لەبەغدا بێ ئومێد بووە.. پارتى دەیەوێت لەرێی عەرەب و تورکمانەکانەوە بگەڕێتەوە کەرکوک

کوردستان

11/04/2019‌ 2351 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکانى کەرکوک دوور لەچاوى میدیاکان کۆبوونەوەو دەیەوێت لەرێى ئەوانەوە بگەڕێتەوە کەرکوک.

 

کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتیدیموکراتى کوردستان بەمیدیاکانى حزبەکەى راگەیاندوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە لەگەڵ شاندێکی حزبی تورکمان ئیلی بە سەرۆکایەتی ڕیاز ساری کەھیە سەرۆكی حزبەكە کۆبوونەتەوە و تیایدا لەسەر چەند خاڵێک ڕێككەوتوون ھەردوولا کار بکەن بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی پەلە بکات لە جێبەجێکردنی چەند خاڵێك.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ڕێككەوتوون داوا لە حكوومەتى فيدراڵ بكرێ پەلە لە پرۆسەى ئاساييكردنەوەى کەرکوک لەرووى سەربازى و ئەمنى، سياسیەوە.

 

کۆبوونەوەکەى پارتى و لایەنە عەرەبى و تورکمانەکان دوور لە چاوى میدیاکان بەرێوەچووەو تیایدا پارتى هەوڵى بەدەستهێنانى رەزامەندى و پشتیوانى ئەولایەنانەى داوە رەوانەکردنى شاندێک بۆ بەغدا، ئەوەش دواى بێ ئومێدبوونى پارتى لە حکومەتى عێراق بۆ بردنە دەرەوەى هێزەکانى لە کەرکوک.

 

بەپێى زانیارییەکانى شارپرێس کە لەسەرچاوەیەکى سەرکردایەتى پارتى لە کەرکوک دەستیکەوتووە، شاندى پارتى چەند جارێک چاوى بە بەشێک لەلایەنە عەرەب و تورکمانەکان کەوتووە بۆ ئەوەى فشار لەسەر حکومەتى عێراق بکرێت دۆخى کەرکوک ئاساییى بکرێتەوە.

 

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشى کرد، ئامانجى سەرەکى حزبەکەى ئەوەیە دۆخى کەرکوک ئاسایی بکرێتەوەو پارتى بگەڕێتەوە بارەگاکانى خۆى لەو شارە و ئاشکراشى دەکات پارتى لەهەوڵى بەردەوام دایە لەگەڵ ئەو لایەنانەى کەرکوک تا بتوانن پارتیش بگەڕێتەوە بارەگاکانى خۆى.

 

لەبارەى کاتى گەڕانەوەى پارتیش  بۆ کەرکوک سەرچاوە بەرپرسەکەى پارتى جەختیکردەوە، پارتى و کەرکوک دوانەیەکى لێکدانەبڕاون، بەڵام دەبێت ئەگەر دۆخى تەواوى کەرکوکیش ئاسایی نەکرێتەوە ئەوا پێویستە بارەگاکانى پارتى چۆڵ بکرێن.

 

لەماوەى چەند مانگى رابردوودا پارتى و یەکێتى چەندین هەوڵیان داوە بۆ بەدەستهێنانى پشتیوانى لایەنە عەرەبى و تورکمانەکانى شارەکە، بەڵام هیچ هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە.

لەدواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرەوە پارتى بارەگاکانى لە کەرکوک چۆڵکردو هێزەکانیشى لەو شارە کشاندەوە، لەو کاتەوە تائێستاش پارتى نەگەڕاوەتەوە شارەکە بەبیانوى داگیرکردنى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى عێراقەوە.

 

هەروەها بەهۆى پێداگیر پارتى لەسەر نەگەڕانەوەى ئەندامەکانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک پرسى دانانى پارێزگارێک بۆ شارەکە پەکى کەوتووە کە بەر کوردو لەناو کوردیش بەر یەکێتى کەوتووە.

س.هـ