بەهۆی ترسەوە كەسێكی بەریتانی ١٠٠ كیلۆ لەكێشی دادەبەزێت

جیهان

11/04/2019‌ 1221 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەسێكی بەریتانی لەترسی مردن زیاتر لە ١٠٠ كیلۆگرام لەكێشی دادەبەزێنێت ، ئەوەش دوای ئەوەی چەند چیرۆكێكی دەربارەی مردنی ئەو كەسانە بیستووە، كە بەدەست قەڵەوییەوە ناڵاندوویانە.

رۆژنامەی "Daily Mail"ی بەریتانی باسی لەوە كردووە، كە كریگ مۆدی تەمەن ( ٤٢ ساڵ) لە شاری بلاكبێرن ، لەماوەی یەك ساڵدا ١٠٨ كیلۆی لەكێشی دابەزیوە ، ئەوەش لەترسی ئەوەی، كە رەنگە وەك ئەو كەسانە بمرێت بەهۆی گرفتاربوونیان بە قەڵەوییەوە مردوون .

مۆدی وتوویەتی: تەمەنم ٤١ ساڵ بوو كێشم ٢٠٩ كیلۆگرام بوو ، خواردنی سەرەكیم خواردنە خێراكان و چپس و كولیچە بوو .

كریگ دوای ئەوەی بەهۆی خراپی رەوشی تەندرووستییەوە گوستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە ، هەستی بە مەترسی ئەو جۆرە ستایلەی ژیانی خۆی كردووە ، پزیشكێكیش لەسەر ئەو بارودۆخە تەندرووستییەی تێیدا بووە هۆشداری داوەتێ و پێی گوتووە كە ئەگەر بێت و یارمەتی جەستەی خۆی نەدات ئەوە ژیانی دەكەوێتە مەترسییەوە ، ئەو پزیشكە ئەوەی بە كریگ گوتووە  كە پێشتر دوو نەخۆش لەهەمان نەخۆشخانە كە كێشیان لەویش كەمتر بووە بەهۆی  قەڵەوییەوە گیانیان لەدەستداوە .

ئەو قسەیەی پزیشكەكە كاریگەرییەكی قوڵی لەسەر دڵ و دەروونی كریگ داناوە و لەوساتەوە ترسی ئەوەی بۆ درووست بووە كە لەهەر ساتێكدا بێت ئەگەری ئەوەی هەیە بمرێت ، هەربۆیە هەر لەوكاتەوەی كە لە نەخۆشخانە بووە دەستی كردووە بە خواردنی سەوزە و میوە ، دوای ئەوەش كە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە سیستەمی خۆراكی خۆی گۆڕیوە ، ئەوە جگە لەوەی دەستی كردووە بە راهێنانی وەرزشی ، و تا وایلیهاتووە ئیستا كێشی بۆتە سەد كیلۆگرام .

كریگ وتوویەتی: بۆ شكڵ و شێوەی پێشووم داوای لیبووردن دەكەم ، ١٠ ساڵی ژیانم بەفیڕۆ چوون ، ئیستا دەمەوێت بە سەرنشینەكان بگەمەوە '.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی