتەكەی سێ فرۆكەی جەنگی ئێف-35 ی لە چوارچێوەی پرۆژەكەدا رادەست كراوە، و بریارە فرۆكەی چوارەمیش رادەست بكات. ئەم لێدوانەی بۆ رۆژنامەنوسان لە میانی سەردانێكی رەسمیدا هات بۆ كۆسۆفۆ و بەسەركردنەوەی هێزەكانی توركیا لەو ولاتەدا.

پێش ئەوە، ئەنقەرە كاری لەسەر خستنە روی گێڕانەوەیەكی بێ وردەكاری كردوە لە چاوپێكەوتنی پۆمپیۆ لەگەڵ هاوتا توركیەكەی چاویش ئۆغلۆ لە ئەمەریكا بۆ خستنەرووی ئەوەی بابەتەكانی نێوان هەردوو وڵات بە ئارامی بە رێوە دەچێت. بەڵام پۆمپیۆ دووبارە دووپاتیكردەوە گێڕانەوە ئەمەریكیەكە تەندروست ترەو هۆشداری ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی توركیا داوە، هەر پرۆسەیەكی تاكلایەنە لە سوریا لێكەوتەی وێرانكەری دەبێت.

جگە لەوەش، پۆمپیۆ لەكاتی كۆبونەوەكەیدا لەگەڵ هاوتا توركەكەی داوای چارەسەری خێرای كردوە بۆ كێشەی هاوڵاتیە ئەمەریكایەكان و فەرمانبەرە لۆكاڵیەكان لە نێردە دیبلۆماسیەكان؛ ئەوانەی بە بێ تاوان دەستبەسەر كراون.

ئەوانەی گرنگی بە كاروباری توركیا دەدەن، دەڵێن: ئەنقەرە دەیەوێ توندی جیاوازیەكان لەگەڵ واشنتۆن خاوو بكاتەوە، مەبەست لەمەش پێش پێگرتنی كاریگەریە نەرێنیەكانە بۆ دروست بوونی هەركێشەیەكی نوێ لەگەڵ واشنتۆن لەسەر ئابوری توركیا كە چەند گورزێكی یەك لە دوای یەكی بەركەوت بەهۆی هەڵوێستەكانی سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان.

ئەردۆغان رۆژی هەینی دووبارە گەڕایەوە سەر هەڵوێستەكانی كاتێ وتی : ئەمەریكا هەوڵی ئەوە دەدات دەست لەكاروباری ناوخۆی توركیا وەربدات، پێویستە پایەند بێت و سنوری خۆی نەبەزێنێ، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ لێدوانەكانی جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا (رۆبەرت بلادینۆ)، كاتێ ئەوەی دووپات كردبۆوە - هەڵبژاردنێكی ئازادو پاك و بێ خەوش بنەمایە بۆ سەرجەم دیموكراتیەتەكان، واتە رەزامەند بوون لەسەر ئەنجامە رەواو یاساییەكان بابەتێكی پێویستە، لەمەش كەمتر چاوەڕێ لە توركیا ناكرێت.

سەرچاوە: العرب
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا