پارتی دەیەوێت گۆڕان‌و یەكێتی رازی بكات
بەدوای چارەسەرێكی ناوەندی بۆ چارەسەری كێشەكان دەگەڕێت

کوردستان

11/04/2019‌ 1713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات دەیەوێت بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت رازی بكات، بۆ ئەوەش بەدوای چارەسەرێكی ناوەندی بۆ چارەسەری كێشەكان دەگەڕێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس دوای ئەوەی پارتی بەدانانی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكێتی رازی بووەو گۆڕان ناڕازایی دەربڕیوە، ئێستا دەیەوێت چارەسەرێكی ناوەندی بۆ ئەو كێشە بدۆزێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بۆ ئەو مەبەستە پارتی لەگفتوگۆی بەردەوامداوەو رەنگە لەم هەفتەیەش شاندێكی ئەو حیزبە سەردانی سلێمانی بكات، كە رەنگە شاندەكەش خودی نێچیرڤان بارزانی كاندیدی سەرۆكی هەرێم لەپشكی پارتی سەرۆكایەتی بكات.

پارتی ماوەی رابردوو لەگەڵ گۆڕان رێككەوت‌و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ دیاریكرد، دواتر یەكێتی لەگەڵ هەمان حیزب رێككەوت، بەو مەرجەی جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت‌و بدرێت بەكاندیدی خۆی.

پارتی بەو پێشنیازە رازی بوو، ئەوەش كێشە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت، چونكە گۆڕان ناڕازی بوو، بەوەش هەوڵەكانی هەمواری یاسای هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستانی دواخست.

هـ ـ ح