ئایا پڕۆسە سەربازییەكەی تەرابلوس تەنگژەی لیبیا یەكلاییدەكاتەوە؟

جیهان

06/04/2019‌ 1877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كاتێكدا هەمووان چاوەڕیی كۆنگرەی نیشتمانی ئیپڕیلی ئایندە بوون لە لیبیا،خەلیفە حەفتەری سەرۆكی سوپای نیشتمانی لیبی فەرمانیدا هێزەكانی بەرەو ڕۆژئاوا بەرەو تەرابلوس بجوڵێن بۆ پاككردنەوەی لە میلیشیا چەكدارەكان. 

ئەو جوڵانە سەربازییە هاوكاتیش بوو لەگەل سەردانەكەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێسی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا. جوڵانە سەربازییەكەی حەفتەر پەیامی سیاسی بەهێزن بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە چاوەڕوانی كۆنگرەی ئایندەیە‌، حەفتەر بەو جوڵە سەربازییەی ئاگربڕی دەكات لە ئەگەری لایەنگیری نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا بە سەرۆكایەتی غەسان سەلامە بۆ لایەنێك لە لایەنەكان، یان لەوانەیە كۆنگرەكە ببێتە هۆی فراوانبوونی ڕۆڵی ڕەووتە ئیسلامییەكان، لە ڕووی ئەمنیشەوە حەفتەر وویستی سوود لەو سەركەوتنە سەربازیەی وەرگرێت لە جەنگی سوپای لیبیا دژ بە تیرۆر بۆ سنورداركردنی بڵاوبوونەوەی ڕێكخراوە چەكدارەكان لە پایتەختی لیبیا، لەسەر ئەم بنەمایە لەوانەیە پڕۆسە سەربازییەكەی سەر شاری تەڕابلوس ببێتە دەروازەیەك بۆ یەكلاییكردنەوەیەكی سیاسی و ئەمنی ڕاستەقینەی تەنگژەی لیبیا.

پڕۆسە سەربازییەكە زۆر ئاماژەی ئەمنی و سیاسی هەڵدەگرێت كە كاریگەری و لێكەوتی زۆری دەبێت لە ماوەی ئایندە بۆسەر هاوكێشەكانی هێزە جۆراوجۆرەكان.
لەوانەیە هەنگاوێك بێت بۆ جوڵاندنی دۆخی چەقبەستووی لیبیا كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵی ڕاهاتوو و خاوەن ڕیبازێكی ڕوون و ئاشكرا نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو كەلێنانەی لە نێوان سەرە زلەكانی ئەو دامەزراوەدا هەن‌، وە ئارەزوونەكردنی بە كۆتایهێنان بە دۆخی پاشاگەردانی و گێرانەوەی سەقامگیری لە ووڵاتی لیبیادا.

ئانوساتی دەستپێكردنی پڕۆسەكەش جێگەی تێرامانە، چونكە زۆر لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی تەنگژەی لیبیا كەوتونەتە ناكۆكی و ملبەملەی توندەوە كە پەیوەستە بە ڕۆڵی هەر یەكێكیان بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی كاروباری ئەو ووڵاتە  بە گوێرەی ئەجێندا و دیدگای تایبەتی خۆی، ئەمەش بووە هۆی دوڕدۆنگییەكی  سیاسی گەورەی(لێكترازان و لێكدووركەوتنەوەی سیاسی)  نێوان لایەنە ناكۆكەكان لە نرخاندنی تەنگژەكە و سەرچاوەكانی و قورسایی بكەرەكانی، ئەمەش ڕێگەچارەی تەنگژەكەی بەرتەسكتر كردەوە و وای كرد پێشدەستییەكانی چارەسەری تەنگژەكە بەردەوام نسكۆبەرن و شكست بێنن.

حەفتەر ئەرێنییانە مامەڵەی لەگەل ئەو پەیامە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆیانەدا كرد كە لە چەند لایەنێكی جیاوازەوە پێی گەیشتن سەبارەت بە ڕۆڵی خۆی لە بەرەنگاربوونەوە تیرۆردا، هاندان بوو تاوەكو لەسەر ڕێچكەكەی بەردەوام بێت و سەركەوتنی زیاتر بەدەست بێنێت، ئەمەش  زیاتر حەفتەری هاندا جۆگەلەی ئەو خوێنە بوەستێنێت كە ناوەناوە لە تەڕابلوس ڕێچكە دەبەستێت، ئەمە جگە لەوەی سوپای جەزائیر تووشی تەنگژەیەكی سیاسی ناوخۆی هات و ئەو ڤیتۆیەشی پەكخست كە لە ئەگەری هەڵكشانی تەنگژەی لیبیادا، نیازی بوو بەكاری بێنێت بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆخی ئەو ووڵاتە، ئەمەش هانی حەفتەریدا ئەو هەلە بقۆزێتەوە و پێش لەدەستچوونی كات كاروباری پایتەخت ڕێكبخاتەوە.

پلانڕێژییەكانی فەڕەنسا
فەڕەسنا لە پێشەوە‌ی ئەو دەوڵەتانە بوو كە لە دوای كۆتاییهاتنی كۆنگرەی پالیرمۆ لە ئیتالیا لە نۆڤەمبەری ڕابردوو، پەیامی ڕازامەندی خۆی بۆ حەفتەر نارد كە بەهێزی سەربازی بچێتە تەڕابلوسەوە، لەوانەیە ئەو هەنگاوەی پاریس ئارەزووكردنی بووبێت بۆ لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی ڕۆڵی ڕۆمای كێبڕكێكاری، سنوردانان بۆ تەشەنەنەكردنی ڕێكخراوە چەكدارییەكان، پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ‌ خەلیفە حەفتەر كە ڕوخسارەكانی لە جەنگەكانی درنە و باشوور دەركەوتن، هەروەها سەرەوژێركردنی مێزەكە بەسەر ڕێكخراوە تیرۆرستییەكاندا.

پێشتر حەفتەر چەند ئاماژەیەكی لە هێزە هەرێمییەكانەوە پێگەیشتبوو كە پەنا بۆ هێرشی سەربازی نەبات بۆ سەر تەڕابلوس، هەتا پەیمامی پشتگیری فەڕەنساش لەو بارەوە ڕوون و ئاشكرا نەبوو، بۆیە لەوانە بوو ئەمە تەلەیەكی گەورە بێت بۆ حەفتەر ، چونكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاسانی ڕازی نابێت بە چوونە ناو شارەكە بە زەبری هێزی سەربازی ، بە هەڵگەڕانەوەیەكی سەربازیش لە قەڵەم دەدرێت كە سۆزی دەوڵەتان دەجوڵێنێت بۆ گرتنەبەری هەنگاوی توند و زبر بەرامبەر حەفتەر. 

پلانڕێژی فەرەنسا وابوو كە ئەگەر بە ئاسانی حەفترە چووە شاری تەڕابلوسەوە، وەك ئەوەیە پاریس خەڵات كرابێت، خۆ ئەگەر ئەم هەنگاوە شكستیخوارد و تووشی بەرەنگاری توند بۆوە ، هەموو هێزە چەكدارەكان شەكەت و لەرزۆك و ماندوو دەبن، ئەو كات لەوانەیە هەلەكانی چارەسەری سیاسی بەختێكی باشتریان هەبێت.

هەندێك سەرچاوەی لیبی پێیان وایە پێویستە چوونە ناو تەڕابلوس بەزۆر نەبێت و لەسەر بنەمای داواكاری لایەنیك یان چەند لایەنێك بێت، بە لێكتێگەیشتن بێت لەگەڵ ئەوانەی كلیلی پایتەختیان بەدەستەوەیە، چونكە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی لیبیا خاوەن ڕوخساری تایبەتی خۆیەتی و دەبێت رڕێزی لێ بگیرێت.

سەركردەكانی سوپای لیبیا ئەو پەیامەیان هەرس كردبوو، بۆیە چەند جارێك ئارامییان گرت لەوەی بچنە پایتەختەوە، چونكە كۆنتڕۆڵكردنی پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەكلاییكەرەوە هەیە دژ بە هەندێك هێزی تۆكمە، لە پێش هەمووشیانەوە هەماهەنگیكردنی تەواوە لەگەڵ میسڕاتە كە دەستێكی درێژی هەیە لە پایتەختدا، هەروەها هاوكاری گەورە لەگەڵ فەتحی پاشاغای وەزیری ناوخۆ كە ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە خاوكردنەوەی بارگرژییەكانی پایتەخت و بەرتەسككردنەوەی هەژموونی میلیشیاكان لە چەند مانگی ڕابردوودا، چونكە ئەو خۆی خەڵكی‌ میسڕاتەیە، بەمەش‌ پشتیوانی هۆزگەرایی پێویستی هەیە تاوەكو بتوانێت لە بەرامبەر فایز سەراجی سەرۆكی حكومەتی لەسەرسازاوی لیبیا بوەستێتەوە.

سەركەوتن لە هێرشكردنە سەر باشوور هانی سوپایدا بیر لە هێرشكردنە سەر تەڕابلوسیش بكاتەوە، بە تایبەتی كە بە سوك و ئاسانی و خێرایی سەركەوتنەكە بەدەستهات و پەیامی پشتیوانیش لە چەند لایەكەوە گەیشتن، هەڵكشانی بێ متمانەیش بە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا، خاوخلیچی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە گرتنەبەری ڕێوشێنی پێویست بۆ چارەسەری دۆخەكە.

كۆششەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕێگەی غەسان سەلامەی نێردەی تایبەتەوە‌ لە دیدی زۆرێك لایەنەوە نەزۆك و بێ بەرهەم بوون، لاگیری بوو بۆ چەند لایەنێك دژ بە لایەنی دیكە، ئەمەش نەرێنیانە  بەسەر دیداری ئایندەی چاوەڕوانكراوی هێزە لیبییەكاندا شكایەوە كە وا بڕیار بوو لە غدامیسی ڕۆژئاوای لیبیا لە ماوەی نێوان 14 بۆ 16 ی ئیپڕیل ببەسترێت، هەندێك هێزەی ناوخۆی و هەرێمیش پێی ڕازی نەبوون.

ئەو هێزانە پێیان وایە ئەو ڕووداوانە پێشەكییەكن بۆ فرانبوونی ڕەووتی ئیسلامی سیاسی، دوورخستنەوەی ئەو قەوارە‌ سیاسییانەی توانیویانە سەركەووتوبن لە بنیاتنانی هەژموون لە ناو هاوكێشەی لیبیادا، زەقكردنەوەی خەلیفە حەفتەرە كە لیبییەكان وای دەبینن تەرازووییەكی گرنگی هاوسەنگكردنی سەربازییە و پارێزەرێكی زیندووی چالاكە، تەنها كەسیشە بتوانێت چەتە چەكدارەكان ببەزێنێت كە لە هەوڵی‌ پاراستنی دەستكەوتە مادییەكانیاندان.

ڕاستكردنەوەی ئاراستەی كۆنگرە چاوەڕوانكراوەكە
سەركردەی سوپای لیبیا پەی بەوە برد كە كۆششی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەرپەرشتیكردن و دیاریكردنی ئانوساتی كۆنگرەكە لەوانەیە لایەنی سیاسی تازە بێنێتە ناو هاوكێشەكەوە بەوەی هەندێك لایەنی ناڕازی لەو كۆنگرەیە دوورخستنەوە، ئەمەش هۆكارە بۆ بەرتەسككردنەوەی هەژموونی حەفتەر كە بە هۆی سەركەوتنە سەربازییەكانی لە بەرە جیاوازەكاندا بەدەستی هێناون.

پڕۆسە سەربازییەكەی تەڕابلوس چەند ڕۆژێكی كەم پێش كۆنگرە چاوەڕوانكراوەكە ڕیسەكە‌ی ڕێسرا، پەیامێك بوو بەوەی كە ئەگەر ڕۆڵی حەفتەر‌ لەبەرچاو نەگیرێت بەربەستی جۆراوجۆر دروست دەبن و دەرهاویشتەكانی كۆنگرەی غدامیس جیبەجێ ناكرێن كە هەلی كۆتایین بۆ شكست یان سەركەوتنی نێردەی نێونەتەوەیی بۆ لیبیا.

ئامانجی جوڵە سەربازییە ئەنجامدراوەكە بۆ چوونە ناو تەڕابلوس، بۆ پێشبڕیكردن بوو لەو دەرئەنجامە چاوەڕوانكراوانە، یان دەستكارینەكردنی ئەمری واقع بوو كە پێگەیەكی دانسقەی بە سوپای لیبیا بەخشیووە و ناشێ و نابێت یەكسان بكرێت بە هیچ هێزێكی دیكەی هەلپەرست و بێسەرەوبەرە كە لە هەوڵی جڵەوگیركردنی دیداری ئایندەدان، لەوانەشه ڕۆڵی سیاسی ئایندە لە بن دەستی حەفتەر دەرێنن.

وتاری ڕاگەیەندراوی سەركردایەتی سوپای لیبیا دووپاتی ئەوە دەكاتەوە پڕۆسە سەربازییەكە ئامانجی كۆتایهێنانە بە هەژموونی ئەمنی میلیشیاكان كە لە پایتەخت كەڵەكە بووە، بۆتە ژمارەیەكی قورسیش لە زۆرێك لە هاوسەنگییە سیاسییەكان، ئەمەش بە هەموو جۆرێك لە لایەن هێزەكانی دژە تیرۆرەوە ڕەتدەكرێتەوه، نایانەوێت لەژێر هیچ پەرەدەپۆش و دەمامكێكی ئەمنیدا چاوپۆشی لەو هێزانە بكرێت كە لەوانەیە ببنە بەربەستێك لەبەردەم ئەو چارەسەرانەی ڕێگری لە هەژموونی ئەو چەتە چەكدارانە دەكەن.

پڕۆسە سەربازییەكەی تەڕابلوس بۆ دووپاتكردنەوەی باڵادەستی سوپای نیشتمانییە لە جڵەوگیری دۆخەكەدا، دوای ئەوەی لە ڕۆژهەڵات و باشوور لەم كارەیدا سەركەوتوو بوو، جگە لە ڕۆژئاوا شوێنێكی دیكەی نەماوە كۆنتڕۆڵی بكات، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئامانجی‌ تەڕابلوسی پایتەختە، بەو ئامانجەی هەموو خاكی لیبیا بكەوێتەوە بن دەستی دامەزراوەیەكی سەربازی یەكگرتوو.

چ ئەوەی حەفتەر سەركەوتوو بێت لە چوونە ناو تەڕابلوس یاخود نا، لە هەردوو بارەكەدا ئەو پڕۆسە سەربازییە تەنگژەی لیبیا هەنگاوێك دەباتە پێشەوە، هەنگاوەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەر ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە لیبڕاوانەتر مامەڵە لەگەڵ تەنگژەی لیبیادا بكرێت.

پڕۆسە سەربازییەكەی تەڕابلوس هۆشداری ئەوەیدا كە ئەو ڕیبازەی شەرعیەتی سیاسی بە كەتیبە چەكدارەكان دەبەخشێت مایەی ڕەزامەندی نییە، بێ دەنگبوونیش لە ئاست دەستتێوەردانەكانی قەتەر و توركیا لە پاڵپشتیكردنی گروپە تیرۆرستییە چەكدارەكان و پارەداركردنیان هێندە نابات و كۆتایی دێت، چونكە ڕێخۆشكەرە بۆ ڕەووتی ئیسلامی كە لە دەروازەی پشتەوە بێنەناوە و بەربەست بخەنە بەردەم دونیابینی نیشتمانی ، چاوپۆشینیش لە ڕۆل و پێگەی دامەزراوەی سەربازی یەكپارچەیەی خاكی لیبیا دەخاتە مەترسییەوە، ئەوەی گرنگیشە ڕاستكردنەوەی ئاراستە چەوتەكانە‌ ئەگەر بۆ تاوتوێكردن بخرێنە بەردەم كۆنگرەی ئایندە. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر