رێباز حەملان دڵنیایی لەبارەی دابەشكردنی موچە دەدات

کوردستان

11/04/2019‌ 1312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان دەڵێت: هەموو موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمەوە، كە موچە بەردەوام دەبێت و بە تەواوی دەدرێت بە بێ پاشەكەوت و بێ دواكەوتن.

رێباز حەملان دەشڵێت: لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكمان نییە پێشینەكان لەفەرمانبەران وەربگرینەوە، وتومانە لەداهاتوو دۆخی موچە خۆران و هەرێمی كوردستان چووەوە سەر سكەكەی خۆی، بەڵام لەم كاتەدا هیچ بەرنامەیەكمان نییە وەریبگرینەوە.

قسەكانی حەملان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا هەروەها وەزیری دارایی و ئابووری ڕەتیكردەوە هیچ فراكسیۆنێك یاداشتی دابێتە وەزارەتەكەی بۆ وەرنەگرتنەوەی قەرزی پێشینەكان و وتی: لەهیچ فراكسیۆنێك و پەرلەمانتارێكەوە یاداشت نەدراوەتە وەزارەتی دارایی و حكومەت، ئەوەی باس دەكرێت لەژێر فشاردا ئێمە وەرگرتنەوەی پێشینەكانمان ڕاگرتووە، ئێمە خۆی هەر بڕیارمان نەداوە لەئێستادا ئەو قەرزانە وەرگرینەوە تا بكەوینە ژێر فشارەوە و لە ئێستاشدا وەری ناگرینەوە.

ڕێباز حەملان ئەوەش دەڵێت: دەبێت ئێمە لە گفتوگۆكانمان لەداهاتوو لەگەڵ بەغداد لەبیرمان نەچێت، كە تەئكید لەوە بكەینەوە حكومەتی عیراق هۆكاری یەكەمی پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتی موچە بووە، چونكە بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی خۆ ئەگەر بودجە-شی بڕی دەبوو هەر موچەی بناردایە، بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم دەستیكرد بەدانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان دەبێت بەشە زۆرەكەی حكومەتی عیراق ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرێت.

 سەبارەت بە پێشبینی بۆ كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، ڕێباز حەملان وتی: ئەم كابینەیەی ئێستا بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ڕووبەڕووی زۆر ئاستەنگ و گرفت بوەوە، بەڵام توانی تێیپەڕێنی و زۆری كێشەكان چارەسەر بكات‌و بەڕاستی دیاریكردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم "شەخسیەتێكی" خاوەن بڕیارەو كەسایەتییەكی زۆر دوربین و وردبینە، "بۆیە من پێم وایە حكومەتی داهاتووش حكومەتێكی بەهێز دەبێت لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیە دەبێت كە بتوانێت كێشە كەڵەكەبووەكانی ڕابردوو وە ئەو ئاستەنگانەی دێتە بەردەمی چارەسەریان بكات وە ئەو دانوستانە گرنگەی لەگەڵ بەغداد دێتە ئاراوە ئەوان بەڕێوەی دەبەن".

هـ ـ ح