بڕیاری بەتیرۆرست ناساندنی سوپای پاسداران كاردانەوەی زۆری لێدەكەوێتەوە

جیهان

08/04/2019‌ 1559 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە حاڵەتی ڕاگەیاندنی خستنە لیسی تیرۆری پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی لە لایەن ئەمریكا، بڕیارەكە كاردانەوەی زۆری دەبێت، كە ئەو كاردانەوانە مەترسین بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پێگەی ئەلەكترۆنی هەواڵگری ((دیبكا))ی ئیسڕائیلی ئەوەی ئاشكراكردووە،‌ كە ئەگەر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا سووربێت لەسەر خستنە لیستی تیرۆری پاسەوانی شۆڕشی ئێرانییەوە، بڕیارەكە ئاكام و لێكەوتی خراپی دەبێت بۆ سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش سوریا و عێراق.

پێگە ئیسرائیلییەكە باسی ئەوەشی كردووە، كە ئەگەر ئەو هێزەی ئێران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە ، ئەوە یەكەم كارێكی بێ پیشینەیە لەمێژوودا، كە باڵێكی سەربازی دەوڵەتێكی بێگانە وەك ڕێكخراوێكی تیرۆرستی هەژمار دەكرێت، ئەمەش وا لە ئێران دەكات ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئەمریكا بكات، چ ئەو هێزانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن یان هەموو سوپای ئەمریكا.

پێگەكە ئەگەری هێرشكردنە سەر هێزەكانی پاسەوانی شۆرشی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە عێراق و سوریا لە لایەن ئەمریكاوە بە نزیكتر زانی، ئەمەش كاریگەری دەبێت بۆسەر ئابووری ئێرانی و هەناردە نەوتییەكانی ئێران، واتە ئامانجەكە‌ ئابوورییە نەوەك تەنها سەربازی و سیاسی.

پێگە هەواڵگرییەكە ڕوونیشیكردەوە، كە ئەگەر ئەمریكا ئەوە ڕابگەیەنێت ، ئەوا بانكە عێراقی و ئەوروپییەكان پێ كاریگەر دەبن، بە تایبەتیش ئەو بانكانەی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەكەن، هەروەها ئەو كەسانەش كە مامەڵە لەگەڵ ڕژێمەكەی تاران دەكەن.

پێگە عیبرییەكە، كە پەیوەندییەكی پتەوەی لەگەڵ دەزگای هەوالگری ئیسڕائیلدا هەیە ئەوەشی گووت كە ئەو بڕیارە هێرشی سوپای ئیسڕائیل بۆ سەر هێزەكانی ئێران لە سوریا زیاتر دەكات و پەلدەهاوێژێت بۆ ناوچەكانی ڕۆژئاوای عێراق، بەو پاساوەی هەندێك لە میلیشیا شێعەكانی سەر بە ئێران لەژێر سەركردایەتی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانیدا لەو ناوچەیەدا ‌ جێگیرن.

سەرچاوە: سپۆتینگ
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە