گەورەترین پرۆسەی بردنی ماڵی گشتی‌و سپیكردنەوەی پارە لەعێراق هەرادەنێتەوە

عیراق

10/04/2019‌ 2032 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەیەكی عێراقی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەكی ئاگادار باسی گەورەترین پرۆسەی بردنی ماڵی گشتی و شوشتنەوەی پارەی كردووە كە تێیدا بانكێكی حكوومی تێوەگلاوە بە بەوەی بڕی ١،٨ ملیار دۆلاری خستوۆتە سەر حسابی بانكێكی ئەهلی .

ئەو سەرجاوەیە باسی لەوە كردووە، كە چیرۆكەكە لەوێوە دەستی پێكردووە كاتێك ئیدارەی چاودێری شتنەوەی پارە كە سەر بە بانكی ناوەندی عێراقە ، بەدواداچوونی كردووە بۆ حەواڵەكردنی گوماناوی پارە لە بانكێكی حكوومییەوە بۆ سەر حسابی بانكێكی ئەهلی .

بەپێی سەرچاوەكە ئەو پارەخستنە سەر بانكە ئەهلییەكە وایكردووە كە لەنێوان ماوەی شوباتی ٢٠١٤ بۆ حوزەیرانی ٢٠١٤.ئەو بانكە بەشداری بكات لە زیادكردنەكانی دراوی بانكی ناوەندی كە برەكەی گەیشتۆتە ١،٥ تریلیۆن دیناری عێراقی .

هەمان سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كەبەپێی ئەو بەڵگانەی دەستكەوتوون لەهەمان ماوەدا ئەو حەواڵە دەرەكییانەی بەناوی ئەو بانكە ئەهلییەوە تۆماركراون گەیشتۆتە ١،٨ ملیار دۆلار ، بەڵام بێئەوەی هیچ هۆكارێكی روون هەبێت كە سەرچاوەی ئەو پارەیە باس بكات ، یان ئامانجی ئەو حەواڵەكردنە روون بكاتەوە كە نێردراوە بۆ بانكێكی ئەهلی عەرەبی .

سەرچاوەكە دەڵێت " ئیدارەی چاودێری شتنەوەی پارە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناو بانكی ناوەندی لە بابەتەكە ئاگادار كردۆتەوە ، بەڵام بانكی ناوەندی لەوەڵامدا گوتوویەتی كە ئەركی ئەو نییە بەدواداچوون بۆ سەرجاوەی دارایی ئەو كەسانە بكات كە پارە لە بانكە ئەهلییەكان دادەنێن . بەڵكو ئەركی ئێمە تەنیا چاودێری گواستنەوەی پارەیە .

دوای سێ مانگ لەو حەواڵەكردنە گەورەیەی پارە و بەتایبەت لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤ دا ، بانكی ناوەندی دانی بەوەداناوە كە وەرگرتن و حەواڵەكردنی ئەو برە زۆرە لە پارە لەلایەن بانكێكی ئەهلییەوە بەبێئەوەی سەرچاوەكەی دیار بێت هەڵە بووە ، لەبەر ئەوە لەداهاتوودا ڕێگە بەو جۆرە حەواڵەكردنەی پارە نادرێت .

لەدرێژەیدا ئەو سەرچاوە باس لەوە دەكات كە مانگی تسرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ دا ئیدارەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی شتنەوەی پارە لە بانكی ناوەندی عیراق داوای لەو بانكە عەرەبییە كردووە كە پارەكەی بۆ حەواڵە كراوە كە وردەكاری ناو و ژمارەی بانكی ئەو لایەنانەی پێبدات كە پارەكە لەبەرژەوەندیان حەواڵە كراوە ، لەبەرانبەردا بانكە عەرەبییەكە گوتوویەتی كە ئەوان هیچ شتێك لەسەر ئەو كەسانە نازانن كە پارەیان بۆ نێردراوە ، تەنانەت ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە ئەوان دڵنیا نین كە هەر لە بنەرەتدا ئەو پارەیە حەواڵە كراوە یان نا .

ئیدارەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی شتنەوەی پارە لە بانكی ناوەندی عیراقیش رووی كردۆتە دەستەی باجەكانی عێراق ، تا بزانێت كە ئایا لەرووی باجەوە هیچ حیسابێكیان لەگەڵ ئەو كەسانە كردووە كە سات و سەدایان لەگەڵ ئەو بانكە ئەهلییە هەیە ، تا سەرچاوەی ئەو پارەیە و هۆكاری بەكارهێنانی لەوێدا بدۆزنەوە ، بەڵام لیژنەكە لەوێش هیچ وەڵامێكیان دەست نەكوتووە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی